كوردانی ڕۆژئاوا لەبەرامبەر داڕمانی ئاكاری سیاسی نێودەوڵەتیدا

د. سەیران تەها ئەحمەد
  2019-10-22     655
گەورەترین كارەساتی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لە ئێستادا تێك شكاندنی پرەنسیپ و ئەخلاقیاتی سیاسیە، ئەو پرسیارەی هەموو كاتێك دروست دەبێت سەبارەت بەوەی كە چۆن دەتوانرێت پڕەنسیپی ئاكاری بەسەر كارە سیاسی و مرۆییەكاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ دەكرێت. 

لەبەر چاوی جیهانەوە گەورەترین پێشلكاری لە مافەكانی مرۆڤ و هەوڵی پاكتاوی ڕەگەزی و لەناو بردنی ناسنامەی كورد دەدرێت لەلایەن دیكتاتۆرێكی توركی فاشی كە بە عەقڵیەتی خەلافەتی عوسمانی هەنگاو دەنێت لە ئەنجامی ڕێكەوتنی نهێنی نێوان ترامپ و ئەردۆغان و پۆتین وە بە ئاگاداری ئێران و حكومەتی سوریا بووە. 

لە ناشریترین ئاكاری سیاسی داگیركاری بەكار‌هێنانی چەمكە ئایینەكانە، كە لەلایەن هەموو داگیركەرانی كوردستانەوە جێبەجێكراوە بۆ شەرعیەتدان بە كۆمەڵكوژی و كاولكاری، وەك چۆن سەدام حوسەیین ناوی سورەتەكانی قورئانی لە هێرشەكانی دەنا و جینۆسایدی كوردی دەكرد، ئێستا ئەردۆغان بەهەمان ڕێچكە سوپای دا‌گیركەری تورك بە سووپای محمدی ناودەبات، وە بەكارهێنانی مزگەوت و پیاوە ئاینیەكان و ‌گروپە تیرۆرست و جیهادی و ئیخوانیەكان بۆ پروپاگەندە و بەدەست هێنانی پشتیوانی بەكاریان دەهێنێت. كەواتە بە هەمان شێوەی ئاكاری سیاسی، ئاكاری ئایینی لە داڕمانایا، كە چۆن ئێستا دەوڵەت و حیزب و گروپە بەناو ئیسلامیەكان ئایین بۆ دەستكەوتی بازرگانی سیاسی وكۆنتڕۆڵی دەسەڵات و كپ كردنی دەنگی ناڕەزایی و ئازادییەكان بەكاردێنن. 

ئەو ڕاستیەی هەموو دەبینین كە گروپ و پارتە ئیخوانیەكانی سەر بە ئەردۆغان ئایین و بڕوا و بنەماكانی ئیسلام لە بیر دەكەن و پشتگیری لە زوڵم و كارە نامرۆییەكانی ئەردۆغان دەكەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئێستا كوا یەكێتی جیهانی  زانایانی ئیسلامی،كە سەرۆكەكەی كوردە؟ چۆن خۆیان بێدەنگ و نابینا كردووە لەبەردەم كارە ناڕەواكانی ئەردۆغان، ئایا بوێری ئەوەیان هەیە  بە ئەردۆغان بڵێن كە هێرشەكانی بەزاندنی سنورە و كارێكی ناشەرعی و دژ بە بەها و بنەماكانی ئیسلامە، كە هیچ ئاینێك ڕێگە نادات میللەتێكی موسڵمانی بێ پشتیوان و بێ دەوڵەتی وەك كورد لە بەرچاوی جیهانەوە جینۆساید بكەن، بەڵام لە كاتێكدا كە توركیا كێشەی ئابوری لەگەڵ ڕووسیادا هەبوو داوایان لە موسڵمان دەكرد بڕۆن پارە لە توركیادا سەرف بكەن؟ لە خراپترین نیفاقی ئایینی بەكارهێنانی چەمكی ئایینە بۆ بازرگانی سیاسی وبانگەشەی شەڕ و كۆنتڕۆڵی دەسەڵات. لە جیهانی ئێستادا گەورەترین گروپ و بەكرێگیراوانی بە ناوی ئایینی هەیە (هەر لە دەوڵەتی ئیسلامی و تا دەگاتە ئەو گروپانەی سەر بە ئیخوانی ئیسلامی و جەبهەی نوسڕە  یان شوێن كەتوەكانی قاعیدەوە و ئەنساری قاعیدەوە)  كە بە شیوازی نامرۆییانە كوشتن و بڕین ئەنجام دەدەن، كەواتە زۆرجار نەبوونی ئاكاری ئایینی زۆر ترسناكترە  لە نەبوونی ئاكاری سیاسی. 

