ئەگەر تیرۆریش نەتكوژێ‌، گەندەڵی کوشتویتی!

رێبوار محەمەد
  2019-10-18     804

عێراق‌و كوردستان لەریزی هەرە پێشەوەی ئەو وڵاتانەدان كە گەندەڵی‌و مەحسوبیەت‌و مەنسوبیەت‌و حوكمی حزب‌و بنەماڵەكان دایخوراندون، بەپێی ئەو راپۆرتانەی شەفافیەتی نێودەەوڵەتی‌و میدیا سەربەخۆكان لەعێراق‌و كوردستاندا بڵاودەكرێنەوە سەدان ملیار دۆلار لەماوەی 15 ساڵی رابردودا لەلایەن تۆڕێك مافیای ناو حزب‌و حكومەتەكانەوە لوش دراوە‌و سەدان ملیۆنەرو ملیاردێریان بەشێوە خێراكەی عێراق‌و كوردستان دروست کردوە، بێ‌ ئەوەی ئەم ملیۆنەرو ملیادێرانە بەڕێگەی مەشروع رەنجیان دابێ‌ یاخود بچوكترین داهێنانیان كرد بێ‌!


لەعێراق‌و كوردستانیشدا هەرچی سەروەت‌و سامانی سەر زەوی‌و ژێر زەوی‌و ئاسمانیش هەیە قۆرغ كراوە بۆ چەند خێزان‌و حزبێكی باڵادەست، كە رۆژ بەرۆژ لەسایەی ئەم دۆخە شێواو بێ‌ یاسایی‌و لێنەپرسینەوەیەدا قەڵەوترو دەوڵەمەندترو گەورەتر دەبن.


لەبەرامبەریشدا زۆربەی هەرە زۆری گەنجان خەمی یەكەمی ژیانیان دۆزینەوەی هەلی كارە، دۆزینەوەی سەرچاوەیەكی داهات‌و بژێوییە تا لانیكەمی پێداویستییەكانی رۆژانەیان بۆ دەستەبەر بكات. ئەم نەوە گەنجە‌و زۆربەی هاوڵاتیان كە تا دێ‌ رق‌و توڕەیی بەرامبەر بەگەندەڵی‌و نادادپەروەریی گەورەو ئەستورتر دەبێ‌، لەناخی خۆیاندا هەموو رۆژێك هەستدەكەن ئەگەر لەماوەی ئەم چەند ساڵە پڕ لەپشێویی‌و جەنجاڵییەی عێراق‌و كوردستانیشدا، دەستی تیرۆر نەیكوشتبن ئەوا دەستی گەندەڵی تیرۆری كردون.


راگرتن‌و بەردەوامبونی ئەم دۆخە زۆر زەحمەتە، گەنجان لەعێراق‌و لەكوردستانیشدا ناڕازین، بەسەرنجدان لەو ناڕەزایی‌و پشێویی‌و نادادپەروەریی‌و جەنگ‌و شەڕەی زۆربەی ناوچەكەی گرتوەتەوە.


خەڵك گەشتوەتە تینیان، لەعێراق‌و كوردستانیشدا توسکایی هیوا بەدیناکەن. لەعێراق‌و کوردستانیشداهیچ ناوەندێكی چاودێری‌و لێپێچینەوەی راستەقینە بەەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن‌و میلیشیاكان‌و حزب‌و بنەماڵە بەهێزەكانەوە بونی نییە، بۆیە هیچ ئاسۆیەك بۆ چاكسازیی‌و بەدیهێنانی لانیكەمی دادپەروەریی بەدیناكرێ‌، گەندەڵی‌و ئەوانەی بەرژەوەندییان لەگەندەڵیدایە، زۆر بەهێزترو گەورەترن لەو هەوڵانەی بۆ چاكسازی دەدرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×