بۆچی دژی بە بازنەکردنی قەزا بوین؟

كاوه‌ محه‌مه‌د
  2019-12-25     706

لەجەلسەی دوێنێ ٢٤-١٢ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، بەبێ بەشداری زۆربەی زۆری پەرلەمانتارە کوردەکان، بە مەنتیقی زۆرینەو کەمینە یاسای تازەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تێپەڕێنرا.

جەوهەری کێشەی ئێمەی پەرلەمانتارانی کورد لەگەڵ یاساکە، خۆی لەرەتکردنەوەی بەبازنەکردنی قەزا دەبینیەوە، بەڵام ئیئتیلافی السائرون-کە هەر لەسەرەتاوە سواری شەپۆلی خۆپیشانانەکان بون- پێشنیاری شەشەمیان تێپەڕاند کە بەپێی ئەو پێشنیارە؛

١-بازنەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای قەزا دەبێت نەک پارێزگا.
٢-خۆکاندیدکردن سەداسەد فەردی دەبێت..

ئێمە کێشەمان لەگەڵ بەشی دوەمی پێشنیارەکە نەبو کە وادەکات رۆڵی حزبەکان کەم بکاتەوەو زیاتر تاکەکان وەک توانا دەرکەون، دەکرا لەحاڵەتی بەبازنە هێشتنەوەی پارێزگاشدا پشت بە خۆکاندیدکردنی فەردی ببەسترێت.

بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ بەبازنەکردنی قەزا بو، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە کە لە زۆر روەوە هەم دژ بە دیموکراسی و ئیرادەی دەنگدەرە و هەم دژ بە بەرژەوەندی کوردیشە:
١- ئەنجومەنی نوێنەران باڵاترین دامەزراوەی تەشریعییە لەسەر ئاستی فیدرالی و ئەرکەکانی سەراپاگیرو لەئاستی دەوڵەتین، بۆیە بەپێچەوانەی دامەزراوە لۆکاڵییەکان، چەندە بازنەی هەڵبژاردن فراوان بێت، زیاتر تەعبیر لەئیرادەی دەنگدەر دەکات و نیشتیمانیانەتر دەبێت کە هەر ئەندامێکی ئەنجومەنەکە خۆی بە نوێنەری هەمو عیراق بزانێت نەک ناوچەیەکی بەرتەسکی جوگرافی، چونکە بۆ نوێنەرایەتی ئەو ناوچانە پەرلەمانی هەرێمەکان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بونیان هەیە.

چارەسەر ئەوە نەبو بازنەی هەڵبژاردن بچوکتر بکرێتەوە، بەڵکو زەرور بو بازنەکە گەورەو سەراپاگیر بکرێت یان لانیکەم وەکخۆی -پارێزگا- بمێنێتەوە.

٢-جێگەی سەرسوڕمانە کە هەندێ کەس و لایەن بەشانوباڵی ئەو یاسایەدا هەڵدەدەن کە گوایە لەخزمەتی دیموکراسییەو دەسەڵاتی حزبەکان کەمدەکاتەوە..لەکاتێکدا ئەمە رێک پێچەوانەیە، بەتەواوی لەخزمەتی حزب و قەوارە گەورەکانە، چونکە لەچوارچێوەی قەزایەکدا رۆڵی ئەو حزبە پارەدارو خاوەن هێزە چەکدارانە یەکلاکەرەوەتر دەبێت لەسەرخستنی هەر کاندیدێک کە هی خۆیان بێت.

٣-رۆڵی عەشیرەت و قەبیلەو تائيفەو ئینتیمائاتە بچوکەکان لەو بازنە تەسکانە زۆر بەهێزەو دیسانەوە حزبە گەورەکان لەرێگەی کاریگەریان بەسەر عەشیرەت و گروپە بچوکەکانی دیکەوە، دەتوانن بەئاسانی کاندیدی دڵخوازی خۆیان سەربخەن.

٤-بۆ ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، کورد زەرەری زۆر دەکات و کورسییەکانی لەکەمی دەدات، هەر بۆ نمونە، کورد لەناو قەزای مەرکەزی کەرکوک بە بەراورد بە عەرەب و تورکمان کەمینەیەو بەپێی ئەم یاسا تازەیە جارێکی دیکە ئەو کورسیانە ناهێنێتەوە کە ئێستا هەیەتی، جگەلەوە قەزایەکی وەک داقوق کە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ١٠٠ هەزار کەس کەمترە، هەوڵێک هەیە بەپێی ئەم یاسایە بخرێتە سەر قەزای حەویجەی زۆرینە عەرەب و دەنگێکی زۆری کوردی داقوق بفەوتێت کە سەرەنجام لەکەرکوکیش دەڕوات.

٥-ئەوە جگە لەوەی لەروی تەکنیکیەوە کێشەگەلێکی زۆر هەن کە وا دەکات ئامادەکاری و زەمینەسازییەکان کاتێکی زۆریان بوێت کە ئەویش پەیوەندی بە دیاریکرنی سنوری قەزاکان و جیاکردنەوەی لیستی دەنگدەران و هەندێ پرسی دیکەوە هەیە، بەتایبەت کە ٦٧ قەزا لەعێراقدا سنوری ئیداریان یەکلانەبۆتەوەو کێشەیان هەیە. هەر بۆیەش گومان دەکرێت کە هەندێ لەفراکسیۆنەکان لەئەساسدا بۆ ئەوە پشتیوانیان لێکرد تا هەڵبژاردنی پێشوەخت یان ئەنجام نەدرێت یانیش دوابکەوێت.

٦-بەپێی ئەم یاسایە دەنگدانی ئەلەکترۆنی وەکخۆی مایەوە و دیسانەوە ئەو دەرگایەی بەکراوەیی بۆ حزبە تەزویرچییەکان هێشتەوە کە دەنگی دەنگدەران تەزویر بکەن.

وردەکاری دیکە زۆرن کە لەوبارەیەوە قسەیان لەسەر بکرێ، بەڵام دڵنیاین ئەم یاسایەش بەقەدەر یاساکەی ساڵی ٢٠١٠ بۆ کورد و دیموکراسی خراپە و لەئایندەدا دەرەنجامەکان ئەو راستییەمان بۆ روندەکەنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×