شۆڕشی دەستکرد

ئاری هەرسین
  2019-11-15     588

''روسیاتوده‌ی: ئه‌مریكاو ئێران له‌سه‌ر مانەوەی عەبدولمەهدی رێککەوتون''، ئەمە سەردێڕی ھەواڵێکی یەک لەسایتە ھەواڵە کانی دوێنێ بوو.

بەحساب ئێران‌و ئەمەریکا شەڕێکی توندی ساردو جارجارەش لێرەو لەوێ شەڕی گەرمیان لەنێواندا ھەیە. ساڵێکیش زیادترە ئەمەریکا وای لەڕای گشتی جیھانی گەیاندوە کە بە نیازی ھێرشی سەربازیە بۆسەر ئێران، وەک پێشەکی ئەو ھێرشە و وەک ھەنگاوی یەکەم، گەمارۆی ئابوریشی خستۆتە سەر ئێران. لە ئێرانیش ھیچ نوێژێکی ھەینی بە بێ دروشمی ''مرگ بر امریکا'' بەڕێوە ناچێت. کەچی ئێستا ھەردولا بە دووقۆڵی لەسەر مانەوەی عادل عەبدولمەھدی وەک سەرۆک وەزیران کۆکن...!

پرسیار ئەوەیە: ئەی ئەم ھەموو کوشت و کوشتارەی لە بەغداو شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێ بۆ چیە؟... ئەی ئەم بەھارە درۆیینەیەی ناڕەزایی خەڵکی عێراق لە بەرامبەر گەندەڵی و ناعەدالەتی بۆ چیە؟... ئەی کوا ئەو خۆش خەیاڵیەی کە دەڵێت: ''ئەگەر قەرار بێت لایەنێک بڕیار لەسەر مانەوە، یان لابردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بدات، ئەوە پارلەمانی عێراق و خەڵکی عێراقن، نەک دەستی دەرەکی''؟!

لە سەردەمی شەڕی سارد دا دەستەواژەی ''جیھانی سێھەم'' وەک پێناسەی جەمسەرگیریەکی سیاسی پەیدا بوو. کرۆکی بیرۆکەی ئەم جەمسەرگیریە ھەوڵێک بوو بۆ خۆ قوتارکردن و خۆ جیاکردنەوە لە سیاسەتی ھەردوو ئۆردوگای '' سەرمایەداری'' و ''سۆسیالیستی''. ئەم ''خۆ پۆلین کردنە'' مانایەکی دیکەشی ھەبوو، کە ئەویش بە رجەستە کردنی وێنای کۆمەڵگەیەکی جیاواز لەو دوو ئۆردوگایە لەڕوی ئابوری سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئاستی پیشەسازی و ھێزی سەربازی. زۆربەی ئەو وڵاتانەشی کە خۆیان لەم پۆلێنەدا دەدۆزیەوە پێشتر وڵاتەکەیان لە لایەن ئەوروپیەکانەوە داگیر کرابوون.

بێ گومان بە تێڕوانینێکی سەرپێیی ٦٠ ساڵی ڕابوردوو بە ئاسانی دەردەکەوێت کە ئەم مەبدەئە شکستیھێناو لەجیاتی ئەوەی ببێتە بەدیل بۆ ئەو دوو ئۆردوگایەیتر، بەشێک لە وڵاتەکان بوونەوە پاشکۆ و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی ئەو دوو ئۆردوگایە، بەشێکیان ھەتا بیناقاقایان لە ھەژاری و قەرزێکی زۆردان و، کەمینەیەکیشیان کەوتونەتە سەر پێی خۆیان و سیاسەتی ''تەعامول لەگەڵ ئەمری واقیع "بەڕێ دە کەن.

پرۆسێسی دیموکراسی لە زۆربەی ھەرە زۆری ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترا جیھانی سێھەم، پرۆسێسێکی دەستکردە. ئەگەریش لە جێیەک جوڵەیەکی دیموکراسی خۆڕسک سەری ھەڵدابێت، ئەوا بە ھەزار و یەک موئامەرەی موخابەراتی و کۆدەتای سەربازی سەرکوت کراوە.

ئەوانەی بەتەمان ئەمەریکا گەندەڵکارانیان بۆ لاببات و ھاوکارییان بکات لە چەسپاندنی ڕیفۆرمی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەیاندا، خەیاڵباز و خۆش خەیاڵن. چونکە ئەو گەندەڵکارانەن کە بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی وەک گوڵ دەپارێزن، ئیتر بۆچی بیانگۆڕێت و لایان بدات؟

ئینجا عاقڵانەیە ئینسان لەخۆی بپرسێت: چی بۆ بایەخی سیاسەتکردن لەو وڵاتە وێرانبوانەی جیھانی سێھەم دەمێنێتەوە؟... نیوە تیرەی ئەو بازنەیەی کە بۆ نموونە سیاسەتمەدارێک لە عێراق دەتوانێ جوڵەو مانۆڤری تێدا بکات چەندە؟...

ئەنجامگیریرکی ڕەشبینانە نیە ئەگەر بڵێین: بەھاری شۆڕشەکان وەرزێکی سیاسی دەستکردە، چونکە ھیچ بایەخێک بۆ خواست و ناڕەزایی گەلان داناندرێت. لە ئێستادا شۆڕش بەرنامەیەکی کورت خایەنە "چەند مانگێک"و بەرھەم دەھێنرێت. ھەرکاتێکیش ئامانجەکە پێکرا، ئەوا کۆتایی پێ دێت. جاری واش ھەیە وەک حاڵەتە کەی سوریا لەدەست دەر دەچێت، بەڵام ھێشتا ئەوەش لە مەودای دووردا لە قازانجی پیلانگێڕانە کانێتی.

لەڕاستیدا شۆڕش ئالیاتی گۆڕانکاری و ڕیفۆرمە لە ھەل و مەرجێکی خراپەوە بۆ باش. لە ئێستادا زلھێز و نیمچە زلھێز، لە کوێی جیھانی سێھەم بیانەوێت ئەم ئالیاتە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئابوری و باڵادەستی سەربازی خۆیان بەکاری دەھێنن.

کەس گومانی لەوە نیە کە لە عێراقدا گەندەڵی و ناعەدالەتی ھەیە، بەڵام ئەگەر سەردێڕی ئەو ھەواڵەی لە سەرەتای ئەم گوتارەدا گێڕامانەوە ڕست بێت، ئەوائەمەی ئێستا لە عێراق ڕودەدات نە شۆڕشێکی خۆڕسکی جەماوەریە و نە سەرھە ڵدانی گەلێکی ناڕازی، بەڵکو پیادەکردنی بەرنامەیەکی پێشوەخت نەخشە بۆ کێشراوە و، بەھاکەشی خوێنی خەڵکی دڵ ساف ماف خوراوە کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە ڕێک دەخرێن و بەکار دەھێنرێن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×