سوودمەند و زەرەرمەندی رێکەوتنەکەی سوچی

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
  2019-10-24     884

تەواوی میدیاکانی جیهان چاویان لە کۆبوونەوەکەی رۆژی 22 /10ی شاری سوچی-ی نێوان ڤلادیمێر پوتین-ی سەرۆکی روسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆکی تورکیا بوو. ئەم کۆبوونەوەیەش بە رێکەوتنێکی چەند خاڵی کۆتایی پێهات و کۆمەڵێک هاوکێشەی سیاسیی نوێی هێنایە ناوچەکەوە و کورد و کێشەی سوریاش بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت.

لەم کۆبوونەوەیەدا چەند خاڵێکی سەرەکیی تێدا بوو، کە گرنگترینیان جەنگی داگیرکاریی تورکیای بۆسەر رۆژئاڤا راگرت، کوردیشی لە پیلانی پاکتاوی نەژادی و کۆمەڵکوژیی رزگار کرد، لە بەرامبەردا تورکیا توانی هێزە کوردییەکان لە سنوورەکانی دووربخاتەوە، هەرچەندە پیلانەکەی بۆ دروستکردنی پشتێنەی ئەمنی و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردنشینەکان و هێنانی عەرەبە ئاوارەکانی سوریا بەو جۆرە سەری نەگرت کە خۆی پلانی بۆ داڕشتبوو، ئەمریکاش وەکو لایەنێکی دۆڕاوی جەنگەکە، سوریا و کوردی بەجێهێشت و روسیاش بووە تاکە لایەنی بڕیاردەری کێشەی سوریا و براوەی جەنگەکە .

لێرەدا دەمەوێت چەند سەرنجێک لە بارەی ئەم کۆبوونەوەیەوە دەرببڕم و سوود و زیانی ئەم رێکەوتنە بۆ کورد و ناوچەکە بخەمەڕوو:

بۆ کورد 

گەورەترین سوود کە بۆ کورد گەڕابێتەوە، راگرتنی ئۆپەراسیۆنە بێ ئامانەکەی تورکیا و چەکدارە عەرەبە ئیسلامییە توندڕەوە هاوپەیمانەکانی بوو بۆسەر ناوچە کوردنشینەکان، چونکە ئەم جەنگە ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەی بە دوای خۆیدا دەهێنا.
دووەمین دەستکەوتیش، ئەو پیلانی تورکیا کە بۆ لەناوبردنی کورد لەو ناوچانەدا و هێنانی عەرەبی هاوردەی دۆستی بۆ ناوچە کوردییەکان دایڕشتبوو، پووچەڵکرایەوە، کە ئەمەش سوودێکی گەورەی بە کورد گەیاند.

خاڵێکی گرنگی تر بۆ کورد ئەوەیە، ئەو ناوچە سنوورییانە ناکەونە ژێر چنگی تورکیاوە، بەڵکو سوپای روسیا و سوریاش بەشدار دەبن لە بەڕێوەبردن و کۆنتڕۆڵکردنیدا، واتە پیلانی داگیرکردنی ئەو ناوچانەش شكستی هێنا، کە تورکیا نەخشەی بۆ داڕشتبوو.

خاڵێکی دیکەیان ئەوەبوو کە کورد لە سوریادا رۆڵی دەبێت و پێویستە رەچاوی مافەکانی بکرێت، ئەمەش بەپێی وتەی پوتین و رێکەوتنەکە بێت، ئەمەش دەستکەوتێکی ترە بۆ کورد، چونکە لە هەموو کۆبوونەوەکانی دیکەدا تورکیا بە هەموو هێزێکییەوە دەیویست کورد هیچی دەستنەکەوێت. لە بەرامبەردا کورد بەتایبەتی هێزەکانی یەپەگە، بەشێکی زۆری خاک لەدەست دەدەن و هەزاران خەڵكیش ئاوارەبوون بەتایبەتی خەڵكی سەرێکانی و دوروپشتی، هەروەها بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی لەو ناوچانەش نامێنێت. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هێشتا کورد باش دەرچوو لەم کێشە گەورەیە، چونکە بوونی کورد لە سوریا لە نەمان نزیک ببۆوە.

بۆ تورکیا

تورکیا لەم رێکەوتنەدا کۆمەڵێک دەستکەوتی هەبوو، یەکەمیان ئەوەبوو کە هێزە کوردییەکان لەسەر سنوورەکانی دەردەکات، هەروەها خاكێكی زۆری کوردیش لەو ناوچانەی کە لەماوەی پێشوودا داگیریکردووە، دەیبات بۆ خۆی، جگە لەوەش دەسەڵاتی کورد لە سوریا کەم دەبێتەوە و چیتر وەکو جاران نامێنێت.
خاڵێکی دیکە ئەوەبوو کە توانی ئەوە بسەلمێنێت کە دەبێت لە هاوکێشەی سوریادا حسابی بۆ بکرێت و پشكی هەبێت.

