ساڵی نوێ، ڕەقەمێكی تر

عەزیز ڕەئوف
  2019-12-31     1273
بۆ من گرنگە هاتنی ساڵی نوێ تەنها گۆڕینی ڕەقەمێك نەبێت، بەڵكو لەگەڵ هاتنی ڕەقێكی نوێدا پێوستە بەدیدو تێڕوانین و جیهانبینی نوێ ئاشنا بین. بۆ من گۆڕینی ساڵەكان گرنگ نین، ئەوەی گرنگە جۆن بەتەفسیرو خوێندنەوەو شێوازێكی تری نوێ ئاشنا دەبین. ساڵێك لێوانلێو لە قەلەقی‌و نیگەرانی‌و سەرباری ئەوەش دەركەوتنی سەرجەم برینەكانمان. ساڵێك بوو كە سەلماندی كە ئەم كۆمەڵگەیە زیاد لەبرینێكی هەیە.

بۆ من گرنگە لەسەر ڕووداوەكان بوەستین. بەگومانەوە لەسەر سەرجەم هێز و گروپ و دامەزراوەكان هەڵوێستە بكەین. بۆ من ئەم ڕۆحە ڕەخنەییە لەسەرجەم هێز و گروپەكان ئەركێكی گەورەیە و دەبێت لەسەری بەردەوام بین. نیگەرانی بۆ من تەنها لە دەنگهەڵبڕینی هێزەكانەوە نیە كە ئەوەندەی كردەیەكی تاكەكەسییە ئەوەندە هۆشیارییەكی فكری نیە، لای من دەبێت تاكەكان بە گومانەوە لەبەردەم هێزەكان قسەیان هەبێت. ئەم هۆشیاریە تاكەكەسیە لای من لە كردەی هێزە سیاسییەكان گەورەترە.

هەرچۆنێك بێت پێ دەنێینە ساڵێكی نوێوە. ڕەش بین نیم بەوەی بڵێم ساڵی ئایندەش بە برین و كێشەكانمانەوە ئولفەت دەگرین. بەڵام لای من دژە بێدەنگی و دژە بێ هەڵوێستی كردەیەكە شایەنی بەردەوامیە. ئومیدم ئەوەیە ساڵی نوێ ساڵی زیاتر بەرگریكردن بێت لەسەر مافە تاكەكەسی و دەستەجەمعەیەكانمان. ساڵێك بێت لانی كەم كەمێك لە خەم و ئازارەكانمان كەم بێتەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×