لەبەکارھێنانی گولـلەوە بۆ بەکارھێنانی دادگا

نیاز عه‌بدوڵا
  2019-10-27     702

لەسەر سکاڵایەکی برازایەکی نێچیرڤان بارزانی و نەوەیەکی مەلا مستەفای بارزانی سکاڵایەکی بەناو یاساییم لەسەر تۆمارکراوە؛ راستەوخۆ بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشینەم لە رێگای پۆلیس فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە و گشتێندراوە بەسەر ھەولێر و سلێمانی.


ئەو بیانووەی ئێمەی وەک "تۆمەتبار" پێ ناوزەدکراوە، جگە لەوەی بەپێی ماددەی ٩ی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ تۆمارنەکراوە و بە پێی ماددەی ٢ی خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تۆمارکراوە، ئەوەی سەرنجی یاساییە "تۆمەتبارکردنمان" تەنانەت پێچەوانەی بنەمای یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان (مۆبایل) و یاسای کاری رۆژنامەنووسیشە، چونکە من وەک رۆژنامەوانێک نە بەشێوەیەکی زارەکی نە لە ھیچ نووسینێک ناوی ئەو نەوەیەی مەلا مستەفا بارزانی و برازاکەی نێچیرڤان بارزانیم نەھێناوە، بەڵکو ئەندامبوونم وەک دەستەی نووسەرانی "درەو میدیا" کراوەتە پاساوی یاسایی تەنیا لەبەرئەوەی سێ ھاوڕێی ئازا و بەڕێز و ئازادیخوازم لە سەرنووسەر و دەستەی نووسەران راپۆرتێکی رۆژنامەوانیان ئەنجام داوە. 


ھاوکات بەپێی یاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەبێ بەڵگەی تاوان ھەبێت، بەڵام لەم دۆسیەیەدا ھێند یاسا و دادگا بەکارھێندراون بۆ پێکانی ئامانجی سیاسی و حیزبی و دەستڕۆیشتوویی بنەماڵەیی، ئازادی رۆژنامەوانی و یاسای رۆژنامەوانی لە فەرھەنگی یاسایی بە تەواوی دەرکراون.

لە کۆتایی تەنیا ئەوەندە بە یادی نەوەکانی مەلا مستەفای بارزانی ئەھێنمەوە کە، ئێمە وەک تێکۆشەرێکی رێگای ئازادی و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤەکان لە دایکبووین، نە ئەو گوللانەی رۆژنامەنووسانمانی پێ تیرۆرکرا و نە ھەڕەشە و بەکارھێنانی دادگاش ئێمە لە گواستنەوەی راستییەکان و کاری رۆژنامەوانی بابەتی بۆ بەرگریکردن لە دیموکراسی و مافی گشتی ناوەستێنێ و ناترسێنێ، ئەم سکاڵایەش لەبەرامبەر رەخنەکانمانە لە سیستەمی سیاسی و داگیرکاری تورکیا لەناو خاکی ھەرێمی کوردستان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×