بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-01-08     681

به‌شی‌ نۆیه‌م

"سه‌ره‌تای‌ نزیک بونه‌وه‌ له‌ پارتی"‌

مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵى ڕابردوو سه‌ردانی‌ وڵاتی‌ سویدم کرد پێش ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ له‌ شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ ئه‌کرا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دوو یاسای‌ گرنگی‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ پارتی‌ له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕاندوه‌. ئه‌ویش یاسای‌ سه‌رۆکایه‌تی‌ هه‌رێم و دژه‌ تیرۆر بوو. هه‌ر دوای‌ ماوه‌یه‌کی‌ کورت، پارتی‌ کادیرێکی‌ کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ گرت به‌پێی ئه‌و یاسایه‌. کۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش که‌ بۆ ماوه‌یه‌کی‌ زۆر هاوکار و پشتیوانی‌ گۆڕان بون گله‌یی زۆریان کردو گله‌یه‌که‌شیان له‌ شوێنی‌ خۆیدا بوو.

کاتێک گه‌ڕامه‌وه‌ گله‌یم له‌ ئه‌ندامانی‌ جڤاتی‌ گشتی‌ کرد. که‌ بۆچی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بێده‌نگ بون و هه‌ڵوێستییان نه‌بوه‌. که‌مێک به‌دواداچونم کرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانم کێن ئه‌وانه‌ی‌ که‌ ئه‌م کاری‌ نزیکبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی‌ رێکخستوه‌. دوایی بۆم ده‌رکه‌وت کاک مسته‌فای‌ سه‌ید قادر، مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر و علی‌ حه‌مه‌ ساڵح، د.یوسف محمەد، برزو مەجید بوون و به‌ ره‌زامه‌ندی‌ و ئاگاداری‌ کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عەلی‌ و کوڕه‌کانی‌ کاک نه‌وشیروان ئەنجامیانداوە.

ته‌له‌فۆنم له‌گه‌ڵ برزۆ و د.یوسف کرد. دوای‌ که‌مێک ده‌مه‌ته‌قێ‌ سه‌یرم کرد ئه‌وان نایانەوێت بە راشکاوى قسە لەسەر باسەکە بکەن  و هه‌ریه‌که‌و ئه‌یه‌وێت خۆی‌ بێبه‌ری‌ بکات. داوام له‌ برزۆ مجید  کرد بێته‌ باره‌گای‌ جڤات بۆ قسه‌کردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌. هه‌ندێ‌ به‌هانه‌ی‌ هێنایه‌وه‌ و نه‌هات.

 د.یوسف خۆی‌ هات و هه‌ندێک رونکردنه‌وه‌ی‌ بۆ داین، به‌ڵام به‌ڕاستی‌ قه‌ناعه‌تمان به‌ هه‌مو قسه‌کان نه‌بوو، به‌ڵام کورد واته‌نی‌ شتێکمان له‌ قسه‌کانی‌ ئه‌و هه‌ڵکڕاند. خه‌به‌ری‌ ئه‌وه‌شم هه‌بوو که‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح د.یوسفی‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ بردوه‌ بۆ هه‌ولێر و ته‌سفیه‌ی‌ حساباتی‌ کۆنیان بۆ کردوه‌ و کێشه‌شی‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ نه‌ماوه‌.

کۆبونه‌وه‌ی‌ جڤاتی‌ گشتیمان کرد و له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا هه‌ستام و رومکرده‌ ئه‌ندامانی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن و لێم پرسین له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌و دوو یاسایە‌تان بۆ پارتی‌ تێپه‌ڕاندوه‌و بۆچی‌ به‌ دزیه‌وه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌تان له‌گه‌ڵ پارتی‌ دروستکردوه‌و پرستان به‌ که‌س نه‌کردوه‌.

