پەرلەمانێکی رو قایم

مەلا فەرمان
  2019-11-26     801
رۆژئاوا، ئەو بەشەی کوردستانە کە بەر شاڵاوی لەشکری تورک کەوتوە. سیاسەتی پشت‌و پێشی ئەم شاڵاوە دیارە:
پەیامێکە بۆ کوردستانیان " لەهەرکوێی دونیا کوردێک هەبێت نابێت خاوەن ناسنامەی خۆی بێت".
نەک کیان و دەوڵەتی کوردی بەڵکە بونیشیان خەون و خەیاڵە.
پاکتاوی نەژادی کوردی لە سەرێ کانی و گوندەکانیەوە دەستی پێکردوە.
سوکایەتی:
سوکایەتی ئەردۆگان بە گەلی کوردستان لە سەرۆکی پارتیەوە دەستی پێکرد، کاتێ گوتی " تۆ سەرۆکی خێڵ و عەشیرەتی نەک پیاوی دەوڵەت داری". بۆ منی کورد کارم بەوە نیە مەسعود بارزانی سەرۆکی حیزبە یان هەرچیەکە، خۆی لێی بێدەنگە یان نا.
بەدەرکردن و زیندانیکردنی  نوێنەرانی کوردی باکور لە شارەوانیەکان، ئەوانەی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی باکورن.
پەرلەمانی کوردستان
راستە وتویانە " هەرچی لەسەر ساختەکاری بونیاد بنرێت فشۆڵە". هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان راستودروستی ئەو گوتە کۆنە دەسەلمێنێ. دەیانەوێ لەم تەمەڵە فشۆڵەوە بناغەی باڵەخانەی بەرچ دابنێن و هەڵوێست و بریارەکان  تێدا بدەن، بە نمونە: 
ژمارەی ئەو گەندەڵیانەی پەرلەمانتارانی کوردستان باسی دەکەن و کەوتۆتە سەر میدیا لە ژمارە نایەن. دوایینیان گەندەڵیەکانی ئەنجومەنی خانمانە. بەڵام بە کردار یەک هەنگاویان نەناوە. 
لە ١٥/١٠/٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان ١٢ راسپاردەی دەرکرد. لە کاتی خۆی زۆرێک لە نوسەران توانجیان لێداو، بە شەرمنۆکانە وەسفیان کرد.
جێبەجێنەکردنی بریاری پەرلەمان بە دەرکردنی سوپای تورکیا لە هەرێم.
هەڵمەتی نیشتمانی بۆ رۆژئاوا
ئەم پەرلەمانە دەیەوێ خەڵک بگەوجێنی و چاوبەستەکێی لەگەڵ بکات، جەماوەر دەزانێ رۆژئاوا چۆن پشتیوانی دەکرێت:
پشتیوانی سیاسی. بە داخەوە دوای سەردانی خاتو ئیلهام ئەحمەد بۆ ئەمریکا و بەدەستهینانی پشتیوانی باش بۆ دۆزی کورد لە سوریا، هەندێ لە بەرپرسە باڵاکانی ئەم هەرێمە سەردانی دەرەوەیان کرد و زۆر نابەرپرسانە دژ بە رۆژئاوا قسەیان کرد. لەوانە سەقین دزەیی. کەچی ئەم پەرلەمانە ورتەی لێوە نەهات.
دەبو بەراشکاوی ئیدانەی هێرشی تورکیا بکرایا، کەچی ئەم پەرلەمانە لە ١٢ راسپاردەدا بە وشەیەکیش باس لە تورکیا ناکات.
ئەم هەرێمە بۆ دژایەتی رۆژئاوا و نانەوەی دوبەرەکی هاوشێوەی باشور دریغی نەکردوە لە دروستکردنی گروپی چەکداری جیاجیا و دابەستا ئاسا دەیەوێ بەریداتە گیان رۆژئاوا.
بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان پێی هەڵدەستێ ناکرێت ناوی هەڵمەتی نیشتمانی لێبنرێت، بە تایبەتی کاتێ زۆر راشکاوانە هەڵمەتەکەی بۆ ئاوارەکانی رۆژئاوایە لە هەرێمی کوردستان نەک لە رۆژئاوا خۆی.، ئەمەش زیاتر کاری رێکخراوێکی خێرخوازە نەک پەرلەمان. ئەم هەنگاوە بە ناڕاستەوخۆ بە قازانجی بەرنامەکەی تورکیایە، چونکە بەم هەنگاوە هانی کوردانی رۆژئاوا دەدرێت زیاتر کۆچبکەن و وڵات چۆڵ بکەن. دەبو پەرلەمان لەجیاتی ئەم هەڵمەتە بیری لەوە بکردایاتەوە هاوکاریەکان بنێرێت بۆ رۆژئاوا و لەوێ خزمەتیان بکات. ئەم هەڵمەتەی پەرلەمان پێدەچێت لە پرسی کەرکوکەوە هیچ فێرنەبوبێت و ئەزمونی وەرنگرتبێ، کە چۆن کۆجی کورد لە ژێر ئیمتیازاتی حیزبی کاریگەری لەسەر رێژەی کورد کردوە لە کەرکوک. بۆیە ئەم هەنگاوەی پەرلەمان جگە لە هەوڵێک بۆ دەرخستنی خۆی وەک روسپیەکی ساختە لای هاوڵاتیان هیچیتر نیە، هەوڵێکیشە بۆ شاردنەوەی دیوە راستەقینەکەی: بێدەسەڵاتی، وابەستەیی، بێکردار، بێهەڵوێست...هتد.
زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لاوازی پەرلەمان و تەواوی دامەزراوەکانی هەرێم وەک رەنگدانەوەی حیزبەکان دەبینن، لە هەرێمیش لەبەر نەبونی ئۆپۆزسیۆنێکی بە هێز بریارەکان کەوتۆتە دەست یەک حیزب ئەویش بریتیە لە پارتی، حیزب و کەسەکانی تر تەنها رۆڵی گوێگر و تەماشەکەر دەبینن و ژیانی رۆژانە بەڕێ دەکەن. گەر ئەم هەرێمە بەم شێوەیە بەڕێوە ببرێت بەدڵنیاییەوە لە کاروانی گۆڕانکاریەکان بەجێدەمێنێت و توشی شکستی گەورەتر دەبێت لەوەی لە  دەرئەنجامی ریفڕاندۆم رویدا، 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×