هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت لەهەرێمی‌ کوردستاندا

د. ئیسماعیل نامیق
  2019-12-20     916
هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت لەعێراقدا بووە بەواقع، بڕیاردان لەسەری‌ تەنها مەسەلەی‌ کاتەو پەیوەندی‌ بەپەسەندکردنی‌ یاسای‌ هەڵبژاردنەوە هەیە، پێدەچێت لەماوەیەکی‌ نزیکدا یاساکە پەسەند بکرێت‌و هەڵبژاردنی‌ پێشوەختیش بڕیاری‌ لەسەر بدرێت. 

لەحاڵەتی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پیشوەخت لەعێراقدا، لەهەرێمی‌ کوردستانیشدا ئەو هەڵبژاردنە دەبێت بەپێویستی‌، بۆیە پێویستە لەئێستاوە لەهەرێمی‌ کوردستاندا قسە لەسەر هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت بکرێـت‌و هەنگاوی‌ بۆ بنرێت‌و بڕیاری‌ لەسەر بدرێت، لەبەر ئەم هۆکارانەی‌ خوارەوە:

1) هەڵبژاردنی‌ 12/ 5/ 2018 عێراق کە ئەم حکومەت وپەرلەمانەی‌ ئێستای‌ لێ دروستبوو، هەڵبژاردنێکی‌ پڕ ساختە بوو، بەهیچ شێوەیەک گوزارشت ناکات لەوویستی‌ دەنگدەر وخەڵک، بەهەمان شێوە، هەڵبژاردنی‌ 30/ 9/ 2018 پەرلەمانی‌ کوردستانیش هەڵبژاردنێکی‌ پڕ ساختەبوو، گوزارشت ناکات لەوویستی‌ دەنگدەر وخەڵک.

2) دۆخی‌ حوکمڕانی‌‌و کارگێڕی‌‌و دارایی‌‌و ئابوری‌ لەهەرێمی‌ کوردستاندا، ئەگەر لەبەغداد خراپتر نەبێت، ئەوا باشتر نیە.

3) ئەگەر لەعێراقدا هەڵبژاردنێکی‌ باش بکرێت، بەتایبەتی‌ ئەگەر بەسەرپەرشتی‌ لایەنی‌ نێودەوڵەتی‌ بێت، ودۆخێکی‌ سیاسی‌ وحوکمڕانی‌ سەقامگیر وگونجاوی‌ لێوە بەرهەم بێت، بەدڵنیایەوە، کاریگەری‌ دەبێت لەسەر سەقامگیری‌ سیاسی‌ لەهەرێمی‌ کوردستاندا، چونکە لەحاڵەتی‌ رودانی‌ گریمانەیەکی‌ وادا خەڵک وهێزە سیاسیەکان لەهەرێمی‌ کوردستاندا هەر سەیر کەر نابن، بەڵکو رەنگە دەنگی‌ ناڕەزایی‌ وداواکاری‌ بەرز بێتەوە، بۆیە پێش ئەوەی‌ ئەوە رووبدات ئامادەکاری‌ بکرێت باشترە.

4) ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردن لەکاتی‌ خۆیدا یەکێکە لەداخوازی‌ وپێداویستیەکانی‌ دیموکراسی‌، بەڵام ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت، دەبێتە هۆی‌ بەهێزبوونی‌ دیموکراسی‌. هەروەکو چۆن بووە بەسیمای‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌.

5) هەرێمی‌ کوردستان بەحساب 10 ساڵ لەپێش عێراقەوەیە، لەئەزموونکردنی‌ دیموکراسی‌ وهەڵبژاردن، بۆیە مەعقول نیە عێراق بەو هەموو نەتەوەو ئاین ومەزهەبە جیاوازەوە، بتوانێت هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت بکات، بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەکانی‌، بەڵام لەهەرێمی‌ کوردستاندا هەتا ئێستا نەتوانرێت هەڵبژاردنێکی‌ پێشوەخت ئەنجامبدرێت وکێشەکانیش وەکو خۆیان یان گەورەتر بن، بەپەردەپۆشکراوی وئارایشتکراوی‌.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×