لیستی سزای ئێرانچییه‌كانی عیراق، دورو درێژه‌

لوقمان غه‌فور
  2019-12-08     380
ئیداره‌ی تره‌مپ وه‌ك ئیداره‌ی ئۆباما نییه‌، ناتوانێت له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌و سه‌ركێشیانه‌ی ئیران بگرێت له‌ناو عیراقدا، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وام بێت تا ئه‌وكاته‌ی عێراقییه‌كان پڕئه‌بن له‌یه‌كترو له‌تاوانی ئێرانچییه‌كان به‌ته‌واوی تێده‌گه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌مریكا وا له‌ عیراقییه‌كان ئه‌كات ئه‌گه‌ر به‌جه‌نگی ناوخۆش بێت ده‌ستی ئێران بنبڕبكات. ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی لیستی ره‌شه‌وه‌، ئێرانچییه‌كانی ناو عیراق به‌سزا بگه‌یه‌نێت، ئه‌م هه‌وڵه‌ به‌شێكه‌ له‌ دڵنه‌وایی بۆ جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ری عێراق.

له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ئه‌مریكا 5ی دیسێمبه‌ر، 4 سه‌ركرده‌ی ئێرانچی خسته‌ لیستی ره‌شه‌وه‌، دوو كه‌سیان نامۆ و نوێ نین له‌ دنیای سیاسه‌تی ئه‌مریكا. قه‌یس خزر عه‌لی و له‌یس خزر عه‌لی دوو تاوانباری پێشووترن كه‌ ئه‌مریكا له‌ساڵی 2008 له‌ پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازیدا ده‌ستگیری كردن و دواتر به‌ رێكه‌وتن ئازاد كران. له‌ وتارێكدا له‌ژێر ناوی (قه‌یس خزر عه‌لی، شكسته‌كانی به‌شاری سلێمانیدا ئه‌سڕێت) به‌وردی باسی ئه‌وه‌م كردووه‌. هه‌رچی حسێن فالح عه‌بدولعه‌زیز لامی(ئه‌بو زه‌ینه‌ب لامی) و خه‌میس فه‌رحان خه‌نجه‌ر ئه‌لعیساوییه‌ له‌و لیسته‌دان كه‌ 10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ئاماده‌كرابوون بۆ سزادان.

له‌راستیدا یه‌كه‌م هێڵی سیاسی كه‌ ئه‌مریكا ئه‌م كه‌سانه‌ی پێی تاوانبار كردوون دوو شته‌ یه‌كه‌م (گه‌نده‌لی) و دووه‌م (پێشێلكاری مافی مرۆڤ)، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌من بپرسێت: ئه‌مه‌ وایه‌، ده‌ڵێم نه‌خێر، راسته‌وخۆ ئه‌مانه‌ ئێرانچییه‌ پله‌ یه‌كه‌مه‌كانی عێراقن.

راسته‌ ئه‌مانه‌ گه‌نده‌ڵه‌ن! به‌تایبه‌تی كه‌سێكی سه‌رمایه‌داری وه‌ك خه‌میس فه‌رحان ئه‌لعیساوی به‌پێی گۆڤاری نیو یۆركه‌ر پشكی گه‌وره‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی پاره‌كانی ئیران هه‌یه‌ بۆ ملیشیاكانی حزبوڵڵای لوبنانی و له‌سه‌ر خوێنی عیراقییه‌كان ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌. به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌مریكا كۆی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ-ه‌ بۆ ریسواكردنی ئێرانچییه‌كان له‌ عیراق گرتوویه‌تییه‌ به‌ر. تره‌مپ له‌ ساڵی 2017ه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ سه‌دام زۆر باشتر بوو له‌م سه‌ركردانه‌ی ئێستای عیراق. 

كاتێك 5ی نۆڤێمبه‌ر به‌شی چاودێری كاروباری بیانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ به‌ بڕیاری ژماره‌ 13811، حه‌سه‌ن لامی، قه‌یس خزر عه‌لی و له‌یس خزر عه‌لی تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ و ره‌شه‌كوژی هاوڵاتیان له‌ لێدوانێكدا ستیڤن منۆشین به‌رپرسی به‌شه‌كه‌ بۆ رۆژنامه‌ی هێڵ ده‌ڵێت:"هه‌وڵه‌كانی ئێران بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی عیراق كارێكی مه‌ترسیداره‌، ئۆپۆزیسیۆن بوون دژی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داڵه‌تی پێویستییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا شانبه‌شانی عیراقییه‌كان ده‌وه‌ستێت بۆ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی". كه‌واته‌ سزادانه‌كه‌ له‌ نێوان گه‌نده‌ڵی و ئێرانچێتیدا، ئێرانچێتی هۆكاری یه‌كه‌می سزادانه‌كه‌یه‌.
خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكی هه‌موو سه‌روه‌ت و سامان و پاره‌ی ئه‌و 4 كه‌سه‌ له‌ عیراق و له‌ ئه‌مریكا و له‌ هه‌ر وڵاتێكی تر و له‌ هه‌ بانكێك ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ناكرێت. هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكیش مامه‌ڵه‌ی دارایی و بانكیان له‌گه‌ڵ بكات به‌ر سزاكه‌ ده‌كه‌وێت.