ده‌بوو مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر وه‌ڵامم بداته‌وه‌، چونکه‌ ئه‌و به‌شداری‌ کۆبونه‌وه‌کانی‌ گۆڕان و پارتی‌ بوو. تا لام کرده‌وه‌ ژووری‌ کۆبونه‌وه‌که‌ی‌ جێهێشتبو. ئه‌و رۆژه‌ هیچ وه‌ڵامێکمان ده‌ست نه‌که‌وت و به‌ ده‌ستی‌ به‌تاڵ گه‌ڕاینه‌وه‌.

دوای‌ ماوه‌یه‌کی‌ کورت کۆبونه‌وه‌یه‌کی‌ تری‌ جڤاتمان کرد. ئه‌م جاره‌یان رومکرده‌ به‌ڕێز رێکخه‌ری‌ گشتی‌ داوام لێکرد چۆنیه‌تی‌ دروستبونی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی‌ نێوان پارتی‌ و گۆڕانمان بۆ رون بکاته‌وه‌. رانه‌وه‌ستام وه‌ڵامم بداته‌وه‌ روم کرده‌ به‌ڕێزان دکتۆر ره‌ئوف عوسمان و دکتۆر شۆڕش حاجی‌ و لێم پرسین ئه‌رێ‌ ئێوه‌ ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنن ئاگاتان له‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌یه‌؟ جاری‌ پێشوش پرسیارم کرد که‌ستان وه‌ڵامی‌ ئێمه‌تان نه‌دایه‌وه‌؟ کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ هاته‌ ده‌نگ و وتی؛‌ به‌ڵی‌ ئاگایان لێیه‌تی‌.

دوایی د.ره‌ئوف و کاک شۆڕش حاجی‌ وتیان ئێمه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نده‌مان ئاگا له‌م ئیشه‌یه‌ مه‌سجیان بۆ ناردوین و وتویانه‌ ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێت ئه‌م دوو یاسایانه‌ له‌ په‌رله‌مان تێپه‌ڕێنین. ئێمه‌ش وه‌ڵاممان داونەتە‌وه‌ که‌ به‌وه‌ رازی‌ نین و ئەمە دژی‌ ئەو پرەنسیپانەیە کە بزوتنەوەی‌ گۆڕانی‌ لەسەر دروستکراوە. که‌واته‌ ئه‌مان خۆیان ده‌رباز کرد و به‌ڕاستیش ئه‌وه‌ ئاگادار بون نییه‌و وتویانه‌ ئێمه‌ ناڕازین. لێرەوە بە ئاشکرا دەردەکەویت ئەم پەیوەندییە ژێر بە ژێر رێکخراوەو زیاتر بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بوەو تەنانەت بەشێکى ئەندامانى خانەى راپەراندنیش ئاگادارى چۆنیەتى رێکخستنى ئەم پەیوەندیەنین کەواتە جێی خۆیەتى کە گومانمان هەبێت .

دوای‌ ئه‌وه‌ بۆمان ده‌رکه‌وت رێکخه‌ری‌ سه‌ره‌کی‌ ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ کاک مسته‌فای‌ سه‌ید قادر که‌ نوێنه‌ری‌ کوڕه‌کانی‌ کاک نه‌وشیروانه و‌ مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر و کاک عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح. هه‌ر وه‌کو سه‌ره‌تا باسیشم کرد د.یوسف و د. به‌هار و برزۆ مه‌جیدیش به‌شدار بون و ئه‌مانه‌ پڕۆژه‌که‌یان نوسیوه‌ته‌وه‌.

ئه‌م حیکایه‌ته‌ لێره‌ کۆتایی هات و حیکایه‌تی‌ به‌شدار‌یکردن له‌ حکومه‌تدا ده‌ستی‌ پێکرد. ئێمه‌ وه‌کو جڤاتی‌ گشتی‌ کۆبونوه‌ی‌ خۆمان کرد و لیژنه‌یه‌کمان پێکهێنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ دیراسەى‌ لایه‌نی‌ ئه‌رێنی‌ و نه‌رێنی‌ به‌شداریکردن له‌ حکومه‌تدا رون بکه‌نه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامدا لیژنه‌که‌ به‌ باشیان نه‌زانی‌ به‌شداری‌ حکومه‌ت بکه‌ین.

