كوردو ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌ روخانی‌ رژێمی‌ ئێستای‌ عیراق

شێرزاد شێخانی‌
  2019-11-05     118
له‌وه‌ته‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ شاره‌كانی‌ عیراق ده‌ستیپێكردوه‌، لێره‌و له‌وێ هه‌ندێ شرۆفه‌كارو چاودێری‌ سیاسی‌، به‌به‌رپرسه‌ كورده‌كانیشه‌وه‌ كه‌وتونه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌‌ ناواقیعیانه‌ سه‌باره‌ت به‌زه‌ره‌رو زیانه‌كانی‌ كورد له‌ئاكامی‌ ئه‌م رووداوانه‌دا. وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ كوردستان له‌لێواری‌ هه‌ره‌سێكی‌ گه‌وره‌دا بێت، بوومه‌له‌رزه‌یه‌كی‌ وێرانكه‌ر به‌ڕێوه‌ بێت و كوردو كوردستان ته‌فروتونا بكات و، عه‌ره‌ب ره‌شماڵه‌كانیان له‌بیابانه‌كانه‌وه‌ بگوازنه‌وه‌ چیاكانی‌ كوردستان و، ملازم موحسین ومفه‌وه‌ز وادی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ ، هه‌یئه‌ی‌ كه‌ركوك و ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ش نۆژه‌بكرێنه‌وه‌و شاڵاوێكی‌ نوێی‌ ئه‌نفال وكیمیاباران ده‌ستپێبكاته‌وه‌ !!!

ئه‌م لێكدانه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر زاده‌ی‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی‌ هه‌ڵه‌ بن، یاخود به‌مه‌به‌ستیش بێت، هیچ ئه‌سڵ وئه‌ساسێكی‌ نیه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌عیراق رووئه‌دات له‌دورونزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌كوردو كوردستانه‌وه‌ نیه‌.

یه‌كه‌م: ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ له‌دژی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ شیعه‌و سوننه‌ی‌ عیراقن كه‌ به‌درێژایی‌ 16 ساڵی‌ رابردوو سه‌روه‌تو سامانی‌ وڵات ئه‌دزنو میلله‌تیان برسی‌ وبیكار كردوه‌و، ساده‌ترین مافی‌ هاوڵاتیانیان پێشیل كردوه‌ كه‌ خۆی‌ له‌ژیانێكی‌ شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌وه‌ ده‌بینێ ، وه‌كو هه‌ڵی‌ كار و دامه‌زراندنی‌ گه‌نجان .

دووه‌م : سه‌قه‌تی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ وڵات و شكستهێنانی‌ به‌هۆی‌ سیسته‌می‌ محاسه‌سه‌ی‌ تائیفی‌ كه‌ هیچ بوارێكی‌ بۆ هێزی‌ سیاسی‌ مه‌ده‌نی‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌، سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ده‌وڵه‌تیش له‌لایه‌ن حیزبه‌ ئیسلامی‌ ومیلشیاكانه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برێن .

سێیه‌م : خۆپیشاندانه‌كان له‌دژی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ره‌ له‌ كاروباری‌ وڵات ، به‌تایبه‌تیش ئێران كه‌ ئه‌مرۆ به‌ناهه‌ق بوه‌ به‌ حاكمی‌ موتڵه‌قی‌ عیراق ویاری‌ به‌ موقه‌ده‌راتی‌ وڵاته‌كه‌ ئه‌كات .

ئه‌م سێ كێشه‌ی‌ باسمان كردن هانده‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ خۆپیشاندانه‌كانن ، به‌ڵگه‌ش خواسته‌كانی‌ خۆپیشانده‌رانه‌ كه‌ هه‌مووی‌ له‌م سێ ته‌وه‌ره‌دا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌و ، سووتاندنی‌ باره‌گای‌ حیزب و میلیشا عیراقیه‌كان وداگگیركردنی‌ داموده‌زگاكانی‌ ده‌وڵه‌ت له‌باشوورو، سووتاندنی‌ ئاڵای‌ ئێران و وێنه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ گه‌واهی‌ ئه‌و راستیه‌ن ، هیچ كه‌سیش له‌م رووداوانه‌دا باسی‌ كوردو كێشه‌كانی‌ ناكات ، ئه‌وان زیاتر كه‌وتونه‌ته‌ سه‌ر داواكارییه‌كانی‌ په‌یوه‌ند به‌ژیانی‌ خۆیانه‌وه‌‌ .

