بەڵێ کارنامەی گۆران رەسەن بو

چیا عەباس
  2019-12-31     873

بەشی دوەم:  گرێکوێرەکەی گۆڕان‌و کاک نەوشیروان 


کاک نەوشیروان لە سەرەتای دروستبونی کۆمپانیای وشە لە گەڵ چوار دۆستی ( ئەو چوار بەرێزە لە ژیاندا ماون و لە دامەرێنەرەکانی گۆڕانن) باس لە شێوازی رێکخستنەوەی یاسایی موڵکەکان دەکەن. لەو ساتەدا سەد لە سەدی پشکەکان لە سەر ناوی کاک نەوشیروان بو، پێشنیاز بۆ دۆستەکانی دەکات پشکەکان بە رێژەی ٢٠ لە سەد بەسەر هەر پێنجیان دابەش بکرێت تا ئایندەی کۆمپانیای وشە بە یەک کەسەوە گرێ نەدرێت، بەشداربوان ئەو پێشنیازە قبوڵ ناکەن و راشکاوانە بە کاک نەوشیروان دەڵێن تۆ شوێنی متمانەی ئێمەیت و با بەناوی خۆتەوە بمێنێتەوە، هاوکات دەڵێن باشتریشە بیر بکرێتەوە موڵکداریەتیەکە بخرێتە سەر ناوی رێکخراوێک، بەهۆی گەلێک هۆکارەوە، لەوانە یاسایی و دژایەتی سیاسی دەسەڵات بۆ کاک نەوشیروان و دۆستەکانی، ئەم پێشنیازە نەچوە بواری جێبەجێکردنەوە.


گۆڕان تا بەشداربونی لە حکومەتی هەرێم لە ٢٠١٤ بە کۆمەک و قەرز گوزەرانی کردوە، لەو بەینەدا سەدان هەڵسوراوان نانبراو کران، سزادران، لە کار دەرکران و دورخرانەوە. دەستەی بەرپرسانی ئەو سەردەمەی گۆڕان، کە بەشێکیان لە بەرپرسانی ئێستای گۆڕان بون بە پلەی وەزیر و باڵا خانەنشین کرابون و بەردەوام پارەی خانەنشینیان وەردەگرت، لە نێوان خۆیان ریك دەکەون کە مانگانە یارمەتی نانبراوەکان بدەن، دوای ٣٢ مانگ دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر کەم، ئێستا بەشێکیان لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی گۆڕانن، ئەو ئەرکەیان جێبەجێکردبو. 


هەرچۆنێک بێت کاک نەوشیروان و چەند دۆستێکی دڵسۆزی لێرە و لەوێ دابینی پارە بۆ گۆڕان دەکەن. ئەم دۆخە تا ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام دەبێت، ئەو كاتەی کاک نەوشیروان بەهۆی ئاڵۆزبونی باری تەندروستیەوە رو لە دەرەوەی وڵات دەکات.


بەهۆی خراببونی باری تەندروستی و دوری لە وڵات و کاڵبونەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ زۆربەی هاوکارەکانی لە کوردستان کاک نەوشیروان کەوتە نێو چوارچێوەی بازنەیەکی بچوکی داخراو بۆ بەرێوەبردن و کارەکانی بزوتنەوەکە لە دورە وڵاتەوە. دو کورەکەی کاراکتەری بنەرەتی ئەو بازنەیە بون. ئەم دو زاتە شورایەکی قایمی داخراویان  لە دەوری باوکیان دارشت و بەو شێوازەی خۆیان پێیان باش بو جڵەوی هاریکاری و یارمەتیان لە ئەرک و کارەکانی باوکیان گرتبوە دەست. لەم دۆخەدا  کاک نەوشیروان دوچاری دابران و پچڕپچربونی زیاتری پەیوەندیەکانی لە گەڵ هاوکارەکان و دۆستەکانی، تەنانەت کەسایەتی وهێزە سیاسیەکانیش، کرایەوە. 


