ھەڵوەستە کردنی ترامپ !

ئارێز عەبدوڵڵا
  2019-01-02     2260

ھەر کە سەرۆک ترامپ  بڕیارە کتوپڕەکەی سەبارەت بە رۆژئاوا و سوریا دا دوو بۆچوونی زەق دەرکەوتن:

یەکەم: ئاشتی و سەقامگیری جیھان لە مەترسیدایە.

دووەم: سەرۆک ترامپ بە رێککەوتنێکی ژێر بەژێر ئەو بڕیارەی داوە.

راستی و ئەنجامی ھەر بۆچوونێک لەوانە بۆ ئەمریکا مایەی لێکەوتەی سیاسی و سترایتیجین، بۆیە دیتمان لەناو ئیدارەکەی خۆیدا وەزیری بەرگری و ماکگۆرگ ھەر زوو بێ بەری خۆیان لەو بڕِیارە ترسناکە راگەیاند و لەو پێناوەشدا پۆست و پلەو پایەکانیان کردە قوربانی. گەورەترین مشتومڕ لەسەر ئەو بڕیارە لەناو دامودەزگاکانی راگەیاندن و ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی ئەمریکا دروست بوو. زۆر پرسیار وروژێندران: ئایا ئەمریکا پشتیوانی رۆژئاوای کرد تا دواتر بیداتەوە سوریا؟ ... ئایا بۆ ئەوە پشتیوانی ھەسەدەی کردوە تا سنور تێنەپەڕێنێ و دواتر ناوچەکانیان پێشکەش بە تورکیا بکا؟.. ئایا ترامپ نازانێ بەکشانەوەی بەم شێوەیە پێگەی ئێران لە سوریا و ناوچەکە بەھێزتر دەبێ، ئەدی بۆچی ئەو ئابلۆقە سەختەی خستۆتە سەر.. ئایا ئەمریکا ناوچەکە بۆ ھەژموونی روسیا بەجێ دێلێ؟ ئەوانەو زۆر پرسیاری تر. کاردانەوەکانی ئەو بڕیارە زۆر گەورەبوون و تەنانەت ھەندێ لە ولاتە ئەورپیەکان دژی وەستانەوە و ھەندێکیشیان سەرسوڕمانی خۆیان لە بارەیەوە نیشاندا.

دوای ئەو ھەموو مشتومڕو فشار و کاردانەوانە پێ دەچێ سەرۆک ترامپ ھەڵوەستەیەک لە بڕیارەکەی خۆیدا بکا و بە لەبەر چاوگرتنی ھەڵومەرجەکانی ناوچەکە و جیھانیش ھەمواری بکاتەوە. پێشم وایە ھەر وادەکا، چونکە ئەقل نایبڕێ و لۆجیک رێگە نادا بەبێ ئەوەی ئەلتەرناتیڤێکی نێودەوڵەتی بۆ دابین بکرێ ئەو بڕیارە جێبەجێ بکا. جێبەجێ کردنی تاک لایەنی بڕیارەکەش دەبێتە مایەی کارەساتێکی مرۆیی و شکست و پەڵەیەکی رەشیش بۆ سیاسەتی دەرەوە و سەرۆکایەتی ئەمریکا..

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×