له‌مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌نده‌ڵكاری‌ عیراقدا ، ناتوانین به‌رپرسه‌ كورده‌كانیش بێبه‌ری‌ بكه‌ین ، به‌ڵام به‌راورد به‌ گه‌نده‌ڵی‌ لێپرسراوه‌ عه‌ره‌به‌كان ، رێژه‌كه‌ی‌ زۆر كه‌مه‌ كه‌ ناگاته‌ 10% گه‌نده‌ڵكارانی‌ عیراق ، ئه‌وه‌ش به‌حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌شداری‌ كورد هه‌م له‌وه‌زاره‌ته‌كان و هه‌م له‌په‌رله‌مانیشدا هه‌ر له‌و رێژه‌یه‌دا بوه‌ .

له‌مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ده‌ستووردا كه‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌و چاودێرانه‌ی‌ كورد مه‌ترسی‌ له‌باره‌یه‌وه‌ باسده‌كه‌ن ، من پێموانیه‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ده‌ستوردا بكرێت به‌ شێوه‌یه‌ك‌ ده‌ست بۆ مافه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردستان ببرێ ، ئه‌وه‌ی‌ له‌ده‌ستوری‌ عیراقدا جێگییر بوه‌ زاده‌ی‌ خه‌باتی‌ سه‌د ساڵه‌ی‌ میلله‌تی‌ كورده‌، ئاسان نیه‌ له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كی‌ به‌غداو ناسریه‌ ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ ده‌ستوریانه‌ له‌ناوببرێن ، دوای‌ ئه‌وه‌ش باوه‌ڕ ناكه‌م ده‌سه‌ڵاتی‌ عیراق بۆ دامركاندنه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌رگای‌ جه‌هه‌ننه‌م له‌خۆیان بكه‌نه‌وه‌ ، جیا له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ش نه‌ ئه‌مریكا و نه‌ وڵاتانی‌ تری‌ كاریگه‌ری‌ دونیاش رێگه‌ به‌ له‌ناوبردنی‌ قه‌واره‌ی‌ سیاسی‌ و ئیداری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناده‌ن له‌به‌ر خاتری‌ داواكاری‌ خۆپیشانده‌ران .ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ بكرێ ئه‌وسا زۆر ئاساییه‌ كوردستان له‌به‌غدا جیاببێته‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ خۆی‌ رابگه‌یه‌نێ ، به‌تایبه‌ت ئێستا وه‌ره‌قه‌ی‌ ریفراندۆمیش كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌ر ماوه‌و، وه‌زعی‌ نێوده‌وڵه‌تیش وه‌كو دوو ساڵ پێش ئێستا نیه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی‌ به‌غدا به‌رامبه‌ر به‌ كوردو قه‌واره‌كه‌ی‌ بگۆڕدرێ، ئه‌وسا ده‌وڵه‌تانی‌ جیهانیش ‌ناچار ده‌بن رێگا به‌كورد بده‌ن سه‌ربه‌خۆیی‌ خۆیان رابگه‌یه‌نن .

له‌م روانگه‌یه‌وه‌‌ پێموانیه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ئێستاو ئایینده‌ش كاریگه‌ری‌ ئه‌وتۆی‌ هه‌بێت به‌سه‌ر قه‌واره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وده‌سكه‌وته‌كانی‌ كورد له‌ ده‌ستوری‌ عیراقدا .

ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ، ره‌نگه‌ له‌ده‌رئه‌نجامی‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ گۆڕانكاری‌‌ له‌سیسته‌می‌ سیاسی‌ عیراق یاخود له‌شێوه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ده‌وڵه‌تدا به‌و ئاراسته‌یه‌ بێت كه‌ هێزو كه‌سایه‌تی‌ تازه‌ بێنه‌ ناو كایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ، دوور نیه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی‌ تووندڕه‌و بێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه‌ سازش له‌سه‌ر هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ نێوان به‌غداو هه‌رێم نه‌كات ، به‌تایبه‌تیش له‌دۆسیه‌ی‌ نه‌وت وناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كاندا ، كه‌ ئه‌مه‌ش ناگاته‌ ئاستی‌ فشاری‌ سه‌ربازی‌ ، به‌ڵام زۆر واریده‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ نوێی‌ به‌غدا فشاره‌كانی‌ به‌سه‌ر بودجه‌و پشكی‌ هه‌رێمدا زیاتر بكات ، ئه‌وسا پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم له‌ئێستاوه‌ مشووری‌ ئه‌وه‌ بخۆن و خۆیان بۆ ئه‌م بژارده‌یه‌ی‌ به‌غدا ئاماده‌ بكه‌ن ، چونكه‌ ته‌نها وه‌رقه‌یه‌ك به‌ده‌ست به‌غداوه‌ بێت بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر هه‌رێم، مه‌سه‌له‌ی‌ بودجه‌و پشكی‌ هه‌رێمه‌..جا نازانین حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و حیسابه‌ی‌ بۆ خۆی‌ كردوه‌ یان دیسان خۆی‌ و میلله‌ته‌كه‌شی‌ ئه‌داته‌ ده‌ست قه‌ده‌ره‌وه‌ ؟؟؟..
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×