بەندە لەو ساتە سەختانەدا بۆ ماوەی مانگێک، تا کۆتایی ٢٠١٦، لە گەڵ کاک نەوشیروان بوم لە ماڵەکەی لە لەندەن. سەرەرای ئەوەی بەهۆی ئازار و بێ هێزی و ماندوبونی جەستەیی نەیدەتوانی بۆ چەند چرکەیەکیش بە ئیستراحەت دابنیشێ، بەڵام لە سەر خواستی خۆی ناو بە ناو چەند دۆست و گروپی هەڵسوراوان سەردانیان دەکرد، قسە و باسی چروپری لە گەڵیان دەکرد، تێبینیم دەکرد دڵی بەو سەردانانە خۆشبو، چونکە کەش و هەوای تەنیایی و دابرانیان دەشکاند. 


دۆستێکی زۆر نزیکم بەردەوام پەیوەندی پێوە دەکردم و داوای لێدەکردم داوا لە کاک نەوشیروان بکەم مانیفێستی گۆڕان دارێژێت، تا نەوەکانی ئایندە بزانن گۆڕان و ناسنامەکەی و گۆڕانبون و کاری گۆرانخوازان چین. چەندین جار ئەم بابەتەم لە گەڵ خوالێخۆشبو دەوروژاند، ئامادەیی خۆم پیشاندا بۆ ئەو مەبەستە هەمو هاریکاریەکی بکەم، بەڵام ئەو لە هەمو ئەو هەوڵانەمدا بێدەنگ و بێ وەڵام بو. ئەمە بۆ خۆم مایەی سەرسورمان بو، لە دوا مەتافدا لێم پرسی بۆچی بێ وەڵامە، گوتی: ئەم نامەیە بخوێنەوە، نامەی ماڵئاوایی بو لە گۆڕان، نوسیبوی: ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقی و نیشتمانی خۆم جێبەجێکردوە، ئیتر کاتی ئێوەیە کارەکان رێک بخەن و بەرێوەیان ببەن. تێگەیشتم گەیشتبوە قەناعەتی تەواو کە رۆڵی پراکتیکی ئەو کۆتایی هاتوە و بە هاوکارەکانی دەسپێرێت.


پێم گوت: لە بیرتە لە یەکەم کۆبونەوەی بەرپرسانی گۆڕان لە شارەکانی کوردستان لە مەکۆی سەرەکی کە هێشتا جڤاتی نیشتمانی دروست نەبوبو و ئەم هاوکارانەی ئێستا هەمو بەشدار بون و داواشت لە من کرد بەشدار بم، ئەوەبو دوای کۆبونەوەکە پرسیاری هەڵسەنگاندنی منت بۆ کۆبونەوەکە کرد، منیش گوتم هەمو خەڵکی زۆر باشن ئەوەی تێبینیم کرد ئاگابونیان لە یەکتر و هەماهەنگی نێوانیان زۆر لاوازە، لە وەڵامدا پێت گوتم: راستە خەڵکی باشن، بەڵام من لە گەڵ بەشێکیان ئەزمونێکی درێژم هەیە، هەر بوارێکیان بۆ برەخسێت یەکسەر یەک و دو سەردەنێن بەیەکەوە خەریکی تەکەتول و لاوازکردنی یەکتر دەبن، من لە ژیانی سیاسیمدا بەدەست ئەم دیاردانەوە زۆر ئەزیەت دراوم و روبەروی کێشەی گەورەیان کردومەتەوە... بریارم دابو لە گۆڕاندا تا بتوانم رێگری لەم دیاردانە بکەم، ئەوەی هەیە خۆم دەتوانم ئیدارەی بکەم، بۆ نمونە کاک قادر و عوسمان و سالار لە گۆڕان دورکەوتنەوە، سەید عومەر هەوڵێکی زۆری دا تا تەبایی دروست بێتەوە و بەیەکەوە کار بکەین، ئەوەمان کرد، کەچی ئێستا شەو و رۆژ کەوتۆتە رێگریکردن لە کارکردنی ئەو برادەرانە. بەهۆی دۆخی ئێستامەوە تاکە رێگەی بەردەمم راسپاردنی ئەو برادەرانەیە هەوڵ بدەن کارەکانی گۆڕان بەیەکەوە بەرێبکەن، پێشتر دەمزانی  کاک نەوشیروان مەبەستی نەبو بەشێک لەو هاوکارانەی لە دروستکردنی خانەی راپەراندندا بەشدار بن، ئەوەی لە لەندەن گوتی زادەی ناچاریەکی سەرسەخت بو. 


