تورکیاو ئەمەریکا لەدوا ساڵەکانی سەد ساڵەی "لۆزان"دا

د. رزگار ئاغا
  2019-10-29     632
ئایا راوەستاندنی پیلانی داگیرکاری ناوچە کوردیەکانی رۆژئاوا تاسەرە یان کاتییە؟چی لەپشت پەردەو پەناوپەسێرەکانی جەنگدا چپە چپیەتی؟ کێ خاوەن بریارەو کێ کەوڵ سورەو کێ گزیری هاتوهاوارو تارومارە؟ ئەی رێکەوتنی نێوان ترەمپ و ئۆردوگان بۆ چیەو لەسەر چیە؟  ئایا ئەم قڕەقرە دیبلۆماسیانەی ناوە ناوە سەرهەلدەدەن بەبێ پێشەکی هۆکارەکەی تورکیایە بۆ هەنگاونان بەرەوهێنانەدی خەونی ئێمپراتۆریەتی عوسمانی یان ئەمریکایە بۆ لەباربردنی ئەو خەونە و هێنانە ئارایەکی وەهاوە کە لاپەرەی رێکەوتننامە مێژووییەکان بخاتە ئەرشیفەوە بۆ تورکیاو ناوچەکە؟ پرسیار لەسەر پێفرۆشتنی ئەو چەکە تەکنۆلۆجیە ووردە هەستیارانە(,S-400 F35) بەتورکیاو  دامەزراندنی سەرەئەتۆمیەکانی ئەمەریکا لەخاکی تورکیادا – وەک ئەڵێن؟ ئەی کارگەی چەک و تەقەمەنی تورک بۆ چیە؟و لەپێویستی چەکپۆشیی خۆی زیاتریش بەرهەم دێنێت  کە چواردەمین وڵاتی نێردەری چەکە بۆ دەرەوە!

پرسیاری زۆرهەن‌و هەر جارەی خۆیان‌و وەڵامەکانیان وەک پەراسایت شوێن‌و شێوەی خۆیان ئەگۆڕن , بۆیە چارەسەرکردنیان ئەستەمێکە تەنها بە تەواوبوونی سووڕە ژیانەکەی خۆیان تەواو ئەبێـت!

بۆ لێدوان لەم دوایین جووڵە سەربازییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا پێویست ئەکات کەمێک بۆ دواوە بگەڕیینەوە و پێهەڵگری ئەم رووداوانەی دوایی بین, هەر بە دەستپێکردن لە وتارەکەی ئۆردوگان لەسەرەتای بەھاری عەربیدا کە لێکدانەوەی لەشکرکێشیەکەی بۆ ناو سوریای بە بەشێک لە پرۆژەی رۆژھەڵاتی ناوەراستی نوێ پێناسە کرد کە خۆی بەشدارە لەو پرۆژەیەدا. بەڵام, ئاشکرایە کە ئەو ھەنگاوانە لەناو خودی تورکیا ھەندێ شکستی زەقی لێکەوتەوە ھەر لە شکستی سیاسی بە دۆڕاندنی شارەوانی ئەستەنبوڵ و جیابوونەوەی سەرکردەکانی حزبەکەی ئۆردوگان و شکستی ئابوریی بە دابەزینی دراوی لیرەی تورکی. ئەم ئاماژانە لەوەدا گرنگ بوون کە شڵەژانی پەیوەندی دەرەکی و لاوازبوونی متمانەی ناوچەکەشی لێکەوتەوە کە لە خۆیدا ئەستەمبوونی ھەژموونی تورکیا بەسەر پێکھێنانەوەی نەخشە عوسمانیەکە ئەستەم ئەکەن لە چەند ساڵی داھاتووتردا.

راسپاردنی مایک بێنس وەک جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆی ئۆردوگان ئەو ئەڵقەیەیە کە داھاتووی ئەم لەشکرکێشیە پووچ ئەکاتەوە لەھەر نیازێکی عوسمانیانە، بێنس کابرایەکی مەسیحی کە پێشتر گوشاری بەردانی قەشە برونسۆنی کرد و ھەرەشەی دواھاتی رەشی ئۆردوگانی لەگەڵ بوو. تورکیا تۆمەتباری برۆنسۆنی کرد بە ھاوکاریکردنی کودەتاکەی گولن و پشتیوانی پەکەکە. ئەگەرچی تورکیا داوای رادەستکردنی گولنی کرد بەلام ئەمەریکا گوێی بۆ داواکەی نەگرت.

