تراژیدییای کوردستانی ڕۆژئاوا

ئارام قادر حەمەسور
  2019-11-01     1033
ـ هێزەکانی سووریای دیمۆکرات(هەسەدە)کێن؟

ئەم هێزە لە (۱۰ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱٥) دامەزراوە لە کوردستانی ڕۆژئاوا. بەپێی دەستووری فیدڕاڵی و دیمۆکراتی ڕۆژئاوا و باکووری سووریا، هێزی ڕەسمی بەرگریی کوردستانی ڕۆژئاوایە.

ئەم هێزە تێکەڵەیەکی نەتەوەیی و دینیی جیاوازە و دوورە لە هێزێکی ناسیۆنالیستیی،  هێزەکە پێکهاتووە لە کورد و عەرەب و مەسیحییەکان. بەڕێژەی نیوەی زیاتری لە کوردانی ڕۆژئاوایە و (PYD) ڕاگری سەرەکی ئەم هێزەیە. هێزەکانی (YPG)و(YPJ) دوو پێکهێنەری گرنگی ئەم هێزەن.

ژمارەی ئەم هێزە زیاترە لە (٦۰٫۰۰۰)شەست هەزار چەکداری ڕاهێنراو، ڕێژەیەکی زۆر چەکیان لە ئەمریکا وەرگرتووە.

ـ فاشییزمی تورکیی و ئەخلاقی جیهان

فاشییزم لە کورتترین پێناسەیدا، بریتییە لە سڕینەوەی بەرامبەر بەبێ بوونی هیچ ئەخلاق و ویژدانێک. واتا من تۆ دەسڕمەوە لە هەر شوێنێک بیت، هیچ ئەخلاق و دین و یاسایەک ڕێم لێناگرێت تۆ لەناوبەرم.
بەگشتیی دەسەڵاتدارە تورکەکان لە ماوەی سەدساڵی ڕابوردوو تا ئەمڕۆ بەردەوام فاشییزمانە دژیی کورد و نەتەوەکانی تر وەستاون، لە قڕکردنی ئەرمەنەکانەوە تا کورد. کورد تا ئەمڕۆش گرێیەکی گەورەی ناو عەقڵییەتی فاشییزمیی و ناسیۆنالیزمیی دەسەڵاتدارانی تورکە.

هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا درێژکراوەی ئەم فاشییزمەیە، کە دەیەوێت کورد لەناو بەرێت ئەگەر لە مەریخیش بێت. ئەردۆگان بەردەوام بە سایکۆلۆجییایەکی وێران و پارانۆییانەوە لە کوردی ڕووانیوە، ئەردۆگان قاڵبی تیرۆری کردۆتە بەری کورد، لەکاتێکدا خۆی مرۆڤکوژ و تیرۆر پەروەردەکەرە.
بێ بوونی ئەخلاقی دینیی و سیاسیی و یاسایی هێرش دەکاتە سەر نەتەوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا. ئەمەش پێچەوانەی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکانە،  هەموو جیهانیش بینەری ئەم بێمۆڕاڵییە سیاسییەن.

تورکیا بەبێ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلای ئەمریکا ئەم داگیرکارییە ناکات، ئەمریکا خەرێکە بەتەواوی لە خۆرهەڵاتی ناوڕاست دەدۆڕێت، بەتایبەتی دوایی پاشەکشەی لە ئەفغانستان و عێراق. ئەم جێهێشتنەی ئەمریکا جارێکی تر بە کورد دەڵێتەوە کە دۆستی هەمیشەییتان نیم، بەڵکو دەبێت خۆتان دۆستی هەمیشەیی ناو خۆتان بن، بەڵام تا ئێستاش بەهۆی ئەمریکاوە کورد پارێزراوە لە ناوچەکە. 
جیهان لە ئاستی ئەم داگیرکارییە هەڵوێستی گەورەی نییە، ئەوەی هەیە کۆمەڵێ هەڵوێستی پراگماتیستییە.

 مرۆڤبوون پێش دین و ئایدیاکانە، کاتێک دەبینە مرۆڤێکی تەواو کە مرۆڤبوون بخەینە پێش هەموو ئایدۆلۆژییا سیاسیی و دینییەکانەوە. کاتێک هێز و وڵاتێکی ئیسلامیی یان دیموکڕاسیی پشتگیری بۆ ئەردۆگان دەردەبڕێت، ئەوپەڕی نامرۆڤبوونە. ئەم داگیرکارییە دوور لە شەڕی ناسیۆنالیستی و دینی  دەبێت ڕیسوا بکرێت و ڕابگیرێت.

