ئایا هێزە سیاسیەکانی عێراق دەتوانن حکومەتی نوێ پێکبهێنن؟

ئه‌حمه‌دی‌ حاجی‌ ره‌شید
  2019-12-03     261
پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەئێستادا هەم ئاستەنگی زۆرەو هەم هیچ هێزێکی سیاسیش زاتی ئەوەناکات بچێتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارتیە مێژوییەیە، لەهەمانکاتیشدا بڕوا ناکەم هیچ کەسایەتیەکی سیاسیش موجازەفەبکات بەوەی پاشەرۆژی خۆی لێکبچوێنێت بەوەی کە بەسەر بەرێز عادل عبدالمهدیدا هات، چونکە ئەوەی هێزە سیاسیەکان دایبنێن شەقام قبوڵی ناکات، ئەوەی شەقامیش دەستنیشانی بکات پێچەوانەی دەستورەو جێبەجێکردنی ماددەی (۷٦) چونکە ئەوەی لەعێراقدا ڕودەدات لەئێستادا تەنها خۆپیشاندانێکی سادەو ساکار نیەوە داواکاریەکانیش بەو سادەییە نەماونەتەوە کە سەرەتا هەبون‌و کۆتاییهێنان بەخۆپیشاندانیش لەئەستەم (موستحیل) نزیکبونەتەوە.

گۆرانکارییەکان زۆر خێران‌و دەکرێت بڵێن حکومەت لەبەشی خواروی عێراق نەماوەو هۆزەکان وڵاتیان ڕاگرتوەو تەسفیەی حسابات زۆر بەئاشکرا لەنێوان هێزەکان هەستی پێدەکرێت، دەرکەوتوەو کار گەشتوەتە ئەو ئاستەی کە هیچ رەوتێکی ئیسلامی بەئەندازەی رەوتی شیعە بڕوادار نەبون بەمەرقەدو پیرۆزکردنی، کەچی ئێستا هەڵمەتی سوتاندنیان دەستیپێکردوە.

ئەوەی دەیبینین بریتی نیە لەداخوازی بەئەندازەی ئەوەی لەبنهێنانی دەوڵەتەو کۆتاییهێنان بەتەواوی سیستەم و مەنزومەکانی عێراقە، بۆ نمونە لەئیستادا دوای دەرچونی سزای لەسێدارەدران بۆ ئەو ئەفسەرەی تەقەی کرد لەخۆپیشاندەران لەکوت، هیچ ئەفسەرێک ئامادە نیە روبەڕوی خۆپیشاندەران ببێتەوە بەتایبەت تریش پاش ئەوەی لەنێو پەرلەمانەوە داوای بەسزاگەیاندنی نجم الشمری کرا لەسەر خۆپیشاندانی پارێزگای ناسریە شەقامیش هیچ جۆرە پاسیڤێکی پۆزەتیڤی نەبوو بەرانبەر دەستلەکارکێشانەوەکەی بەڕێز عادل عبدالمهدی، کەواتە عێراق بەرەو تونێلێکی تاریک مل دەنێت‌و رون نییە کەی دەگەینە کۆتایی، لێرەوە پرسیارێک سەر هەڵدەدات، ئایا عێراق هەمیشە وابووە یان ناوبەناو وای لێدێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×