ئۆردوگان لە ساتەوەختی بەردانی برۆنسون دا وتی "رێکەوتنی مەنجەب ھەڵپەسێوراوە و تەواو نەکراوە".
بەڵام دواتر جووڵەی ھاوکاریی ئەمەریکا و ئۆردوگان ڕێچکەیەکی تری گرت بە رێگەپێدانی کۆنگرس بە ترامپ بۆ فرۆشتنی مووشەکی پاتریۆت بە تورکیا و مەرجی پێداچوونەوەی تورکیاش لە مەسەلەی سیستەمی ئێس ٤٠٠ی روسی. زیاتر لەمەش، داخوازیی تورکیا لە ئەمەریکا بۆ ناوزەدکردنی گولن و پەکەکە وەک جوڵانەوەی تیرۆریستی.

پێ ناچێت ئەم ئەم جوڵە و مقۆمقۆ و قرە قڕە دیبلۆماسیانەی نێوان تورکیا و ئەمەریکا هیچ ئاسۆیەکی روونی لێوە دەربکەوێـت و بەجۆرێک دەنگەدەنگێکی نێودەولەتی ناوەتەوە کە زیاتر درێژەپێدەری ئەم دۆخە بن بەرەودۆخێکی تر و بەبێ ئەوەی بریاردەریش بن تیایدا.  زیاتر ئەم گومانانە لە نوسینێکی حوسەین شەبەکشیدا ئەبینمەوە " ترکیا فی سوریا: تاریخ یحدد المستقبل" لە " الشرق الاوسگ" بلاویکردۆتەوە.

 نووسەر باس لە هزری شوڤێنی ئەکات لە ناوچەکەدا و بە تایبەت لای عەرەب وەک سوریا و لای تورک کە تورکیای عوسمانیە. ئەوەی پەیوەستە بە لەشکرکێشیەکەی تورکەوە, چەند پەرەگرافێکن لە نووسینەکەدا و پێم باشبوو وەک خۆی بیکەم بەکوردی و لێرەدا دایبەزێنم کە کرۆکی باسەکەیە و لێڕەوە هەندێ سیمای ئەم دوادواییانەی پەیماننامەی لۆزان خۆی نمایش ئەکات لە جوولەی سەربازی و دانوستان و رێکەوتنە کاتیەکانیەوە لە سەر رۆژئاوا. 

شەبەکشی ئەنووسێـت:
"ئەمڕۆ، چوونەژوورەوەی ھێزی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا پەیوەستە بە خوێندنەوەیەکی گرنگی مێژوویی. تورکەکانیش خەونێکی جوگرافیایی خۆیان ھەیە. لە دوای جەنگی دووەمی جیھانی و وەرگرتنی تورکیا، پەرلەمانی عوسمانی لە پێش ھەڵوەشانەوەی لە ١٩٢٠دا کۆبووەوە و بریاری لەسەر نەخشەی نەتەوەیی تورکیادا، سنووری باشووری لەگەڵ سوریا و عێراق دیاریکرد بە سناجق و لیوای ئەسکەندەروونە و حەلەب و جەزیرە و موسڵ و سلێمانیەوە بەو پێیەی دەستکەوتنی باکوری لازقیە بۆ باشووری کەرکووک ھەتا سنووری ئێران بێت. لەگەڵ ئەوەدا کە "پەیمانی سیڤەر" سنووری تورکیای لەگەڵ سووریادا دیاریکرد و نەخشەکێشا، بەڵام تورکەکان رەفزیان کرد و جەنگێکیان لەسەر ئەرزی واقع بەرپاکرد بۆ گوڕینی مەسەلەکە، ئەوەبوو لەڕێی عوسبەتولئومەمەوە لە "کۆنگرەی لۆزان" دا دەستکاری ڕێکەوتننامەکە و سنووریان کرد، ئەم سنوورەی ئێستای تورکیا- سووریای لێھاتەدی جگە لە لیوای ئەسکەندەروونە کە لای سووریا مایەوە و کە لە دواتردا فەرەنسا پێشکەشی تورکیای کرد لەبەرامبەر بەشدارینەکردنی تورکیا لە شانی ئەڵمانیادا لە جەنگی جیھانی دووەمدا.

