لەو شێرە پەڕۆیە سڵ بکەنەوە

عەزیز ڕەئوف
  2019-12-07     1095
ئەسڵەن خۆی ئەم خولەی پارلەمان خراپترین خولە و مانەوە تێیدا عەیبەیەکی گەورەیە وەک چۆن پێشتر من پێم وابوو دەنگدان بەم نوێنەرانە عەیبەیەکی گەورەترە. ئەگەر پارلەمان هەندێک دەنگی تێدابێت دوای ئەم ماوەیە گومانم هەیە بە مانەوەیان و دەستلەکارنەکێشانەوەیان. بەڕاستی پارلەمان لە ئێستادا نوکتەیەکی گەورەیە و گومانم لە کۆمەڵگەیەک هەیە کە تەماشای تەلەفزیۆن بکات و بەدیار دانیشتنی ئەم مەخلوقە بەتاڵانەوە دانیشن و چاوەڕێی دەرکردنی یاسایان لێ بکەن. 
پارلەمان خانمی تێدایە تەنها لەبەرئەوەی ڕوخساری جوانە دەنگیان پێداوە،  بەندبێژی تێدایە تەنها ئەوانەی لە گەعدە دادەنیشن هەڵیانبژاردووە، ئەندام پارلەمان هەیە وەک ڕابواردن دەنگیان پێداوە کە پارلەمان پارەی تیایە هیچ نەبێت ئەم پیاوە هەڵبژێرن چونکە عەرەبانەی پێیە بەڵکو دوو پولی دەسکەوێ. پارلەمانتاری تیایە تەنها لەبەر ئەوەی باوکی دوو فیشەکی تەقاندووە هەڵیانبژاردووە. لە دۆخی وادا پارلەمان گاڵتەجاڕییەکی گەورەیە و ئەوەی لەم دۆخەدا بمێنێتەوە و نەیاتە دەرەوە بەشدارە لەو بێحورمەتیەی ئەم دامەزراوەیە بە خۆیان و کۆمەڵگەی کوردی دەکەن. 
ئەم هەموو بێحورمەتیە بە تاکی کورد دەکرێت لە نەبوونی کارەبا و ناشەفافی داهات و دەیان کێشە و قەیرانی تر، پارلەمان بۆ دەسکاریکردنی وشە کۆبێتەوە و لەم قەیرانانە بێدەنگە، دەبێـت گومان بکەین لە عەقڵی ئەو پارلەمانتارە قسەزانانەی شێری سەر شاشە و ڕێوی سەرداخراوی ناو ئەم دامەزراوەیەن و لە دانیشتنەکانی پارلەماندا ورتەیان لێوەنایا. دەبێ ئەم دەمگەرمیە لەم مەخلوقە گوماناویە وەرگرینەوە کە بەس خۆیان و پارتەکانیان بزانن کە لە ئێستاوە شوێنی خۆیان لە باوەشی کام پارتی دەسەڵاتدا گەرم دەکەن و لەدوای تەواوبوونی ئەم خولە ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆیان وەک زۆرێک لە هاوڕێکانیان دەردەخەن کە بەسەر دەنگی خەڵکی هەژار گەیشتنە پلە و پۆست و دواجار لە ناو پارتێکی دەسەڵاتدا دەرکەوتنەوە.
دۆخی ئێستا پێویستی بە بیرکردنەوەیە لە خۆمان و خەون و ئارەزووەکانمان، نە هیچ دەنگەدەنگێک بەسەککردنە و نە هیچ خۆهەڵکێشانێک لەناو پارلەمان بەشێر و پڵنگکردنە. لەم نێوەندەدا پێویستمان بە فۆرمێکی تری سیاسەت هەیە، دەبێت دنیابینیەکی ترمان بۆ حوکمڕانی و پارلەمان و تەنانەت ڕەخنە و نیگەرانیەکان هەبێت. دەبێت لە ڕووداوی ڕۆژەڤ دەرچین و چیتر کۆمەڵگە بە سەگ و شێر نەکرێت و ئەمە جەنگەڵ نیە تا ئەم هەموو بێحورمەتیە بە مرۆڤی کورد بکرێت. 
  لەو شێرە پەڕۆیە سڵ بکەنەوە، ئەگەرنا وردە وردە نیشتیمان دەکاتە دارستانێکی بٍێدەنگ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×