دوای گەرانەوەم بۆ هۆڵەندا پەیوەندیم بە بەرێز سید عومەر کرد، باسی دۆخی تەندروستی رێکخەری گشتیم بۆ کرد و داواشم لێکرد باشترە سەردانێکی بکات، لە وەڵامدا یەکسەر داواکەی رەتکردەوە. لەو هەوڵەم بەردەوام بوم، بۆیە پەیوەندیم بە بەرێز مامۆستا جمال کرد و باسی هەوڵەکەم و وەڵامی سید عومەرم بۆ کرد، داواشم لێکرد هەوڵی لە گەڵ بدات تا بەیەکەوە سەردانی کاک نەوشیروان بکەن، مامۆستا بەڵێنی دا چی پێ بکرێت بیکات، دوای دو سێ رۆژ ئاگاداری کردم کە سەید عومەر بە تەنیا سەردانی کاک نەوشیروان دەکات.


ئەگەر هەڵە نەبم لە مانگی فێبرواری ٢٠١٧ سەید عومەر دەچێتە لەندەن، لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبونی دو دۆستی دێرینی هەر دوکیان ( لە ژیاندا ماون)  باسی موڵکەکانی کۆمپانیای وشە و گۆران دەکرێت. ناوەرۆکی باسکردنەکە جێدەهێڵم بۆ ئەو بەرێزانەی ئامادەی دانیشتنەکە بون، هیواادرم بێنە سەرخەت و قسەی خۆیان بکەن. ئەوەی لای من ئاشکرایە کاک نەوشیروان لەو ساتەدا لە گەڵ رونکردنەوەی هۆکارەکانی ناچێتە ژێر باری یەکلاییکردنەوەی پرسی موڵکەکان بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، جەخت دەکات لەوەی ئەو موڵکانە موڵکی گشتین و دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار بهێنرێن. 


دوای وەفاتی کاک نەوشیروان و دەرکردنی قەسامی شەرعی موڵکەکان بەناوی وارسەکانی کاک نەوشیروان ەوە نارەزاییەکی بەرفراوانی رەوا لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان و جەماوەرەکەی بەرپابو. گواستنەوەی موڵکی گشتی، بێ بەرچاورونی چۆنیەتی بەکارهێنان و ئیدارەدان و سەرفکردنی، لە سەرکردەیەکەوە بۆ وارسەکانی، تایبەت سەرکردەیەکی وەک کاک نەوشیروان، کارێکە لە گەڵ پرەنسیپەکانی چاکسازی و گۆرانکاری و مێژوی خودی کاک نەوشیروان یەک ناگرنەوە. لەو ساتەوە تا ئەم چرکەیەش ئەمە یەکێکە لە گرێکوێرە گەورە و ئاڵۆز و کێشەدارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. هاوکاتیش بۆتە زەمینیەکی لەبار بۆ هەوڵەکانی هێرشکردنە سەر کاک نەوشیروان و لاوازبونی بەرچاوی بزوتنەوەکە.


کاتێک گۆرانخواز و هەڵسوراو و دۆست و جەماوەر و خەمخۆرە دڵسۆزەکان  دەرباری ئەم گرێکوێرە دەنگیان بەرزدەکەنەوە و لە کورەکانی خوالێخۆشبو و دەسەڵاتدارانی گۆڕان داوای رۆشنی و شەفافیەت دەرباری کۆی پرۆسەکە دەکەن مافێکی رەوای خۆیانە وەڵامی راست و دروست وەربگرن، بەڵام ئەوان تا ئەم چرکەیەش ئەو پرسە هەستیارەیان پشتگوێ خستوە، پشتگوێخستنێک هەزار و یەک پرسیاری لێکەوتۆتەوە. 


