مەجلسێک بێ بارزانی!

عەبدوڵای مەلا نوری
  2019-11-05     1026
ئەم مەجلیسە کە لەوێنەکەدا دیارە، لەسەرۆککۆماری عێراق‌و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان‌و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان‌و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان‌و کەسی یەکەمی حیزبەکانی هەرێم پێکهاتوە...

ئەوەی مایەی سەرنجە مەسعود بارزانی لەمەجلیسەکەدا نابینرێ! لەکاتێکدا بارزانیش کەسی یەکەمی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

پرسیار ئەوەیە؛ ئایا هۆکار چیە بارزانی بەشدار نیە؟ ئایا لەبەر بونی ئیشێکی گرنگتر پێی نەکراوە؟ یان لەبەر ئەوەیە خۆی لەکۆبونەوەکە بەگەورتر دەزانێ‌و پێیوایە دەبێ وەک مەرجەع هەڵسوکەوت بکات، پاش گفتوگۆی ناو مەجلسی سەرۆکایەتیەکان و حیزبەکان خۆی قسەی کۆتایی بکات؟!

من پێموایە هۆکارەکە ئەوەی کۆتاییە، چ خودی پارتی‌و چ حیزبەکانیش بارزانی وەک مەرجەع دەبینن‌و لەروی سیاسیەوە لەسەروی خۆیانەوە دایان ناوە.

لەئەرزی واقعیشدا ئێستا چ لەئاستی هەرێم‌و چ لەئاستی عێراقیش یەک سیاسەتی کوردی هەیە کە سیاسەتی بارزانیە.

سەرنج بدەن لەبەرئەوەی بارزانی پشتیوانی عەبدولمەهەدیەو دژی خواستی خۆپیشاندەرانە سەرجەم هێزە کوردیەکانی تریش هەروان.

هێزە کوردییەکان دو جۆرن، ئەوانەی تەزویریان کرد، ئەوانەش تەزویریان قبوڵکرد، هەردو پشتیوانی عەبدولمەهەدین چونکە چاوپۆشی لەدزینی نەوتی کوردستان دەکات.

دژی دەنگی شەقامیشن چونکە داوای دادپەروەری‌و دیموکراسی‌و دورخستنەوەی ئەو سیاسیە بێ کەڵک‌و فاسدانە دەکەن.

حیزبە کوردیەکان لەئێستادا یەکن، تەنها ناو و رەنگ‌و لۆگۆی سەر ئاڵاکانیان جیاوازە.

گرفت ئەوەیە هێشتا کەسانێکی ساویلکە هەبن، بە ناوی بونی مەترسی لەسەر هەرێم بەرگری لەسیاسەتی چەواشەکارانەی ئەم حیزبانە بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×