بەڵام لەپەنا ئەمانەدا تورکیا لە رووی رای گشتی جیهانی چ لەسەر ئاستی حکومەتەکان و چ لەسەر ئاستی جەماوەریش زەرەرمەندی سەرەکی بوو، بۆ هەموو جیهان ئاشكرا بوو، کە دەوڵەتێکە هەوڵی لەناوبردنی گەلێکی تر دەدات کە ئەویش کوردە، هیچ کاتێکیش هێندەی ئێستا تورکیا لە جیهاندا دژایەتی نەکراوە بەتایبەتی لەسەر ئاستی رای گشتی و تەنانەت هاورێکانی لە ناو ناتۆدا، لە هەمووشی گرنگتر هیچ کاتێکیش کورد هێندەی ئێستا هاوسۆزیی و پشتگیریی لەسەر ئاستی رای گشتی نەبووە، کە ئەمەش بە دڵی ئەوان نییە.


بۆ روسیا


دەکرێت بڵێین تاکە لایەنی سەرکەوتوو لەم جەنگەدا روسیا و دوای ئەویش سوریای هاوپەیمانی بوون، لەلایەکەوە بۆ هەموو جیهان ئاشكرابوو کە بڕیاری جەنگ و ئاشتی و سەرەتاو کۆتایی کەوتە دەستی مۆسکۆوە، ئەمەش گەورەترین دەستکەوتە بۆ پوتین، هەروەها روسیا لەم جەنگەدا لەسەر ئاستی جیهانیش ناوبانگێکی گەورەی بۆ خۆی پەیدا کرد و وەکو هێزێکی ئاشتیخواز دەرکەوت، چونکە توانی ئەم مەرگەساتە گەورەیە بووەستێنێت کە رووبەڕووی گەلێکی چەوساوەی وەکو کورد دەبێتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا پشتی لە کورد کرد، کە هاوپەیمانی سەرەکی بووە لە جەنگی دژ بە داعشدا.

لەلایەکی دیکەشەوە بەشێکی زۆری خاکی سوریای بە ئاسانی دەستکەوتەوە، کە باشترین و بەپیترین و دەوڵەمەندترین خاکی سوریایە، ئەمەش لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە سوودی زۆری بۆ روسیا دەبێت لە ئێستاش و لە ئایندەشدا.
هەروەها کوردی لەژێر دەواری ئەمریکای رکابەری دەرهێنا کە باشترین هاوپەیمانی ئەوان بوو و بە ناچاری چووە ژێر دەواری روسەکانەوە، ئەمەش هێزی زیاتر بە روسیا دەدات لە کێشەکەدا.

هەروەها لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشدا، دووبارە روسیا پێگەی بەهێزی خۆی پەیداکردەوە و ئێستا کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ روسیا چارەسەر ناکرێن.

هەرئەمەش وایکردووە کە بەشێکی دۆستە نزیکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەرەو مۆسکۆ بڕۆن، بۆ نموونە عەرەبستانی سعودی و ئیمارات، کە باشترین دۆستی ئەمریکا بوون، ئەوانیش باوەشیان بۆ روسیا کردۆتەوە و لە ئەمریکا بێهیوا بوون.


بۆ ئەمریکا

دەکرێت بڵێین زەرەرمەندترین لایەنی ئەم جەنگە ئەمریکایە، چونکە لەلایەکەوە لە رووی متمانە و ناوبانگەوە، ئەمریکا لە ناوچەکە و جیهانیشدا ، شکۆی بە تەواوەتی شكا و ئێستا زۆرکەم دەوڵەت متمانەیان بە ئەمریکا ماوە، ترەمپ- یش وەکو سەرۆکێکی لاواز لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکادا دەرکەوت، ئەمەش زیانی بۆی دەبێت و ئەگەری زۆریش هەیە کە لەم ماوەیەدا لەسەر کورسی دەسەڵات لای بەرن.


دەرئەنجام و دوا سەرنج

ئێستا کورد دەبێت لە رۆژئاڤادا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بکات و هەوڵبدات ئەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا هەیبووە و هێشتا بەشێکی ماوە، بیانپارێزێت و خوێندنەوەیەکی زۆر ژیرانە بۆ زلهێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بکات. باشترین بژاردەش ئەوەیە، کە هەوڵ بدات لەگەڵ رژێمی سوریا و روسیا رێکبکەوێت و مافەکانی خۆی ئەوەی بە گوێرەی قۆناغەکە مومکینە لەناو دەستووری سوریادا جێبکاتەوە، ئەمەش گرەنتییەکی باش دەبێت بۆ داهاتووی کورد لەو بەشەی کوردستاندا.
لەهەمانکاتیشدا پێویستە ئەم جەنگە ببێتە ئەزموونێکی باش بۆ کورد، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، تا هەوڵ بدات کێشەکانی لەگەڵ بەغدادا چارەسەر بکات، چونکە مەترسی گەورە بۆ کورد بوونی تورکیایە لە هاوکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکەدا، نەک شوێنی تر. هەروەها سوودیش لەو سۆزە جیهانییە وەربگرێت، کە ئێستا بۆ کورد پەیدا بووە.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×