زۆربه‌ی میدیاكانی ئه‌مریكا ئه‌م رێوشوێنانه‌ی ئه‌مریكا بۆ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی زه‌ نیو یۆرك تایمز و زه‌ ئینته‌رسێپ-ه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ له‌ 18ی نۆڤێمبه‌ر بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ بریتین له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ دزه‌ پێكراوه‌كانی هه‌واڵگری ئێران و چنگكه‌وتنی له‌لایه‌ن هه‌واڵگری ئه‌مریكاوه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌دوور نازانن كه‌ سی ئای ئه‌ی هه‌موو راپۆرته‌كه‌ی ته‌سلیم به‌ زه‌ ئینته‌رسێپ نه‌كردبێت، چونكه‌ جگه‌ له‌ تۆمه‌تباركردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌، ناوی ئه‌م كه‌سانه‌ش هاتووه‌ كه‌ تێوه‌گلان به‌ سیخوڕی بۆ ئێران، كه‌سانی وه‌ك ئیبراهیم جه‌عفه‌ری كه‌ وه‌زیری ده‌روه‌ بووه‌ له‌ 2014 و سه‌لیم جه‌بوری كه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق،بووه‌. به‌دوای راپۆرته‌كه‌ی زه‌ ئینته‌رسێپت، زه‌ وۆل ستریت جۆرناڵ هه‌فته‌ی پێشوو له‌ راپۆرتێكدا باسی لیستی سزاكانی ئه‌مریكا ئه‌كات كه‌ جگه‌ له‌ناوهێنانی حسێن فالح ئه‌للامی كه‌ دوێنی به‌ر سزاكان كه‌وت، ناوی نوری مالكی سه‌رۆكی ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری سه‌رۆكی كوتله‌ی فه‌تح هاتوون، كه‌ ده‌ستیان هه‌یه‌ له‌ كوشتنی هاووڵاتیان له‌رێگه‌ی قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانیانه‌وه‌، كه‌ هێشتا ئه‌مریكا ئیعلانی نه‌كردووه‌.

وایده‌بینم ئه‌مریكا هادی عامری و نوری مالكی هه‌ڵگرتووه‌ بۆ كاتی پێویستی قسه‌كردن له‌سه‌ر هه‌ر پێكهاته‌كه‌یه‌كی ئیداریی و تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌وه‌ی نابێت كاری سیاسی بكه‌ن.

له‌سه‌روو لیسته‌كه‌وه‌ ناوی ئه‌بو جیهاد هاشمی به‌رێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی تێدایه‌ كه‌ ئه‌مریكا هێشتا راینه‌گه‌یاندووه‌. هاشمی به‌ملیۆنه‌ها دۆلاری له‌ژێر چنگدا بووه‌ و بۆ خه‌ڵكانی ئیرانی سه‌رفكردووه‌. ته‌نانه‌ت وا له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت كه‌ ئه‌بو جیهاد هاشمی بریاره‌كانی له‌ ئاست عه‌بدولمه‌هدی-دا بووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، رێكخه‌ری دارایی نێوان سه‌رۆك وه‌زیران و چالاكییه‌كانی پاسدارانی ئێران بووه‌ له‌ عیراق كه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار وه‌به‌رهێنانیان كردووه‌ له‌ بواری خانوبه‌ره‌و هێنانی مادده‌ی خۆراكی. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌بو جیهاد هاشمی له‌گه‌ڵ ده‌نگۆی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كانی دادی نادات. 

یه‌كێكی له‌نێو لیسته‌كه‌ی ئه‌مریكا كه‌ ناوی هاتووه‌ و هێشتا ئه‌مریكا ئیعلانی نه‌كردووه‌ ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی-یه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی كوتله‌ی فه‌تح و سه‌رۆكی میلیشیای كه‌تیبه‌كانی جوندلئیمام-ه‌، یاخود حه‌سه‌ن سالم له‌ كوتله‌ی سادقون سه‌ر به‌ عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق.

دوا قسه‌ له‌نێوكۆی ئه‌م نووسینه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا تا ئاستی سووككردن، ئێرانچییه‌كانی ناوعیراق له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا سوككده‌كات، هه‌م ئامانجه‌كه‌ی خۆی ئه‌پێكێت، هه‌م په‌یامێكیش ئه‌دات به‌هه‌موو ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ خه‌یتێكی باریكیان له‌گه‌ڵ ئێران ماوه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×