کۆبونه‌وه‌ی‌ جڤاتمان کردو ئه‌و باسه‌مان کرده‌ به‌رنامه‌ی‌ کۆبونه‌وه‌که‌. وه‌کو له‌ ئه‌نجامدا ده‌رکه‌وت. زۆرینه‌ دژی‌ به‌شداریکردن بون له‌ حکومه‌تدا. دوای‌ ئێمه‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ کۆبونه‌وه‌یان کردبوو. ئه‌وان به‌ زۆرینه‌ بڕیاریان دابوو به‌شداری‌ حکومه‌ت بکه‌ین. چونکه‌ لە کۆى 44 ئەندامى جفاتى نیشتمانى 23 که‌سیان به‌ نیازبون له‌ حکومه‌تی‌ تازه‌دا پۆست وه‌رگرن.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر دوو جڤاته‌که‌ش ده‌نگیان بدایه‌ که‌ به‌شداری‌ حکومه‌ت نه‌که‌ین،  لیژنه‌ی‌ دانوستکار پێشوه‌خت له‌گه‌ڵ پارتی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ به‌شداریکردنی حکومه‌تیان بڕاندبۆوه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێککه‌وتبون که‌ پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆکی‌ هه‌رێم بۆ کاک مسته‌فاو پۆستی‌ جێگری‌ سه‌رۆکی‌ حکومه‌ت بۆ کارو باری‌ چاکسازی‌ بۆ مامۆستا جه‌لال  بێت‌.

تا ئێره‌ ئێمه‌ قسه‌ی‌ خۆمان کرد به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ جڤاتێکی‌ راوێژکارین و هه‌ر بۆمان هه‌یه‌ پێشنیار بکه‌ین و پێشنیاره‌که‌شمان ره‌تکرایه‌وه‌. به‌ڵام بڕیاردان لای‌ جڤاتی‌ نیشتمانییه‌و هه‌ر وه‌کو له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م بۆ کرد. ئه‌وان یه‌کسه‌ر وتیان به‌ڵی‌ به‌سه‌ر چاو چونکه‌ لە کۆى 44 ئەندامى جفاتى نیشتمانى 23 که‌سیان سیڤییان پڕکردۆته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆست.

له‌ لایه‌کی‌ تریشه‌وه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌ندامی‌ خانه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و رێکه‌وتنه‌ بون له‌گه‌ڵ پارتی‌ و له‌ راستیشدا خۆیان به‌رنامه‌ی‌ ئه‌وه‌یان دانابوو. ئه‌وه‌ی‌ شایانی‌ باسه‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ بکه‌م ئه‌وه‌یه‌ من وه‌کو خۆم هه‌رگیز دژی‌ رێکه‌وتن نیم له‌گه‌ڵ پارتی‌. هه‌میشه‌ دانوستان و رێکه‌وتن له‌سه‌ر پرسه‌گرنگه‌کان و چاره‌سه‌ری‌ کێشه‌کان، زۆر باشتره‌ له‌ شه‌ڕکردن و ئاژاوه‌نانه‌وه‌و خەلک بە کوشتدان.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ به‌ لای‌ ئێمه‌وه‌ مایه‌ی‌ سه‌رنجه‌ بۆچی‌ ته‌نها چه‌ند که‌سێک به‌دزی‌ هه‌مومانه‌وه‌ بچن رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نێکی‌ سیاسی‌ بکه‌ن. له‌کاتێکدا ئه‌و رێکه‌وتنه‌ له‌پێناوی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتیدابێت و بەناوى ئەنجامدانى چاکسازییەوە لەحکومەتدا بکرێت، بۆچی‌ به‌ دزییەوە ئەنجاميدەدەن‌؟ که‌واته‌ جێی خۆیه‌تی‌ ئه‌م پرسیاره‌ له‌و براده‌رانه‌ بکرێت که‌ بۆچی‌ ئه‌م کاره‌یان به‌ نهێنی‌ کردوه‌؟. من هیچ ره‌خنه‌و گله‌یم له‌ پارتی‌ نییه‌و هه‌رکه‌س سیاسه‌ت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ ئه‌کات. تۆش عاقڵ به‌و به‌ خۆڕایی خۆت مه‌ده‌ به‌ده‌سته‌وه‌.

