ئەم شەڕە پەیوەندی بەكوردەوە نییە

نەبەز گۆران
  2020-01-03     1016
دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەكە و جیهان، یان باشتربڵێین: دوو داگیركەر، كە بەردەوام توندوتیژی و كوشتن دەگوازنەوە دەرەوەی دەوڵەتەكانی خۆیان، ئێستا لە گۆڕەپانی _عێراق_ دا، بەشێوازێكی تەكنیكی نوێ‌ رووبەرووی یەكتر بوونەتەوە، ئەم شێوازە نوییە پەیوەندی بە شەڕی سەرزەمینەوە نییە، پەیوەندی بە تەكنۆلۆژیا و چاودێریكردنی یەكترییەوە هەیە، بۆ وەشاندنی گورز لە پێگەی یەكتری.

هەفتەی پێشوو، رابەری ئێران، وتی: "ئەمریكا ناتوانێت هیچ غەڵەتێك بكات و، هیچی پێناكرێت." پاش ئەوەی لەرێگەی هێزێكی سێبەری ئێرانییەوە _حشدی شەعبی_ پەلاماری باڵیۆزخانەی _ئەمریكا_ درا. وەزیری بەرگریی ئەمریكا بۆ پەرپەچدانەوە، وتی: " ئەمریكا بەبێ‌ وەڵام نابێت و، وەڵامی بۆ دوژمنەكانی دەبێت."

پەلاماردانی باڵیۆزخانەكە بە شكاندنی شكۆی ئەمریكا وێناكرا، چونكە باڵوێزخانە سەرزەمینی ئەو وڵاتەیە، لەم رووداوەدا هەندێك رەواڵەت بین بە دووبارەكردنەوەی دۆخی ساڵانی پێشووی _ئێران_ وێنایانكرد! چۆن كاتی خۆی لەسەردەمی روخاندنی _شا_ میلیشاكانی سەر بە ئاخوندەكان هەڵیانكوتایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا و داگیریانكرد، پێیانوابوو ئەمەش هەمان دیمەن دەبێت! ئەمما جوڵەكەی ئەمجارە جیاوازبوو، لە رێگەی هێزی سێبەرەوە ئەنجام دراو، لە وڵاتێكی دیكەش ئەنجامی دا، كە هیچ كات ئەو رەواڵەت بینانە ئەمەیان رەچاو نەكرد.

پاش پەلاماردانەكە ئەمریكا جوڵەی خۆی كرد، بە كردەیەكی ئاسمانی كۆمەڵێك كارەكتەری لەناو برد، هەریەك لەو كارەكتەرانە لە گۆڕەپانی _عێراق_ و ناوچەكەدا، سەرقاڵی بەهێزكردنی پێگەی _ئێران_ بوون. پاش ئەم جوڵەیە و لەناوبردنی بەرپرسی سوپای _قودس_ راستەوخۆ لە لایەن رابەری ئێرانەوە، شوێنگرەوەی بۆ دانرا و، هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەش دەكات، كە بێگومان هەڕەشەكەی خۆی لە شوێنێكدا جێبەجێدەكات، لانیكەم لە پێناو شكۆی دەسەڵاتەكەیدا، ناكرێت بە بێدەنگ دانیشێت.

_ئەمریكا_ لە ناوەند پاشەكێشی كردوە، دیبلۆمتكارەكانی خۆی كشاندوەتەوە بۆ شاری _هەولێر_ . لەناو _عێراقدا_ تەنها بالێۆزخانەكی ماوە، كە بڕیارە هێزێكی تایبەت لەوێ‌ سەقاڵی پاراستنی بن(دەشكرێت لە مەترسی دروستبوو بۆیان، بۆماوەیەك چۆڵی بكات.) هیچ شوێنێكی دیكەی لە _عێراق_دا نەماوە تاكو بكرێتە ئامانج، هێزە سێبەرەكانی ئێرانیش، لەرێگەی میدیاكانەوە هەڕەشە دەكەن، بەڵام سەركردە دیار و هەڕەشەكەرەكانیان خۆیان شاردوەتەوە و ترسیان لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانە. 

پێناچێت شەڕێكی گەورە رووبدات، چونكە ئەم تەكنیكە نوێیە، تەكنیكی شەڕی گەورە نییە، تەكنیكی لەناو بردنی كارەكتەرەكانە لە رێگای ئاسمانەوە، ئەمریكا لەرێگەی ئەم تەكنیكەوە نزیكەی پانزە ساڵە هەموو ئەوانەی لەناو بردوە بە دوژمنی خۆی دەیانزانێت، لەبەرامبەردا هیچ كات دوژمنەكانی نەیانتوانییوە بە هەمان تەكنیكەوە تۆڵەی خۆیان بكەنەوە، چونكە تەكنەلۆژیاكەیان لە ئاستێكی دیاریكراودایە و ناتوانن بەرامبەر تەكنۆلۆژیای سەربازی _ئەمریكا_ بووەستنەوە و هەمان كردە ئەنجام بدەنەوە.

