حکومەتی عەرزوحاڵ

دلاوەر عەلی سۆفی کەریم
  2019-12-29     1079

      

پێش دەستپێک بەداوای لێبوردنەوە لەگشت ئەو کەسانەی کە پیشەکەیان عەرزەوحاڵچێتیە، سڵاویش لەڕۆحی مەلا سمایل‌و تەلعەت‌و ڕەشەی سایەق‌و گشت عەرزوحاڵچیەکانی تری شار.



       بۆ عالی مەقام جەنابی (....................) ئەفەنی
               م/ عەرزوحاڵ
من کە ناوم ( فڵانی کوڕی فیسارە ) لە حاشیەدا ئیمضام کردوە،لەمەوالیدی ئەم مەعمورەیەم ئەم عەرزوحاڵە ئەخەمە بەر نەظەری مەعالیتان بۆ بەحث و موتابەعە، بەئەمەلی ئەوەی ڕۆژێک قەناعەت بفەرمون‌و قەڵەمی لوطفی بەسەردا بهێنن‌و مەملەکەت لەم ظاهرە قەبیحە ئینقاذ بکەن کە تا ئەم لەحظەیە عمومی ئەهالی مەملەکەت موبتەلان بەدەستیەوە کە عبارەتە لە(عەرزوحاڵ) تەقدیم کردن بەمەئمورانی دەوڵەت، وە موطمەئینین بەیەقینەوە کە حەلی ئەم موشکلەیە زۆر موستەعصی نیەو بەمەعالیتان حەل ئەبێت، مونتەظیری کەرەمو عەطای مەعالیتانین، و(السلام علیکم ورحمة اللە و برکاتە)  

                                          فڵانی کوڕی فیسار
ئەهـــــــــــــــــــــلی  مەعـــــــــــمورە
                                          ساڵی ٢٠ لە قەڕنی ٢١
.