ڕەنگە لە خراپی بەختی كورد بێت كە لە هەموو مێژووی ئەمەریكا سەرۆكێكی بازرگان و بێموڕالی سیاسی، ڕاڕا و درۆزنی وەك ترامپی بەخۆیەوە نەدیبێت، كە گەورەترین شەرمەزاری بۆ مێژوو وە پێگەی ئەمەریكا تۆمار دەكات. هەموو ووتەكانی ترامب دژە ئاكارێكی سیاسیە كە بە ئاشكرا دەڵێت خێرا بكەن لە داگیركاری و ڕێكەوتنی نهێنی لەگەڵ ئەردۆغان دەكات لە پێناو دەستكەوت و بەرژەوەندیە بازرگانیە تایبەتیەكانی خۆیدا،  كردەوەكانی ئەم سەرۆكە هەیبەت و مەسداقیەتی دەوڵەتی ئەمەریكای خستۆتە ژێر پرسیارەوە كە ڕێگە بە تورك دەدات كورد بكوژێت چونكە شەڕكەرێكی باشن و هاوپەیمانی ڕاستەقینەی ئەمەریكا بوون شكستیان بە داعش هێنا؟  گەورەترین شكستی ئابڕوبەرانەیە بۆ ئەمەریكای كە بانگەشەی دیموكراسی و مافی مرۆڤ دەكات ، وە یان ڕووسیایەك كە ڕۆژانێك بە سەرچاوەی فیكر و ئایدیای سۆشیالیستی و پشتیوانی ئازادی گەلان دژی داگیركاری دەناسران، بەڵام ئێستا ئەمانن خودی ئازادی گەلانی ژێردەستە دەخنكێنن وە جوانترین نموونەی دیموكراسی كانتۆنەكان و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرییەكان كە لەناو جەرگەی فیكری تیرۆری داعشی و كەلتورێكی دواكەوتوودا دروست بوون لەناویان دەبەن و ناچار و تەسلیمی دەسەڵات و سوپای سوریایان دەكەن؟   

كارەساتی مرۆیی و هێرشەكانی سەر ڕۆژئاوا سیاسەتی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و خودی ناتۆ دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی  وویژدان و ئاكاری سیاسیەوە، كە چۆن ڕێگریان لە ووڵاتێكی داگیركەری وەك توركیا نەكرد، كە بە ئاشکرا پاڵپشت و بەرهەمهێنەری تیرۆرە و پشتگیری لە تیرۆرستانی دەوڵەتی ئیسلامی و گروپە هاوشێوەكانیان دەكات، وە ئاسایشی ناوچەكە و تەنانەت هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئەوروپاش دەكات. ئایا بەرپرسیارێتی ئاكاری كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی نیە كە تاوانبارێكی وەك ئەردۆغان بە تاوانباری جەنگ بناسێنێت ، وە دەبێت بەرپرسیارێتی قڕكردن ولەناوبردنی خەڵکانی مەدەنی و پاكتاوی ڕەگەزی وە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی شارە كوردییەكان بگرێتە ئەستۆ وە ئەو ڕەفتارانەش بە پێی یاسای نیو دەوڵەتی بە تاوانی جەنگ وە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام ئایا ئاكاری سیاسی ومرۆیی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی لەو ئاستەدایە؟ وە ئەو شەرعیەتەیان لە دەست نەداوە ؟

بێ مۆڕاڵی ترامپ لەوەدایە كە دەڵێت گرنگ ئەوەیە سەربازێكی ئەمەرێكی بریندار نەبێت و نەكوژرێت ئەو كاتە هەنگاو دەنێت و ئەردۆغان دەوەستێنێت؟ بۆچی دەبێت ژیانی سەربازێكی ئەمەریكی لە ژیانی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات وە لە ژیانی خەڵکانی مەدەنی و منداڵانی ڕۆژئاوا بەنرختر بێت؟ بێ مۆڕاڵی ترامپ لەوەدایە كە پاساو بۆ سیاسەتە هەڵەكانی دەهێنێتەوە، وە لێپێچینەوە لەگەڵ كورد دەكات كە چیان كردووە و لە جەنگی جیهانی بەشدارییان نەكردووە، لەكاتێكدا توركەكان بوون كە دوژمنی سەرسەختی هاوپەیمانەكان بوون و بە سەربەرزییەوە جینۆسایدی ئەرمەنەكانیان بە دڕندەترین شێوە ئەنجامدا. 

