رێككه‌وتنه‌كان هێشتا كۆتاییان نه‌هاتووه‌

ئاراس فەتاح
  2019-10-18     338

رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان ئه‌مریكا و توركیا، ڕێككه‌وتنی نێوان ترامپ و ئه‌درۆگانه‌ بۆ ڕزگاربوونی هه‌ر یه‌كه‌یان له‌و قه‌یرانه گه‌وره‌ و قووڵانه‌ی كه‌ پێگه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یانی به‌ شێواز و قووڵایی جیاواز له‌ ناوه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌دا له‌قكردووه‌. هه‌ردوو سه‌رۆكه‌كه‌، ترامپ و ئه‌ردۆگان، له‌ قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ناوخۆیی سیاسیی و نێو‌نه‌ته‌وه‌یی ئه‌خلاقییدا ده‌ژین، چونكه‌ ڕای گشتیی جیهانیی به‌ توندی ئاگربارانی سیاسه‌ته‌ ته‌عه‌سوفییه‌كانیانی له‌ رۆژئاوای كوردستاندا كردووه‌. هاوكات ئه‌م ڕێككه‌وتنه‌ هه‌وڵێكه‌ به‌ ئاراسته‌ی ڕزگاركردنی په‌یوه‌ندیی توركیا به‌‌ رێكخراوی ناتۆشه‌وه‌، چونكه‌ په‌یوه‌ندی ئه‌م دوو سه‌رۆكه‌ پۆپۆلیسته‌ خه‌ریك بوو سه‌ری ناتۆش بخوات.

رێككه‌وتنه‌كه‌ جگه‌ له‌ ئه‌ردۆگان و ترامپ دڵی هیچ یه‌كێكی تری له‌ گه‌مه‌كه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان خۆشنه‌كردووه‌، وه‌كو ترامپ له‌ تویتێكدا بانگه‌شه‌ی ده‌كات. له‌م رێككه‌وتنه‌دا جگه‌ له‌ هه‌ردوو به‌ره‌ی ئه‌مریكیی و توركیی، ئیمزای هیچ بكه‌رێكی سیاسیی و ده‌وڵه‌تێكی تری به‌سه‌ره‌وه‌ نییه‌. له‌م ڕێككه‌وتنه‌دا ترامپ و ئه‌ردۆگان ئیملای داهاتووی رۆژئاوای كوردستان و سنووری باكووری سوریا به‌ته‌نها ده‌كه‌ن. بۆیه‌ „به‌ڕێكه‌وت“ و ده‌قیق له‌ كۆتارۆژی١٢٠ سه‌عاتییه‌كه‌ی كه‌ ئه‌مریكا و توركیا بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان‌ دایانناوه‌، قه‌یسه‌ره‌ نوێكه‌ی ڕوسیا، پوتین، سوڵتانه‌كه‌ی توركیای بۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو داوه‌تكردووه،‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ شاری سۆتشی له‌سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش، وتووێژ له‌سه‌ر دۆخی ڕه‌شی سوریا و هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا بكه‌ن. پێده‌چێت پوتین ده‌یه‌و‌ێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی ده‌ستكه‌وێت ئایا ئه‌م رێككه‌وتنه‌ چه‌نده‌ دژ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌سه‌ده‌ و ده‌وڵه‌تی سوریایه‌ كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی روسیا ئاماده‌كرا؟ چۆنیش ده‌توانرێت سه‌روه‌ریی ده‌وڵه‌تی سووریی له‌ناو ئه‌م رێككه‌وتنه‌دا بپارێزرێت كه‌ به‌مانای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژییه‌‌كانی روسیا دێت.

رێككه‌وتنه‌كان هێشتا كۆتاییان نه‌هاتووه‌، چونكه‌ واقیعی ئاڵۆزی سیاسیی له‌ سوریا ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه‌ دڵخۆشكردنی دڵی سه‌رۆكێك یان دووان، مانای دڵخۆشبوونی هه‌موو هێز و سه‌رۆكه‌كانی تر ناگه‌یه‌نێت.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×