ئەنجومەنی فێرکاری‌و لێکۆڵینەوەی کورد

كۆچه‌ر بیركار
  2019-01-01     2191


بەداخەوە کورد لەگۆڕەپانی خوێندنی باڵاو لیکۆڵینەوەی زانستیدا تا بڵێی دوا کەوتووە. ئەم دواکەوتنە هۆکاری سیاسی‌و ئابووری‌و کۆمەڵایەتی زۆرەو کارو چالاکی زۆری ئەوێ تا هەر هیچ نەبێ کەمێ پێش کەوێ. خوێندکاری ئازای کورد کەم نین بەڵام گەیشتن بەلوتکەی زانست‌و داهێنان‌و لێکۆڵینەوە و پێگەیاندنی ئەو خوێندکارانە پێویستی بەزۆر شت هەیە کە تەنیا بەدەمودەزگای گەورەو بەدەوڵەت ئەکرێ. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە هیچمان پێ ناکرێ.



بە هاوکاری کۆمەڵێ مامۆستای زانکۆ و زانستدۆستی کورد (بە تایبەت کاک بەهمەن ڕۆستەمی-تەبار) ئەمانەوێ ئەنجومەنێکی زانستی دابمەزرێنین بۆ گەشەپێدانی زانست بە گشتی و بۆ یارمەتی خوێندکار و مامۆستای زانکۆی کورد. نەبوونی ئەنجومەنێکی وەها کەلێنێکی گەورەیە لە مەیدانی خوێندن و فێرکاری کورددا. لە ساڵانی ڕابردوودا کۆڕ و کۆمەڵی زانستی کوردی هەبوون و هەر یەک دوای ماوەیە چالاکی داخراون.



ئەمانەوێ ئەنجومەنەکە چەند تایبەتمەندی ببێت. یەکێ لەوانە دوور بوونە لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوی کوردستان. تێکەڵ بوون بە سیاسەت ئەبێتە هۆی بەربەرەکانێ و درووست بوونی بەرهەڵست. یەکێ تر لە تایبەتمەندییەکان ئەوەیە کە تەنیا کار لە سەر ئەو پرۆژانە ئەکەین کە هەموو وردەکارییەکانی دیاری کرا بن. بەکورتی لە جیاتی ئەوە بڵێین ئەبێ چی و چی بکرێ ئەمانەوێ بڵێین خۆمان چی وچیمان پێ ئەکرێ.



لە ساڵانی ڕابردوودا و بە تایبەت لە چەند مانگی پێشوودا ژمارەیە زۆر نامەم بۆ هاتووە لە لایەن خوێندکارانی کوردەوە. زۆربەی هەرە زۆریان داوای هاوکاری ئەکەن بۆ ئەوە بتوانن بێنە ئەورووپا بۆ درێژەدانی خوێندنیان. ڕاسییەکەی وەرگیران بۆ خوێندن لە ڕۆژئاوا ئاسان نییە بە تایبەت لە بریتانیا کە خوێندن بە خۆڕایی نییە و ساڵانە زیاتر لە بیست هەزار پۆندی تێ ئەچێ. بەڵام ئەو خوێندکارانەی کە زۆر بە توانان ئەکرێ وەربگیرێن، بۆ وێنە ئەوانەی لە ئولەمپیادی بیرکاری یا فیزیک مەداڵیان گرتووە یا پرۆژەی زۆر باشیان نووسیوە. یەکێ لە ئامانجەکانی ئەنجومەنەکە ئەوەیە کە یارمەتی ئەو خوێندکارە بەتوانانە بدات بۆ درێژەدانی خوێندنیان.



رۆژی ١٦ ی مانگی سێ (واتە چەند رۆژ بەر لە نەورۆز) سمینارێ لە لەندەن ئەگیرێ بۆ باس کردن و ڕاگەیاندنی ئەنجومەنەکە. دیسان لە سەر ئەم بابەتە ئەنووسم. ئەگەر تێبینیتان هەیە تکایە لە خوارەوە بینووسن و نامە مەنێرن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×