هەموو كارەساتی ئەم كاولكارییەی كانتۆنەكانی ڕۆژئاوا و ئاوارەبوونی  زیاتر لە ٢٠٠هەزار كەس و شەهید و برینداربوونی سەدان هاووڵاتیان خودی ترامپ و پۆتین لێی بەرپرسیارن كە نوێنەرایەتی گەورەترین دەسەڵاتی دوو دەوڵەتی زلهێزی جیهانن. بێ مۆڕاڵی پۆتین و ترامپ لەوەدایە كە ڕێگریان لە دەرچوونی بڕیاری ئیدانەكردنی توركیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكان گرت و ڕێگایان بە ئەردۆغان دا كە كورد لەناوبەرێت بەڵام لە سنورێكی دیاركراودا و سنوور زۆر نەبەزێنێت ؟ وە بێ مۆڕاڵی و نیفاقی ناتۆ لەوەدایە كە پشتگیری توركیا دەكەن و دەیانەوێت تاوانەكانی بەزووترین كات ئەنجام بدات چونكە توركیا لە ووڵاتە باڵا دەست و بە‌هێزەكانی ناو ناتۆیە ! وە بێ مۆڕاڵی سیاسی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بەرامبەر بە كوردەكان لەوەدایە كە سوپاكانیان دەكشێنەوە لە ناوچە كوردییەكان و ڕێگریان لە بۆردومانی ئاسمانی نەگرت دژی كوردە هاوپەیمانەكانیان كە لەبری جیهان شەڕی تیرۆری كردووە،وە زیاتر لە ١١ هەزار شەڕڤان گیانیان كردە قوربانی بۆ ڕزگار بوون  لەو گروپە تیرۆرست و داعشیانەی كە جارێكی تر لەلایەن توركیاوە  لە ژێر ناوی سوپای ئازاددا بۆ پەلاماردان و كوشتنی خەڵکانی مەدەنی گەڕێنراونەتەوە ناوچەكە، مەترسی سەرهەڵدانەوە و ژیانەوەی داعش دەرئەنجامێكی چاوەڕوانكراوە، بە تایبەتی هەوڵی نهێنی لەلایەن توركیاوە هەیە بۆ رزگاركردنی دیلە داعشیەكان و خێزانەكانیان.  

سەڕەڕای پشتیوانی میللەتانی دنیا بە خۆپیشاندان دژ بە هێرشەكانی توركیا، وە چاوەڕوانیش دەكرێت هاوكێسەی سیاسی و سیاسەتی ترامپ لە ژێر فشاردا بگۆڕێت، بەڵام پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ بەدەست هێنانی كۆدەنگی لەسەر ئاستی جیهانی بەمەبەستی دادگایی كردنی ئەردۆغان وەك تاوانباری جەنگ، وە دروست كردنی فشار لەسەر ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ كە بتوانن ڕۆڵی كاریگەری و كاردانەوەی خێرایان هەبێت لەسەر ووڵاتانی ئەندام، وە ڕسواكردنی هەڵوێست و بڕیارەكانی ترامپ و پۆتین كە بازرگانی بە مرۆڤایەتی دەكەن هیچ بەهایەكیان بۆ پڕەنسیب و بنەماكانی جاڕنامەی جیهانی و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان نەهێشتۆتەوە. وە بەرپرسیارێتی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە كە حورمەت و شەرعیەت بۆ بەها مرۆیی و نێودەوڵەتیەكان بگەڕێنێتەوە. لەم كاتەدا بەرگری لە ڕۆژئاوا و پاراستنی  تاقیكردنەوەی ڕاستەقینەیە بۆهەڵسەنگاندنی  توانای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاری كردن لە بەهای مرۆڤایەتی و مافە مرۆییە سەرەكیەكان كە لە ڕێكەوتننامە نێو دەوڵەتیەكاندا ئاماژەی پێكراوە. 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×