لە دوای رێکەوتننامەی لۆزانەوە تورکیا بەردەوام داوای موسڵ و سلێمانی ئەکرد و دۆسیەکان لە عوسبەتولئومەمەم مایەوە ھەتا رێکەوتننامەی ئەنقەرە کرا و تورکیا دەستی لە موسڵ ھەڵگرت لە بەرامبەر دەستکەوتنی رێژەی ١٠٪‏ی نەوتی موسڵ و کەرکووک بۆ ماوەی ٢٥ساڵ. ھەتا ساڵی ١٩٥٤ ئەیبرد بەڵام لە دوای کودەتای ساڵی ١٩٥٨وە بڕا. لەساڵی ١٩٧٤دا ڕێکەوتنێکی ناڕوون لەگەڵ عێراق كرا بە ناردنی نەوت لەڕێگەی یەکێک لە بەندەرەکانیەوە، یەکێک لە بەندە گومانلەسەرەکانی بریتی بوو لە " مافی تورکیایە بە گێڕانەوەی خاکەکانی لە کاتی ھەڵوەشانی عێراق و سووریا" لەسەر بنەمای ریفراندۆمی دانیشتوانی ئەم ناوچانە.

ئۆردوگان چەندین جار ئەوەی دووبارە کردۆتەوە کە ماوەی کارکردنی ھەموو رێکەوتننامەکانی عوسبەت ول ئومەمەم تەنھا ١٠٠ساڵە، بەم پێیە ڕێکەوتنی لۆزان لە ساڵی ٢٠٢٣ دا بە تەواوی پووچ ئەبێتەوە ( ئەگەرچی بە راشکاوی نەیوتووە) ھەرچۆن بەریتانیا ھۆنکۆنگی چینی گەڕانەوە بۆ خۆی، پۆرتوگالیش ماکاوی گێڕایەوە بۆ چین دوای تەواو بوونی سەد ساڵەکە، بە پێی ئەمەش تورکیا باوەڕی وایە کە "ماف"ی خۆیەتی ڕاپرسیەکی دانیشتووانی ناوچەکە ئەنجام بدات          (ھەرچۆن لە تەیموری رۆژھەڵات و باشووری سۆدان دا روویدا) ئەگەر خەلکی ئەم ناوچانە حەزیان بە گەڕانەوە کرد بۆ تورکیای دایک، ئەم ناوچانەش لە ئێستادا ھەریەک لە حەڵەب و ئەلب ( کە ئێستا بە کردەیی دەستی گرتووە بەسەریا) و ریفی حەڵەب و ناوچە کوردیەکانی رۆژھەڵات و باکووری فورات ئەگرنەوە لەگەڵ موسڵ و کەرکووک و سلێمانی لە عێراقدا. ئەم ھەموو جوڵانەوانەی تورک رەنگە خۆ سازدان بێت بۆ گۆڕانکاریەکان لەسەر زەوی بۆ خۆ ئامادەکردنی دوای قۆناغی تەواوبوونی ماوەی رێکەوتنی لۆزان لە ٢٠٢٣دا و ئامادەسازیی کەشێکی جەماوەری بۆ ڕاپرسیی گشتی".

ماوەتەوە, چاوەڕێ بین بۆ ساڵانی داهاتوو بەرە و ٢٠٢٣, سەیرکردنی جەنجالیەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی و لەشکرکێشی ناوەناوە و کۆبوونەوە و هاتن و چوون و هەلشاخانی لایەنە سیاسیەکان و لەگەڵیشیدا ئاوارەیی و کەمپی پەنابەریی و کوشتن و برین و سۆزی ئەم و بێمەنتی ئەوی تر بۆ ئێمەی کورد ئەنووسینەوە. بزانین لە دوای ٢٠٢٣ چی لە بەندەکانی لۆزان ئەکرێـت لە کۆنگرە و رێکەوتنامەیەکی مێژوویی نوێدا, تورکیا وەک خۆی ئەمێنێتەوە, یان تیوەکلانی شەرێکی بێ هوودە بەرپا ئەکات و دواجار بە پەیماننامەیەکی تر جێ و ڕێ و هەژموونی زیاتر لە دەست ئەدات؟ بەڵام پێ ناچێت سەد سالەیی بێـت چونکە بەرژەوەندیەکان و رووداوەکان لەمرۆدا زووتر ئەگۆڕێن! بیرمان نەچێت هەندێ لە ئاماژەکان لێرە و لەوێ لە دۆزی کوردا ئومێدبەخشانە دەرئەکەون ئەگەر هەر قسەی رووت نەبن وەک رابردوو, بەڵام وەک مێژوومان ئەڵێت بەرژەوەندیخوازیی لە ئاستی کوردا ئامانی نیە! بەڵام داواکاریی و هەوڵدان و سووربوونمان بۆ تەڕ و پاراوکردنەوەی دۆزەکەمان ئومێدبەخشن, سەرباری هەموو رێگری و ئاستەنگەکان.


* دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی/ وەزراەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×