لە هەناوی ئەم واقیعەدا مانەوەی ئەم گرێکوێرە لە تاریکیدا خزمەتی پرسی چاکسازی و ئیرسی مەعنەوی و سیاسی کاک نەوشیروان ناکات.، دانەوێڵەش بۆ نەیاران رۆدەکات بە جۆرەها شێواز ئەم گرێکوێرە بۆ مەرامی تر بەکاربهێنن.


هێز و تاقم و کەسانە نەیارەکانی کاک نەوشیروان کەم نین و تەنها هی سەردەمی گۆڕانیش نین، بەشێکیان دەسەڵاتدار و خاوەنی پێگەی بەهێزی سیاسی و مادی و راگەیاندن و حوکمرانین، زۆربەیان ئەم گرێکوێرە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ  بە جۆرەها شێواز بەکار دەهێنن بۆ ناوزراندنی کاک نەوشیروان، مەبەستیانە بیرۆکەیەک و ئینتباعێک لای جەماوەری گۆڕان بچێنن کە هەرچی دەرباری موڵکداریەتی نما و چیایە خواستی خودی کاک نەوشیروان بوە. لە سایەی نەکردنەوەی ئەو گرێکوێرە و غیابی خەمخۆری نما و چیا و دەسەڵاتدارانی گۆڕان ژمارەیەکی زۆری گۆرانخوازە رەسەنەکانیش پرسیاری دروست دەرباری ئەو پرسە دەکەن، هەرچۆنێک بیت دەبێت جیاوازی بکرێت نێوان نیەتی گومانلێکراوەکان و نیەتی دڵسۆز و خەمخۆران و بە یەک چاو سەیر نەکرێن.  


تاپۆکردنی موڵکەکان لە سەر وارسەکانی تەنها یەک شت دەسەلمێنێت، ئەویش ئەوان تەنها وارسی یاسایی ( نەک رەوا و شایستەی) ئەو موڵکە گشتیانەن، ئەم واقیعە ناکرێت هەرەمەکی و بە مزاج بکرێتە ئاوێنە بۆ نیەتی کاک نەوشیروان و بۆ مەرامی سیاسی ژێر بەژێر بەکار بهێنرێت، ئەمە دیوێکی دراوەکەیە، مەخابن دیوەکەی تری نادیار و شاردراوەتەوە.  پێشتر و ئێستاش باوەری توندم هەیە کە کاک نەوشیروان وەسیەتێکی بۆ پرسی موڵکەکان جێهێشتبێت.


با بزانین ئەم ئەڵقە گونبوەی موڵکداریەتی بۆ نادیار و شاردراوەتەوە؟
کاک نەوشیروان ناسراوە بە سەرکردەیەکی خاکی و چاوی لە موڵک و ماڵی دنیا نەبوە و بە درێژایی خەباتی دژی تەوریسی سیاسیش بوە.


دوای گەرمبونی باس و خواس لە سەر تەوریسی سیاسی و موڵکداریەتی کورەکانی چەند جارێک بە پەیامی ئەلکترۆنی ( لای خۆم پارێزراون) و تەلەفۆن قسەم لە گەڵ نما کرد کە بۆ سەردان لە لەندەن بو، پێشنیازم بۆ دو براکە کرد کە راگەیاندراوێک بە ناوی خۆیان بڵاوبکەنەوە، تێیدا باس لەوە بکەن کە ئەو موڵکانە موڵکی گشتین و بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکار دەهێنرێن و کەس بۆی نیە تەسەروفی تایبەتیان پێوە بکات، دەقی راگەیانراوەکەم بۆ پێشنیاز کردن، پاش چەند رۆژێک نما وەڵامی دامەوە و گوتی خۆی و چیا لە سەر تەواوی دەقەکە رازین.


