بەغدا بەتامی تاران.. هەڵەکە دوبارە دەکاتەوە؟

هەردی مەهدی
  2019-12-31     799
ئەو هەڵەیەی چل ساڵ لەمەوبەر کۆمەڵەگەنجێکی توندئاژۆو بەگڵۆپی سەوزی ڕوحوڵا خومەینی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کردیان و ئێرانی گیرۆدە کردو بۆ دوواوە گێڕایەوە، وا شیعە توندئاژۆکانی عێراقیش لەبەغدا دووبارەی دەکەنەوە.

لە 4/11/1979 لە تاران، گەنجانی پێڕەوی ئیمام "بە وتەی خۆیان"، بە درووشمی " #مرگ_بر_امریکا " هەڵیان کوتایە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و 66دیپلۆماتکار و کارمەندیان بە بارمتە گرت و تا هەنووکە بوویە هۆکارێکی سەرەکی قەیرانی دبلۆماسییەتی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و جیهان و تا ئێستاش ئەوسەری دیار نییە.
سەیر لەوەدایە هەندێک لەوانەی پەلاماری باڵیۆزخانەکەیان دا، ئێستا ئەوان پەشیمانن و هەندێکیشیان مناڵەکانیان لە ئەمریکان و ژیانی خۆشی ئەوێ ناگۆڕنەوە بە گوزەرانکردن لە ئێران.

لەناو ڕای گشتیی گەلی ئێراندا زۆرینەی هەژاری، دوواکەوتوویی و پەراوێزیی سیاسیی ئێران بۆ ئەم ڕووداوە دوور لە ئەتەکێتە دبلۆماسییە دەگێڕنەوە.
وا ئێستاش لایەنگرانی حزبوڵای شیعەمەزهەب و شاگردانی هەمان قوتابخانەی ئیسلامگەرایی، گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان داوە و ئاڵای ئەمریکایان سوتاند و هەڕەشە لە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاش لەناوچەکەدا دەکەن.

گەر ئەم ڕووداوە پەرەپسەنێت، عێراق دەچێتە ناو خاڵی نەگەڕانەوە (لاعودە) و دوورنییە تا شەڕی ناوخۆی عێراق و هەڵوەشانەوە درێژە بکێشێت. عێراق وەک ئێران نابێت و گیرۆدەتر دەبێت، چونکە؛

یەکەم: وەک ئەوکاتی ئێران ڕێبەرێکی کۆکەرەوەی نیە.
دووەم: گوتارێکی یەکگرتوو ئایدۆلۆژیایەکی یەکپارچەی عێراقی و ئینتمایەکی گشتگیر بووڹ نییە، تا جەماوەری سێ پێکهاتەکەی عێراق کۆبکاتەوە.
سێیەم: هێزی لایەنگری ئەمریکا لەناوخۆو وڵاتانی ناوچەکەدا کەم نین.
چوارەم: پێکهاتەکانی تری وەک کوردو عەرەبی سوننە بەدوای هەلدا دەگەڕێن، کورد(کۆمەڵگەی کوردستان لانیکەم) بۆ هەڵوەشاندنەوەی عێراق دەگەڕێت وبیانووی پێکەوەنەژیان بەهێزتر دەبێت، سوننەش بۆ تۆڵەکرنەوەو ڕەتکردنەوەی هەژموونی ئێران، ڕۆڵی خۆی دەبێت.

کورد مامەڵەی وردی پێویستە و پێویست ناکات لە "پاپا کاسۆلیکتر" و لە فەیسەڵ عێراقی تر بێت، کە ئەوان خۆیان نازانن بەڕێوەی بەرن و فەیسەڵی یەکەمیش باوەڕی بە شتێک نەبوو ناوی عێراق بێت، پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لە هەل و هەڕەشەکانی ئەم ڕووداوە.

تەنانەت گەر باڵێۆزخانەکەش نەگیرێت، پەیامی شیعەو نییەتی نەگۆڕی چل ساڵ لەمەوپێشیان تەجەللابوویەوەو بێ شک ئەمریکا بەحساباتی خۆیدا بۆ بەغداو شیعە، دەچێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×