ئەوەی بەر دیدی بەڕیزتان کەوت نمونەیەکە لەو داوایانەی کە بە زمانی عوسمانلی نوسراوە خەڵک داوایان پێ پێشکەش کردوە بەکاربەدەستانی ئەو ڕۆژگارە، سەیرەکە لەودایە ئێمەی کورد لەهەرێمەکەماندا دوای بەڕێکردنی بیست ساڵ لەسەدەی بیستویەک‌و زیاتر لەبیست‌و هەشت ساڵ حوکمی کوردی‌و خۆماڵی‌و گۆڕینی نۆ کابینەی حکومەت، هێشتا لەزەمانی عەرزوحاڵدا ئەژین کە ڕەنگە ئەمە نەک هەر وەستان‌و خولانەوە بێ لەبازنەیەکی تەسک لەبیرکردنەوە، دواکەوتویی‌و پاشاگەردانی‌و بێ پلانی، بەڵکو مایەی گاڵتەجاریشە کاتێک خاوەن بڕوانامەیەکی باڵا لەدبلۆمەوە تا دکتۆرا، کە ڕێی ئەکەوێتە فەرمانگەیەکی حکومەت، ئەبێ بچێتە بەردەم عەرزوحاڵچیەک کە ڕەنگە بەهەزار حاڵ قۆناغی سەرەتایی بڕێبێ، خۆ ئەگەر هەرچەند خوێندەوارو زانابیت عەرزوحاڵەکەت کاری پێناکرێت ئەگەر مۆری عەرزوحاڵچیەکی پێوە نەبێت!
باسەکە ئەوەیە ئێمە لەم وڵاتەدا زۆر ئەبیستین‌و کەم ئەبینین، فرەیان دا بەگوێماندا کە گوایە کوردستانمان بۆ ئەکەن بەدوبەی، گەڵێجار گوێبیستی ئەوە بوین حکومەتی ئەلەکترۆنیمان بۆ دائەمەزرێنن‌و بایۆمەتریمان بۆ ئەخەنە ڕێ، تەنانەت لەسواڵێکی دەنگ کۆکردنەوەدا بۆ هەڵبژاردن بەڵێنی ئەوەشمان پێدرا کە پشکمان ئەبێت لەداهاتی نەوت لەبەرئەوەی ئێمە کوردین‌و هاوڵاتی ئەم  هەرێمەین، بەڵام کۆتاییەکەی بەپاشەکەوتی موچە شکایەوە، بەڵێنی زۆر قەبەیان داینێ‌و وا نەبو، با بێینەوە سەر عەرزوحاڵی ئەلەکترۆنی ببورن حکومەتی ئەلەکترۆنی، زۆر جار کە ئەچیتە بەردەم کاربەدەستێک باسی سیستمی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکات بۆ ئەکات، بەڵام خۆی ئامادە نیە داوایەک لەتۆی هاوڵاتی وەربگرێت ئەگەر مۆری عەرزوحاڵچیەکەی بەردەرگای پێوە نەبێت، تا ئێرەش با بەس بێت بەڵام کاتێک کار بگاتە ئەوەی دەوڵەت ڕەزامەندی بدات لەسەر ئەوەی کۆمپانیا دابمەزرێت بۆ عەرزوحاڵ نوسین‌و کلێشەی داوای هاوڵاتیان بەمانایەکی تریش، کە ئەوەش قۆرغکراو بێت بۆ دۆست‌و ئەحباب بۆ دەوڵەمەند کردنی تایبەت بێت لەسەر گیرفانی هاوڵاتی تاکی ئەم میللەتە، ئەمەیان نەک هەر جێی دڵتەنگی‌و نەهامەتیە بەڵکو گریان‌و قوڕ پێوانیشی ئەوێت، بەگوناح نەبێت ئەڵێن ئەو جێگایانەی کە لەهەندێ فەرمانگەدا ئەدرێتە هەندێ عەرزوحاڵچی نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بەڵگەش بۆ ئەم گومانە ئەوەیە کە کەسێکی ئاسایی بۆی نیە مێزو ئوچ‌و مەرەکەب نزیک ئەو فەرمانگەیە دابنێ خۆ ئەگەر داشیبنێ ئەوا عەرزوحاڵەکانی کاری پێناکرێت، چونکە مۆرەکەی لەلایەن ئەو فەرمانگەیەوە ڕاستاندنی بۆ نەکراوەو قەڵبە، لەکاتێکدا لەتەواوی دنیادا وا سیستمی ئیدارەو حوکمداری ئەبێتە ئەلەکترۆنی، بەرەو زیرەکی دەستکرد هەنگاو ئەنێ، کاتی ئەوە هاتوە بپرسین بۆ سیستم‌و حکومەتەکەی ئێمە حکومەتی ئەلەکترۆنی مۆدێرنی بۆ قبوڵ ناکرێت؟ وەڵامەکەی ئاسانە ............
لەسیستمی ئەلەکترۆنیدا کەمترین پانتایی هەیە بۆ گەندەڵی، کە ئەمەش هەمو ئەوانەی لەگەندەڵی‌و ئەم بازارە شێواوە سودمەندن نەک خۆیانی لێلائەدەن بەڵکو ڕێگری لێئەکەن‌و بەربەستیش ئەهێننە ڕێی، ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی سەرپێی بکەین بۆمان دەرئەکەوێ کە لەحکومەتی ئەلکترۆنیدا سێ کۆڵەکەی سەرەکی هەن بۆ دامەزراندنی، کە یەکێکیان داتاو زانیاریەو دوهەمیشێان پلانێکە کە بەیاسا ڕێکخرابێ، کە ئێمە لەهەردوکیاندا دەستکورتین بگرە ڕەنگە نەشمانبێت. سێهەمیش ناونێشانی تاکی کۆمەڵە کە پۆستی بگاتێ‌و ئەدرێسی ڕاست‌و دروستی هەبێت لەدەوڵەت ون نەبێت، ئەم سێ کۆڵەکەیەوهەندێ ڕێکاری تر کە  لەزۆرێک لەوڵاتانی پێشکەوتودا وایکردوە خەڵکی هەر لەماڵەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن، وەک پارەدانی خزمەتگوزاریەکانیان، یان تازەکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری‌و ساڵانەی ئۆتۆمبێل یاخود دانی باج، تەنانەت دەرهێنانی پاسپۆرت‌و مۆڵەتی خانو دروست کردنیش.
ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت بڵێین تاکی کۆمەڵ ٨٠ بۆ ٩٠%  کارەکانی لەماڵەوە لەڕێگەی سمارتفۆن یان کۆمپیوتەرەکەیەوە ئەنجام ئەدات، ئەوەی جێی ڕامانە ئەوانەی خاوەنی ئەو سیستمانەن بەردەوام لەنوێکردنەوەو ڕێکخستنیدان بۆ باشتر کردنی، ئەگەڕێن بۆ ئەوەی چۆن بتوانن سییستمەکانیان وا لێبکەن کە تاکی کۆمەل بتوانن بەئاسانترین شێوە بەکاریبهێنن کارەکانیان بەکورتترین ماوە تەواو بکەن،  ئەوانەی خاوەنی وەها سیستمێکن پێویستیان بەکەمترین کارمەندی ئیداری هەیە، تواناکانی تری دەستی کار تیایاندا ئەچێتە بواری بەرهەمهێنانەوە کە گەورەترین هۆکارێکە بۆ دروستکردنی ئاسایشی ئابوری‌و گشت بوارەکانی تر کە کۆمەڵگایەکی ڕەگداکوتراوو تۆکمەو پشت بەخۆبەستوو بەرهەم دەهێنێت. وا ئێمەش کە خۆمان بەهاوڵاتی ئەم هەرێمە ئەزانین لەڕێگەی ئەم عەرزوحاڵەوە ئەپرسین، کەی پۆستە ئەکەوێتە کار؟ کەی هەمو تاکێکی کۆمەڵ ئەبێتە خاوەن حسابێکی بانکی؟ کەی حوتەکان لەتۆڕی باج ڕزگاریان نابێت؟ کەی ساڵانە بودجە ئەبرێتە بەردەم پەرلەمان؟ کەی شەفافیەت‌و ڕونی کارەکانی حکومەت ئاشکرا ئەبێت؟ کەی لانیکەمی عەدالەتی کۆمەلایەتی جێبەجێ  ئەکرێت؟ کەی یاسا سەروەر ئەبێت؟  کەی حکومەتی عەرزوحاڵ ئەستۆپاکی خۆی ئەدا بەهاوڵاتی‌و پاشەکەوتی موچەکانی بۆ ئەگێڕێتەوە؟
کەی‌و هەزاران کەی تر تکایە زەمینەی کار کردن بەرینە، ڕو لەهەمو دەسەڵاتداران ئەکەم ئەتوانن هەنگاوی گەورە بنێن، مێژو ڕەحم بەکەس ناکات باش بزانن سەردەمی عەرزوحاڵ بەسەرچوو، سەردەمی زیرەکی دەستکردو حکومەتی ئەلەکترۆنیە کات نەماوە پێشکەوتنەکانی دنیا لەسەر ئێمە ناوەستێت، چاوەڕوانی کەسیش ناکات، ئەگەر دەستوبردێک نەکەن ئەبێ ئەو پەندە بڵێنەوە کە ئەڵێت (تا دەوا پەیدا ئەبێت بۆ دەردم شەماڵ شاد ئەبێت بەتۆزو گەردم)!
بەڕێزان باوی عەرزوحاڵ بەسەرچو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×