یەكێتی دەتوانێت؟

هەندرێن شێخ راغب
  2018-12-28     2662


عێراق لەبەردەم كۆچێكی گەورەی دانیشتوانە، كە شەپۆل شەپۆل دەست پێدەكات، بەپێی زانیاریە ژینگەیەكانی ئێمە كۆچی یەكەم سێ ملیۆن دانیشتوانی پێنج پارێزگای عەرەبنشین بەهۆی نەمانی ئاو، دەبێت شارو ناوچەكانیان چۆڵ بكەن، هاوكات بەبیابان بون لەبەصرەو دەوروبەری دەستی پێكردووەو سەیر بكەن یەكێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەصرە ئاوە..توركیا لەرێگای دروستكردنی پڕۆژەی گاپ هەردوو روباری دیجلەو فورات دەگرێتەوە، ئەمە بەیەكجاری عێراق دەخنكێنێت.



دوای راپەڕینی 1991 باشوری كوردستان، بەهۆی شەڕی قێزەونی براكوژی دوو زۆنی ئیداری‌و حزبی دروست بون، ئێستاش ئەم دوو زۆنە وەك خۆی ماون، بۆیە لەسلێمانی یەكێتی‌و هێزە چەكداری‌و ئیداریەكەی حاكمە..
ماوەی (27) بیست‌و حەوت ساڵە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كارتێكی عێراقی‌و كوردستانی زۆر گرنگی لەدەستە، كە هەردوو بەنداوی دوكان‌و دەربەندیخانە، بەڵام هیچ كاتێك ئەم كارتەی بەكارنەهێناوە..
ئەمڕۆ وەزیری ئاوی عێراق سەردانی هەردوو بەنداوەكەی كرد، زۆر تەنگاوی ئاون، بۆیە ئێستا كاتیەتی كارتی ئاو بەرامبەر عێراق زۆر هێمن‌و وردو دبلۆماسیانە بەكاربهێنین، وەك : 



1-بەرامبەر دۆخی كەركوك، وەستانی تەعریب‌و سڕینەوەی بڕیارەكانی دوای 16ی ئۆكتۆبەر.
2-بابەتی ناوچەكانی دیكەی وەك دووزخورماتوو..خانەقین‌و ناوچەكانی دیكە، كە ئیدارەی كوردو پێشمەرگە بگەڕێتەوە.
3-مافە دەستوریەكانی كورد لە عێراق، هەر بۆ نمونە مافی پێشمەرگەو دەستكاری بودجە.
4-زۆر ماف‌و شتی تر..دەكرێت سود لەكارتی ئاو وەربگرین.



لەوانەیە پرسیاری ئەوە بكرێت خۆ ئەم دوو بەنداوە سەر بە حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێمن‌و پێویستە حكومەتی هەرێم وەك كارتی سیاسی سودی لێوەربگرێت، بەڵام راستی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگرین كە بەداخەوە حزبە دەسەڵاتدارەكان لە حكومەت بەهێزترن و ئەوان دەتوانن ئەم دۆسیانە بجوڵێنن.بۆیە دەكرێت بپرسین ئایا بەرامبەر دۆخی كەركوك‌و دانانی پارێزگارو ئاسایی كردنەوەی ناوچە كوردستانیەكان، یەكێتی دەتوانێت هەڕەشەی بڕینی ئاو لە عێراق بكات‌و سود لە كارتی ئاو وەربگرێت، یان پارتی بەنداوی موصل بكاتە هەرەشەیەك بۆ دۆخی شەنگال؟ كە لە ئێستادا عێراق زۆر زۆر پێویستی بەئاوەو كۆچی ملیۆنی بەڕێوەیە بەهۆی نەمانی ئاوەوە؟؟. من حەقی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەم نیەو لای یەكێتی خۆیەتی. خۆیان باشتر زانیاریەكان دەزانن‌و لەوانەیە من تەنها بیرۆكەو پێشنیارێك بێت كە لەروی كوردستانی‌و نەتە وەیی سودی لێوەربگرین نەوەكو حزبی.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×