کۆمەڵگە وەک خودا

ئارام قادر حەمەسور
  2019-12-25     1424
هێزی داب‌و نەریتەکان تاکەکانی خستۆتە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، داب‌و نەریتەکان بەشدارن لە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی تاکەکان و بەشێکن لە ژینگەی کۆمەڵایەتی. سۆسیۆلۆژیا لەپاڵ هۆکاری بۆماوەیی هۆکاری ژینگەی کۆمەڵایەتیی داناوە بۆکارتێکردن و درووستبوونی تاکەکان، واتا مرۆڤ وەک بەرهەمی بۆماوە و ژینگەکەی.

 کۆمەڵگە مێژوو دەجوڵێنێت، حەقیقەتێکی سۆسیۆلۆژییە. ئەمەش وای لەکارڵ مارکس کرد بڵێت: کۆمەڵگە هۆشیاریی تاکەکان دیاریی دەکات. واتا مرۆڤ بەرهەمی کۆمەڵگەکەی خۆیەتی.

کۆمەڵناسی عێراقیی د.عەلی وەردی دەڵێت: تاک لە کۆمەڵگەی عێراقیدا خەوێندراوە وەک خەواندنی موگناتیسی، واتا کۆمەڵگە تاک دەجوڵێنێت، داب و نەریتەکان ئەو کۆنتڕۆڵانەن لە بەیانییەوە تا خەوتن مرۆڤ دەجوڵێنن و ئاڕاستەیان دەکەن. واتا مرۆڤ بۆتە ڕۆبۆتی داب و نەریتەکان و دەجوڵێندرێت لەلایەن کۆمەڵگەوە.

دۆرکهایم کۆمەڵناسی فەرەنسی کۆمەڵگەی بە خودا دانا، وەک میتافۆرێک بۆ کاریگەری گەورەی کۆمەڵگە بۆسەر تاکەکان و ئاڕاستە کردنیان. واتا کۆمەڵگە وەک خودا حەڵاڵ و حەڕامەکان بۆ تاکەکان دیاریی دەکات. دۆرکهایم ئایینی وەک داهێنراوێکی کۆمەڵگە زانیوە، کۆمەڵگە بۆ پتەو بوونی خۆی ئایین بەکاردەخان. واتا ئایین چیمەنتۆی کۆمەڵگەیە.

گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیش قورسترین جۆری گۆڕانکارییە لە بونیادی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا، داب و نەریتەکان بوونەتە کولتوور و تەقدیس کراون و ڕۆچونەتە ناخی تاکەکان و گۆڕینیان قورسە، بەڵام دەکرێت بگۆڕێن. 

کۆمەڵگە دەتوانێت لەڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە گۆڕانکاریی لە داب و نەریتەکان بکات، بەمەش ژینگەی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت.

ئێمە لەژێر کاریگەری تەکنۆلۆژییادا بەشێکی داب و نەریتەکانمان گۆڕدراون، لەداهاتوودا بە کاریگەری پەروەردە و جیهانی ئینتەرنێت داب و نەریتەکان زیاتر دەگۆڕدرێن و کاڵ دەبنەوە. گڵۆبالیزەیشن بەنەرمی دەتوانێت عەقڵییەتە خێڵەکییەکان لەناوبەرێت، لەکۆتاییدا هەمووان گوێ لە لەوخودایە ناگرن کە دۆرکهایم پێی دەڵێت کۆمەڵگە. کولتووریش گەر هەمووی نەگۆڕدرێت بە ماددی و مەعنەوییەوە، ئەوا بەشێکی دەکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕانکاری.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×