سەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی بریتانیا

زاهير باهير
  2019-12-13     914
پارتی کرێکاران بۆ جاری سێیەم لەساڵی 2010وە هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند. سەرەنجامی هەڵبژاردنەکەی دوێنی 12/12 دوو بەڵگە دەسەلمێنێت. 

یەکەم: ئەوەی کە حوکم دەکات و دەسەڵاتی پارتی حوکمڕانی ئایندە دیاریدەکات میدیایە، ئەو دەزگە زەبەلاحەیە کە هەر پارتێك پشتی تێبکات و دژی بخوینێت زۆر زەحمەتە هەڵبژاردن بباتەوە. میدیا لەبریتانیا باشترین ئامرازی هەڵخەڵتێنەری خەڵکییە، خراپ دەکاتە باش، درۆزن دەکاتە ڕاستگۆ، بەرنامەی خراپ دەکاتە باش، بێ ئومێدی دەگۆڕێت بەئومێد... بێ گومان پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە. هەر زوو پێش ڕۆژی هەڵبژاردن پێمان دەلێت کە چ پارتێك دەیباتەوە، بە ژمارەی ئەندامەکانیشیەوە تەنانەت بە ڕیژەی سەدیش سەرەنجامەکەت دەداتێ.

دووەم: کۆمەڵی بریتانی کۆمەڵێکی زۆر موحافیزکارە، ئیتر گرنگ نییە مانیفێستەکەت چەندێك ڕادیکالەو چەندێك بەجێ‌و لەخزمەتی زۆرینەدایە. 

گەرچی مانیفێستەکەی لەیبەر هێشتا وەکو ئەوەی کە لە ساڵانی 70 کانا هەیانبوو ڕادیکال نییە هەروەها زۆر لەخوارەوەی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی‌و وڵاتانی سکەندەناڤیاشەوەیە. هەوڵی لەیبەر لە مانیفێستەکەیدا بنیاتنانی کۆمەڵی سۆشیالیستی نەبوو بەڵکو دەیویست کە هیچ نەبێت بە لۆقە لۆق بگاتەوە بەو وڵاتانەی کە ناوم هێنان و بەمەش ڕواڵەتێکی جوانتر بە سیاسەتی نیولیبراڵ و لیبراڵ بدات و ژیانیان درێژتر بکاتەوە . 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دەنگەدەرانی بریتانی لەیبەریان ڕەتکردەوەو لەوە دەکات کە قەبوڵیان بێت کە: سیستەمی تەندروستی خراپتر بێت، قەرزی قوتابییان بمێنێتەوە، باخچەوی ساوایان نەبێتە خۆڕایی، کرێی هاتوچۆ گرانتر بێت، بێ خانووبەرە زۆرتر بێت ، ژنان زیاتر بکوژرێن و توندوتیژی بەرانبەریان زیاتربێت، کرێخانوو گرانتربێت ،کرێی سەر کار کەمتر بێت لەگەڵ ئەو پەڕی هەلومەرجی نەگریسی سەر کار، ڕۆژی کارکردن درێژتر بێت، کۆمەڵێکی ڕایسستتر و سێکستتری زیاتری هەبێت، ڕای دژ بەبێگانەو کۆچبەران و پەنابەران و موسڵمانەکان خراپتر بێت، قەدەخەکردنی خۆپیشاندان و مانگرتن بە گوێرەی یاسا جێ بەجێبکرێت، نرخی کاڵاکان گرانتر بێت، باج لەسەر سامانداران کەمتر بێت، قوتابخانەکان قوتابی زیاتر لەپۆلەکانا هەبێت، مامۆستا کەمتر بێت، کەمتر دەربەستی ژینگەبێت و ... زۆری تر لەمانە. 
لەوەش خراپتر ئەوەیە کە بە گوێرەی شیکەرەوەیەك [ موحەلیل] دەڵێت پارتی لەیبەر لە سەدا 12 ی دەنگی لەو شوێنانەی کە زۆربەیان کرێکار و هەژار نشینن لە دەستداوە.

ئێمە لەبریتانیا کۆمەڵێكمان هەیە کە قەبوڵی تۆزێك ڕیفۆرم-یش ناکات جا لەشۆڕش بگەڕێ و بیری لێـمەکەرەوە. هەر وەکو پێشتریش وتومە ئەم وڵاتە دوا وڵات دەبێت لەشۆڕشدا، هۆکارەکەشی ئاشکرایەو پێشتر قسەم لەسەر کردووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×