ئەخلاقی پزیشکيی

ئارام سدیق
  2019-10-22     1110
چەند سەرنجێک بەبۆنەی دانانی پەیکەری د. جەمال ڕەشید لەسلێمانی
چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ هاوڕێیەکمدا چوومە کلینکی پزیشکێک کە نرخی بلیتی کلینکەکەی تەنها بیست هەزار دینار بوو، بۆ ئەوکات و بۆ ئەو هاوڕێیەم نرخەکە گران نەبوو، بەڵام بە سەرنجدانم لە نەخۆشەکانی دیکە بۆم دەرکەوت بۆ بەشی هەرە زۆریان نرخەکە گرانە و نیگەرانی لە سیمایاندا دەخوێنرایەوە و ناوە ناوەش گوێم لە مقۆمقۆی گرانی نرخی کلینکەکان دەبوو. پاش ماوەیەک کە لەگەڵ ئەو هاوڕێیە چوومەوە بۆ کلینکی هەمان پزیشک، پزیشکەکە لەوێ نەما بوو و کلینکەکەی گواستبوەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی نوێی تایبەت و نرخی بلیتیش لە 20 هەزار دینارەوە ببووە 35 هەزار دینار بەرزکرابوویەوە. ئیدی لەوێدا هەڵوەستەیەکم کرد. 

ڕاستە هاوڕێکەم دۆخی دارایی تاڕادەیەک باش بوو، بەڵام من بیرم لەو چەندین نەخۆشەی دیکە دەکردەوە، کە ناتوانن بەو بڕە پارەیە بێنە ئەم کلینکییە. لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدات ئایا پزیشکەکان لە پێناو دەستکەوتنی سوودی ماددی زیاتردا دەبنە پزیشک و بە جۆرێک لە جۆرەکان بازرگانی دەکەن؟ یان ئەرکەکەیان شتێکە بەرزتر لەو شتانە؟

بێگومان پزیشکەکان مافی خۆیانە دوای چەندین ساڵ خوێندن و هەوڵدان دواجار بەری ڕەنجی خۆیان بچننەوە، بەڵام شتێک هەیە پێی دەوترێت ئەخلاقی پزیشکی و ویژدانی مرۆیی، کە ئەمە دوورە لە عەقڵیەتی بازرگانیکردن بە ژیانی نەخۆش و هەوڵدان بۆ دەستکەوتی زیاتری ماددی تەنها لەسەر ژیانی مرۆڤە هەژار و بێدەرەتانەکان.

یەکێک لەو پزیشکە نموونەییانەی شاری سلێمانی د. جەمال ڕەشیدە، کە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بەردەم نەخۆشخانەی منداڵانی شاری سلێمانی پەیکەرێکی بۆ دانرا. ئەم پزیشکە نموونەیەکی دیاری ئەو پزیشکە بە ویژدان و بە ئەخلاقانە بوو، کە بە هەزاران نەخۆشی بەبێ بەرامبەر چارەسەر دەکرد. ئەو تا دوا هەناسەکانی خزمەتێکی بەرچاو و بەرفراوانی منداڵانی سلێمانی کرد. لە یەکێک لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانیدا باس لەوە دەکات "کرێکارێک ڕۆژێک تا ئێوارە کار دەکات و عارەق دەڕێژێت بیست هەزار دینار وەردەگرێت، ئایا دەکرێت ئێوارە ئەو بیست هەزار دینارە بداتە پزیشکێک کە تەنها چەند خولەکێک سەیری منداڵە نەخۆشەکەی دەکات و چارەسەرێکی بۆ دەنووسێت."

بێگومان ئەمەیە ئەخلاقی بەرزی پزیشکی و نموونەی مرۆڤی دڵسۆز و خەمخۆری وڵات و لەبیر نەکردنی چینی هەژاری کۆمەڵگە و بیرنەکردنەوە لە دەوڵەمەندبوون لە ڕێی کاری پزیشکییەوە. ئەوەی لەم پزیشکەوە فێردەبین تەنها یارمەتیدانی نەخۆش و بیمارەکان نییە، بەڵکو دەشێ ببێتە نموونەیەک بۆ سەرجەم پزیشکانی دیکە و دانانی ئەم پەیکەرەش لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی کە ساڵانێکی زۆر خزمەتی نەوە یەک لە دوای یەکەکانی سلێمانی کردووە، دەشێ هەنگاوێک بێت بۆ ئەوەی پزیشکەکانی دیکەش، کە دڵنیام بەشێکی هەرە زۆریان چەشنی ئەم پزیشکە مرۆڤی بە ویژدانن و هەڵگری ئەخلاقی بەرزی پزیشکین، بەڵام دەبێتە کار و کردارەکانی د. جەمال بکرێنە نەریت و سەرجەم پزیشکانی دیکە پەیڕەی لێ بکەن.

ئەو هەوڵە زۆرەی بۆ بەتایبەتکردنی کەرتی تەندروستی هەیە دەبێت بەر لە هەر کەسێک پزیشکان ڕووبەڕووی ببنەوە و دژی بوەستنەوە و خزمەتەکانیان لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا زیاتر و زیاتر بکەن. ئەو هەوڵەی بەشێک لە پزیشکە سەرمایەدارەکان (کە خۆشبەختانە نوخبەیەکی کەمن) دەیدەن بۆ ئەوەی کەرتی تەندروستی بەرەو کەرتی تایبەت و قازانجویست بەرن، دەبێت ڕێگری لەپەرەسەندنی بگیرێت، کە د. جەمال یەکێکە لەو لەو پزیشکانەی دژی ئەم جۆرە کارانە بوو.

هەنووکە قەیرانەکانی کۆمەڵگەی کوردی تا دێت زیاد دەکات و ئەگەر کەرتی تەندروستیش بەتەواوی، یان بەشی هەرە زۆری ببێتە کەرتێکی تایبەت ئیدی قەیرانەکانی قووڵتر دەبێتەوە و فشاری سەر تاکەکانی کۆمەڵگە زیاتر دەبن، کە ئەمەش دەبێتە هۆی سەختبوونی ژیانی ئاسایی. ئێمە پێویستمان بە زیادبوونی ژمارەی پزیشکی بازرگان نییە، بەڵکو پێویستمان بە زیادبوونی پزیشکە لە چەشنی د. جەمال و لەم چەشنە پزیشکە دەبێت نموونەیان زیاد بێت.

دواجار دەستخۆشی بۆ د. تەها ڕەسووڵ کە ئەرکی سپۆنسەری پەیکەری د. جەمال ڕەشیدی لە ئەستۆ گرت و دەستخۆشیش بۆ هونەرمەند پەیکەرساز "چێنەر نزار"، کە ئەرکی جێبەجێکردنی لە ئەستۆگرت، کە توانیان کارێکی نموونەیی پێشکەشی سلێمانی بکەن و ڕێز و بەها بۆ ئەخلاقی بەرزی پزیشکی بگێڕنەوە و نموونەیەک پێشکەش بکەن کە پزیشکانی دیکەش هان بدەن چاو لەم پزیشکە بکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×