پاش چەند رۆژێک دیسان پەیوەندیم بە نما کردەوە و پرسیاری راگەیانراوەکەم لێکرد، لە وەڵامدا گوتی: وەک رێزلێنان لە سەید عومەر پێشتر بۆ ئەومان نارد، بەڵام ئەو پێی باش نەبو بڵاوبکرێتەوە، منیش پێم گوت کە واتان کردوە کەواتە  
لە مەوداو کەیفی خۆتانە چی و چۆن دەیکەن، چونکە هەستم کرد دۆزینەوەی شەریک بو بۆ مانەوەی پرسەکە بە تەم و لێڵیەوە.


نزیکەی دو هەفتە دوای ئەوە سەید عومەر لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی مەسەلەکەی تەقاند و گوتی: ئەو موڵکانە هی کاک نەوشیروان بون و بۆ وارسەکانی جێی هێشتوان و ئێستا موڵکی ئەوانە. ئەم لێدوانە ئەوەندەی تر گرێکوێرەکەی ئاڵۆزتر و دژوارتر کرد، بۆ خۆشم بۆچونێک لام گەرای دادەنا: تۆ بڵیی ئەمە زادەی رێکەوتنێک یاخود لێکتێگەیشتنێک نەبێت نێوان کورەکان و خانەی راپەراندن؟ 


لەو ساتەوەش خەڵک هەقیانە بە گومانەوە تێرامان و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو مەسەلەیە هەبێت.
بەرێز عبدالرزاق شریف دوای دەرکردنی لە بەرپرسیاریەتی و جڤاتی نیشتمانی زنجیرەیەک نوسینی بڵاوکردەوە، لە یەکێک لە ئەڵقەکاندا باس لەو راگەیانراوە دەکات کە لە گردەکە پیشانیان داوە و بۆچونی خۆی لە سەر بەیان کردوە. 
ئەوەی من نوسیبوم ئەوە بو کە ئەو موڵکانە دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی بەکاربهێنرێن و بگەرینرێەوە بۆ موڵکداری گشتی، کاک رەزاق پێێ باش بوە ئەوانە بکرێن بە موڵکی گۆڕان.


مێژوی کاک نەوشیروان و هەڵسەنگاندنی ئەو مێژوە بە رۆژ و دو رۆژ و نوسین و دو نوسین و کۆمێنت و دو کۆمێنت و روداو و دو روداوێک تەواو نابێت، کاری رەتدانەوەی تایبەت و دۆخ و بارێکی تایبەت نیە، ئەوە ئەرکێکی قورسە و کاتێک زۆربەی بەشەکانی ئەو مێژوە وەک خۆیان دەدۆزرێنەوە و بەیەکەوە گرێدەدرێن ئەوسات بەرچاورونیەک سەرهەڵدەدات.                                                                      
                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                                       
مهاتما غاندی مرد و بەشێک لە نزیکەکانی رێبازە بەهادارەکەی ئەو مرۆڤە مەزنەیان شێواند، بەڵام غاندی بە مەزنی ماوەتەوە، لنکۆڵن و مارتن لوپەر و مەندێلا و کاسترۆ و جیڤارا و ماوتسی تۆنغ و چەند سەرکردە و کەسایەتی ناوداری تری دنیا روبەروی هەمان مەسیر بونەتەوە، وارسەکانیان بە باش و خراپدا ئیرسی ئەوانیان لە جانتەیەکی سەفەردا هەڵگرت و لە گەڵ سوراندنەوەی زەویدا کەوتنە سورانەوە.  


ئەمانە و چەندین نمونەی تری دنیا دەیسەلمێنن هیچ کەسایەتی و سەرکردە و پیاوێکی گەورە ناتوانێت دوای نەمانی کاریگەری بەرچاوی لە سەر ئاراستەی روداوەکان کە مەبەستیی بوە بیانکات بکات.


نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٣١ دیسمبەر ٢٠١٩ 



وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×