لە هەموو حاڵەتێكدا شەڕێكی گەورە بوونی نییە، شەڕێكی تەكنیكی بوونی هەیە. كورد بەشێك نییە لەم شەڕە، بەشێكە لە دەرەوەی شەڕەكە، تەنها شوێنێك شایەنی زیاتر توندوتۆڵكردن بێت بۆئەوەی نەبێتە شوێنی تاقیكردنەوە و وەڵامدانەوەی ئەم تەكنیكە نوێیەی شەڕەكە، شاری _هەولێر_ە. بۆچی ئەم شارە؟ هۆكارێكی روون ئەوەیە، _ئەمریكا_ دیبلۆماتكارەكانی خۆی كشاندەوە بۆ ئەم شارە، لەناو _عێراقدا_ شوێنێك نەماوە پێگەی بەهێزی بێت، یان شوێنی كارەكتەری دیاری هەبێت تاكو _ئێران_ لەبەرامبەریدا بۆ تۆڵەی خۆی بگەڕێت، تەنها شوێنێك جێگای چاودێری بێت ئەو رووبەرەیە _ئەمریكا_ لە شاری _هەولێر_ تەرخانیكردوە بۆ دروستكردنی پاییە خۆی تا لەوێوە چاودێری ناوچەكە بكات و دیبلۆماتكارەكانی تێدا كۆبوونەتەوە، ئەگەر _ئێران_ بیەوێت گورزێك بوەشێنێت، ئەشێت بیر لەو رووبەرە بكاتەوە لەو شارەدا.(ئەمە تەنها وەك ئاگاییەك، لەو رووبەرەی ئەمریكییە لەو شارەدا بۆخۆی تەرخانیكردوە.)

دەوڵەتی _عێراق_ لەم شەڕەدا وەك كورد تەماشا چییە، تەواوی كارەكتەرە سێبەرەكانی _ئێران_ سەرقاڵدەبن بە خۆ حەشاردان و بەخشینەوەی توندوتیژی لەرێگای میدیاوە. گۆڕەپانی _عێراق_ گۆڕەپانێكە بە جوڵەكانیدا روونە بەرەو ئاراستەی توندوتیژی زیاتر دەڕوات، نە چاوەڕواندەكرێت سیستەمی دەسەڵاتەكە بتوانێت بەم خێراییە خۆی بونیاد بنێتەوە، نە بۆشیدەكرێت لەم شەڕانەدا بێلایەن بێت (پێكهاتەی هێزە عێراقییەكان، پێهاتەیەكە هەر هێزە و سێبەری هێزێكی تری دەرەوەی خۆیەتی). 

هێزە عێراقییەكان دابەشدەبن بەسەر دوو بەرەدا، خۆپیشاندانەكانیش پەراوێز دەخرێن و لە شوێنی ئەوان بە تەكنیكێكی نوێوە هێزی نوێ‌ قسە دەكەن، كە قسەكردنەكانیان بریتییە لەم كردەی كوشتنانە. هەرچۆنێك بێت كوژرانی هەریەك لەو كارەكتەرانە رووداوێكی تۆقێنەر نییە بۆ خەڵكی ناوچەكە، ئەمما كۆتایی هاتن نییە بە توندوتیژییەكان، ئایدۆلۆژیا یەكێك لە وزەكانی ئەوەیە، بەردەوام كارەكتەری توندوتیژ بەرهەمدەهێنێت و یەكێك دەڕوات یەكێكی دیكە دێتە شوێنی، بەهەمان ئایدیا و كردەوە خۆی دووبارە دەكاتەوە.

كورد نەبەشێكە لەم ململانییە، نەپێویستیشە شیوەن بۆ لایەك بكات. جوڵەی_ ئەمریكا_ بینرا، چاوەڕێی جوڵەی _ئێران_ دەكرێت. بێگومان جوڵەكەی ئێرانیش كردەیەك دەبێت لەم سێ‌ خاڵە تێناپەڕێت. 

یەكەم: لەرێگەی موشەكە دورهاوێژەكانییەوە شوێنێكی ئەمریكا لەم دەوروبەرە بكاتە ئامانج.

دووهەم: لەرێگەی هێزە سێبەرەكانییەوە لەناوچەكە، پەلامارێكی تەقینەوەیی ئەنجام بدات.

سێهەم: جەماوەرە ئایدۆلۆژییەكەی لەناوچەكەدا كە سێبەری خۆین، راسپێرێت بۆ پیشاندانی توندوتیژی تا لەسەرزەمینی واقیعدا زیاتر خۆی بسەپێنێت. جگە لەمانە، كردەی دیكە نایەنە ناو خەیاڵەوە ئەنجامیان بدات. 

ئاسمانی ناوچەكەش بەدەست ئەمریكاوەیە، چ كات ویستی ئامانجەكانی خۆی دەپێكێت. ئەوەی باس لە شەڕی گەورە دەكات لە سەرزەمیندا، پێناچێت بەباشی شێوەی شەڕە تەكنیكیەكەی بەهەند وەرگرتبێت. دەمانەوێت بڵێین: پێویست بەوە نییە ترس بڵاوبكرێتەوە گوایە دۆخەكە زۆر خراپە و لەبەردەم شەڕی گەورەداین، بەوجۆر نییە. نە سوپایەكی گەورەی هیچ لایەكیان لەناو رووبەرەكە هەیە، تاچاوەڕوانی شەڕی گەورە بكرێت، نە هیچ كامیان دەیانەوێت شەڕی زەمینی بكەن لە رێگەی لەشكرەكانیانەوە، ئەو مۆدێلە نوێیەی شەڕەكەیان مۆدێلێكە بۆ كورد جگە لەسەیركردن شتێكی دیكەی نییە بیبەخشێت، لە پاڵ ئەمەدا گرنگە كورد هەوڵبدات لەو نێوانەدا سەرزەمینی خۆی نەكاتە شوێنی یەكلایكردنەوەی تەكنیكە نوێیەكەی شەڕەكە، تەنها ئەوەندە.

رستەكانی ناو وێرگوڵەكان"..." لە ماڵپەری بی بی سی وەرگیراون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×