با ئەوەشمان لە یادنەچیت کە رێکخەری‌ گشتی‌ و کوتلەکەى جارێک لە داخی‌ یەکێتی‌ لە پارتی‌ ئەچونە پێشەوە و نەرمی‌ زۆریان ئەنواند، جارێکی‌ تر لە ترسی‌ یەکێتی‌ نەبادا ئەوان نەرمی‌ زۆر بنوێنن بەرامبەر پارتی‌ و گۆڕان پشتگوێ بخەن. دیارە سودمەند و یاریکەری‌ وریا پارتی‌ بوو لەم بوارەداو زەرەرمەندی‌ یەکەمیش گۆڕان بوو چونکە:

1-     پشێوی‌ و بۆڵە بۆڵ کەوتە ناو ریزەکانی‌ بزوتنەوەکە.
2-     پارتی‌ دەستی‌ گۆڕانى بڕی‌.
3-     رێکەوتنی‌ پارتى و گۆڕان بو بە هۆکاری‌ دوورخستنەوەی‌ گۆڕان و یەکێتی‌ لە یەکتری‌.
4-     گیانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ لە گۆڕاندا کۆتایپێهنا.

هەر لەسەرەتاوە ڕون بو کە ئەو رێکەوتنە بۆ بەرژەوەندى چەند کەسێک کراوەو زیاتر بۆ وەرگرتنى ئەم پۆستانەى ئێستا بوە بە تایبەتى کە وەرگیراون. ئەگینا گۆڕان وەکو حزب نەک هیچ دەستکەوتێکى نەبو بەڵکو زەرمەندى یەکەمیش بو. هەر بۆ میژوو ئێمە هەلویستى خۆمان نیشاندا. بەلام ئەوەى زۆر بەلامەوە مایەى نیگەرانییە چۆن هاتن ئەم رێکەوتنەیان  لەگەل پارتى کرد بەبێ کۆمەڵى ئیسلامى ؟. کۆمەڵى ئیسلامى  هاوکارێکى راستگۆبون . پشتیوانێکى باشبون. دەبوایە  بەشداری پێکردنى کۆمەڵى ئیسلامى بکەن بە مەرج لەگەل پارتى. ئەگەر کۆمەڵى ئیسلامى بەشداربونایە، ئەوەندەى بۆ خۆیان باشبوو، ئەوەندەش بۆ گۆڕان باشبوو. چونکە لەناو حکومەت و پەرلەمانیش ئەندامەکانیان دەبونە  پشتیوانى  گۆڕان و بواریش بۆ ئەو درزە گەورەیە دروست نەدەبو کە پارتى زیرەکانە دروستیکرد و گروپى پۆستخوازى ناو گۆڕانیش لەتاو خۆیان ئاگایان نە لە گۆڕان و نە لە هاوپەیمانە سەر ڕاستەکەیانما. پارتى یەکگرتوى پەراوێز خست .  لەرێگاى گۆڕانیشەوە کۆمەڵیشى پەراوێز خست و یەکێتیشى خستە مەوقفێکى لاوازەوەو بە پەڕوباڵکراوى دەستى بەدانوستان کرد لەگەڵ پارتى، سەرەنجام هەموى بەزیانى خەڵکى ئەم سنورە شکایەوەو پارتیشى بەرەسمى کرد بە کەڵەگاى کوردستان، ئەوە هەمان ئەو سیاسەتە هەڵەیەبوو کاتى خۆى بەشێک لە بەرپرسەکانى یەکێتى پیادەیان کرد، بەڵام بێگومان ئەوەى بۆ یەکێتى چووە سەر بەحوکمى کۆمەڵێک کەرەستەو توانى بەپێوە بمێنێتەوە بۆ گۆڕان ناچێتەسەر، ئایندەش شاهیدى ئەم راستیە رونە دەدات.


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×