ئەردۆگان دوای لە دەستدانی ئەستەنبووڵ و ئەنقەرە و لەدەستدانی ملیۆنان دەنگ و کەرتبوونی حیزبەی خۆری بەرەو ئاوابوونە. ئێستا ئابووری تورکیا بەرەو داتەپینە و ملیاران دۆلار قەرزدارە. ئەم داگیرکارییە ناتوانێت ئەردۆگان گەورەبکاتەوە، ئێستا ئەردۆگان فاشییستێکی دۆڕاوە و مرۆڤکووژە، لەبەرگێکی دینی ئیخوانییدا دەیەوێت ڕەوایەتی بەم داگیرکارییە بدات. بە سوورەتی (فەتح)هانی سەربازەکانی دەدات، بەڵام لەکۆتاییدا وەک ستەمکارێک  سوورەتی (فاتیحا)ی لەسەر دەخوێنن.

ئێستا جیهان بێنەری فاشییزمی گەورەیە، وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا و ڕووسیا سپۆنسەری ئەم فاشییزمەن. هەموو شەڕێک بۆ بەرژەوەندییە و گرنگ نییە کێ دەکوژرێت. ئەم وڵاتانە پڕۆژە کاپیتاڵیستیەکانیان لەسەر حیسابی مردنی هەزاران مرۆڤە. چونکە فەلسەفە سیاسییەکەیان بریتییە لە"چۆن دەستکەوت پەیدا بکەین؟" بەمانا ماکیاڤیلییەکەی هەموو هۆکارێک دەگرنەبەر لەپێناو ئامانجەکانیاندا. ئامانج ڕەوایەتی هۆکارەکانە.

ـ جیهان بینەری تراژیدییایە

ئەخلاقی جیهانیی بەگشتی لە بەرامبەر فاشیزمەکانی جیهاندا لاوازە. قڕکردنی نەتەوەکان لەزۆر شوێن بەڵگەی نەمانی ئەخلاقی جیهانییە. 
ئەخلاقی جیهانی خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوەکانی پەیوەست بە ئەمانە دەبینێتەوە. کە نوێنەرایەتی مافەکانی مرۆڤ دەکەن لە جیهاندا.

ئەوەی لە  کوردستانی ڕۆژئاوا ڕوودەدات بریتییە لە داگیرکاریی و لەناوبردنی کورد. ئەوەی زیاتر ئەم تراژیدییایەی گەورەتر کردووە بێدەنگی جیهانە لەئاستی ئەم تاوانە گەورەیە. تورکیا پەلاماری وڵاتێک دەدات و گەورە و بچووک دەکوژێت و چەکی قەدەغەکراویش بەکار دێنێت و گرووپە توندڕەوەکانیش بەشداری پێ دەکات. ئەم داگیرکارییەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا گەر سەربکەوێت، کاریگەری بۆ ناوچەکە دەبێت و پێش هەموو شوێنێک هەرێمی کوردستان. 
ئەردۆگان لە بێدەنگی جیهاندا دەیەوێت بە کەللـە سەری کوردانی ڕۆژئاوا کۆشکی سووڵتانیی درووست بکاتەوە. بۆیە ئەخلاقی گشت ڕێکخراوە جیهانییەکان لەژێر پرسیار دایە. تا ئێستاش جیهان وەک بینەر سەیری ئەم تراژیدییایە دەکات.

لەهەرێمی کوردستانیش کاردانەوەکان لەئاستی پەرلەمان و حکوومەت وەک پێویست نییە و شەرمنانەیە، بەهەموو حیزبەکان نەیانتوانییوە کۆدەنگی و خۆپیشاندانێکی گەورە ئەنجام بدەن بۆ پشتیوانی کوردستانی ڕۆژئاوا. هێزەکانی (هەسەدە) بە ئازایەتییەکی زۆرەوە بەرگریی دەکەن و تورکیاش بەهەموو شێوەیەک هێرش دەکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاسا نێودەڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ. ئێستا جیهان بینەری مردنێکی تراژیدییە لە کوردستانی ڕۆژئاوا و دووبارە کورد لەخاکەکەی دەردەکرێت و دەکوژرێت، کۆچی کوردان و داگیرکاری کوردستان بەشێکی مێژووی کورد بوون.

وەک شێرکۆ بێکەس دەڵێت؛
لەوەتەی کۆچ هەیە کۆچ دەکەم 
لەوەتەی گڕ هەیە دەسوتێم
لەوەتەی خاک هەیە بێ خاکم
لەوەتەی ئاو هەیە دەخنکێم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×