هاتن، کوڕەکان هاتن

عەزیز ڕەئوف
  2019-11-26     2548
سەردەمی ماندوبون‌و خەبات‌و بەرپرس‌و سەرکردە کۆتاییهات. ئیدی سەردەمی کوڕەکانە، کوڕەکان تاکە هۆکارێک بۆ هاتنەپێشەوەیان ئەوەیە لەتوخمی باوکە بەناوشۆڕشگێڕەکانن‌و هیچی تر.

ئیدی دەسەڵاتی ڕەهای پارتەکان لەسەر منداڵەکان تاپۆ کران، ئیدی کەس دوای کوڕەکان باس لەپلەو پایەی ناو پارتەکان نەکات. ئیدی دەبێت گۆڕو مردن کۆمان بکاتەوە نەک ژیان‌و خەمی زیندوەکان، ئیدی ئەوەی حەسحەسی گۆڕ نەبێت لەکاروانەکە جێدەمێنێت. ئیدی بۆ ئەوەی پێکەوە بژین دەبێت گۆڕی سەرکردەکان‌و بەرزاییەکان‌و فاتیحای سەرگۆڕی سەرکردە چەپ‌و ماوی‌و ناسیۆنالیستەکان کۆمان بکاتەوە، نەک بیرکردنەوەی عەقڵانی‌و پشتکردنە مەرگ‌و ڕوکردنە ژیان.

هاتن کوڕەکان هاتن. ئەوان ئەوەی دەیزانن ئەوەیە کە کوڕی سەرۆکەکانن‌و هیچی تر. تاکە هونەری ئەوان ئەوەیە سەردەمێک دایک‌و باوکیان لەشەوێکی تاریکدا جوت بون‌و سکیان لەمنداڵێکی کوڕ پڕ کردو کە خەڵکیش خۆی بەکوشت دەدا ئەوان کوڕە سەلارو عاقڵەکانیان ناردە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن‌و ژیانکردن.

کوڕەکان هەندێکیان بەهەردوپێ‌و هەندێکی تریان وەک تارمایی پارت‌و بزوتنەوەو هێزەکان بەڕێوەدەبەن. کوڕەکان میدیاو شوێن‌و پارەو داهاتی پارتەکان لای خۆیانەو ئیدی کێ دەبێتە وەزیرێکی بێدەسەڵات کێشە نیە، کێ دەبێتە پارلەمانتارو بەڕێوەبەر زەرەری نیەو ئەسڵەن هەر دەسەڵاتی نیە. چونکە کوڕەکان لەودیوی پەردەوە پارتەکانیان بەڕێوە دەبەن و لەودیوی دیوارەکەوە هیچ کێشەیەکیان نیەو جارجار میدیاکانیان لەیەکتر بەردەدەن‌و دەماری ملی هەوادارانیان ئەستور دەکەن.

باوکان مردن‌و فرمێسکمان لەچاوی کوڕەکان نەبینی، ئەوەی هاواری دەکردو خۆی لەقوڕ وەردەدا خەڵکی عەوام بو، کوڕەکان بێ ڕکابەر پارتەکانیان داگیر کردو جارجارە سەردانی گۆڕی باوکانیان دەکەن‌و بەلەشێکی پیسەوە فاتیحایەکی درۆ دەخوێنن.

لەهەڵبژاردنەکاندا جارجار تەقە لەوێنەی باوکەکان دەکەن‌و دواتر دەچنە سەر گۆڕەکانیان لەسەر خوانی یەکتر مەست دەبن. ئیدی لەهەڵبژاردنەکاندا جەستەی وێنەی باوک بەگوللە دەکەنە بێژنگ‌و دواتر بەناوی یەکڕیزیەوە لەسەر یەک سفرە کۆدەبنەوە. کوڕەکان لەمەکتەب دەرسی سحریان خوێندوەو بۆیە وا فێڵ له‌خەڵک دەکەن.
ئیدی هاتن، کوڕەکان هاتن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×