فەرموو رەتیبکەنەوە

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح
  2020-01-17     738
ھەندێک برای پەرلەمانتار، رایگشتیان تێکداوە، بۆیە ناچارین دیوە راستیەکە بخەینەڕوو..

ئەم برادەرانە، دەڵێن: رێککەوتنی ژێر بەژێر کراوە. یان ئێمە بۆ بەرژەوەندی خۆمان کردومانە!
دەبێت بەرژەوەندی خۆت لە کوێدا بێت شەش ملیۆن و ٤٠٠ ھەزاری خانەنشینی خۆت رەتبکەیتەوەو، بە مادەیەکی یاسای بڵێیت : بدرێتە ئەوانەی موچەی خانەنشینیان کەمە..

کۆنوسی لیژنەی دارایی ھەیە و خۆشم لە کۆبونەوەکە بوم، ئەو برادەرانەی دەڵێن: خانەنشینی پلە باڵا نادادیە ، خۆیان دەنگیاندا بە ٣٠٪‏ بۆ کەمترین موچە و ٥٠٪‏ بۆ زۆرتریندا، کە ئەم ڕێژە دەنگی پێویستی ھێنا، چەپڵەیان لێدەدا..
مامۆستا عەبدولستار وتی : ئەم ڕێژانە زۆرە داوای کەمکردنەوەی کرد.
من پێشنیازی ئەوەی عێراقم کرد، پاش گفتوگۆ ئەوەی کاک عەبدولستار دیاری کرا.
من خۆم یەکەم جار لەگەڵ ھەندێک لە ئەو برادەرانە باسم کرد، گوایە ئێستا ناڕازین، وتیان زۆر زۆر باشە!!!
پێمگوتن: من خانەشین نابم بە دڵنیای ، بەڵام پرۆژەکە خاڵی باشی تێدایە وەک ھەنگاوی یەکەم، لەم قۆناغەشدا خانەنشینی ئەوانەی ٤٥ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەتیان نیە لە ٨٠٪‏ ەوە بکرێتە ٢٥٪‏ باشەو خولی ئایندە نەمێنێت .... گوتیان: باشە پارتی و یەکێتی رازین؟

کێ خەمخۆرە !
ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان وەک تاکە خەمخۆر پیشاندەدا، لەبەر دەرکەوتنیان لە کەناڵێک ئامادەنەبون بە دێڕێک لە دوو سەعاتی گفتوگۆی پەرلەمان باسی وەرگرتنەوەی ٨٠٠ ملیار دیناری قەرزی بازرگانەکان بکەن بۆ ئەوەی بدرێتە موچەی خانەنشینی کەم!! موچەی چوار ساڵی خانەنشینی پێدەکرێت بە ٤٠٠ ھەزار ...
با ڤیدۆیەکی یەک دەقەی دابنێن، تەنانەت کە ئێمەش باسمانکرد یەک کەسیان ئامادەنەبون بە وشەیەک پشتیوانی بکەن !
من دەپرسم قەرزێک وادەی یاسای تەواوبوبێت و وەربگیرێتەوە بدرێتە خەڵکێک موچەکەی ٢٢٠ ھەزارە، باشە یان خراپ؟

دوو ڕۆژ تا درەنگانی شەو لە کۆبونەوەی لیژنەی ھاوبەش بوین بۆ نوسینەوەی دوا ڕاپۆرت، ئەم برادەرانە ئامادەنەبون یەک دەقە بێنە کۆبونەوە!

رەتکردنەوەی خانەنشینی

لە چەند رۆژی ئایندەوە دەتواندرێت فۆڕمی رەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی پڕبکرێتەوە.
بەشێک لەم بەڕێزانە لای خۆم دەیانگوت : با ئەو فۆڕمە لاببرێت کە باسی رەتکردنەوەی خانەنشینی دەکات و کەس ئیحراج نەکرێت... کە دەزانن پارەکە زۆرە و نادادی تێدایەو حەڵاڵ نیە، ئێستا بفەرمون لە خۆتانەوە دەستپێبکەن و ڕەتی بکەنەوە...
ئەگەر خەڵکی دیکە ئەم پارە ناڕەوا دەخوات، ئێوە مەبنە بەشێک لە ئەوان، ئەگەر ئەمەی دوێنێش بۆ بەلادا ڕێبردنی خەڵک بێت؛ چەند ڕۆژێکی دیکە دیار دەبێت...
پێش دروستبونی بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی ٢٠٠٩ ھەموو حیزبەکان بەبێ دەنگی موچەی پەرلەمانتاریان کردە ھەشت ملیۆن و خانەنشینی خۆیان زیادکرد! کەسیشیان بەیانیان دەرنەکرد !!!
بۆیە
ھیوادارم ئەوانەی وتیان موچەی خانەنشینی پلە باڵا زۆرە لەگەڵ من فۆڕمی ڕەتکردنەوەی پڕ بکەنەوە..

ھاوڵاتی بەڕێز
ھیوادارم تۆش بە وردی پرۆژەکە بخوێنیتەوە بزانە چەند خاڵی گرنگی تێدایە، بزانە ھەموی باشترنیە لەم واقعە...
خولی پێشوو موچەی خانەنشینی بو بە نزیکەی سێ ملیۆن دینار کەمکرایەوە، خەڵک داوای رەتکردنەوەی کردو بەشێک لە پەرلەمانتاریش وتیان رەتبکرێتەوە، رەتکرایەوەو ھاتەوە سەر ٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار، ھەموی بێدەنگ بوو... پەرلەمانتارەکانیش خانەنشین بوون!!
ئێستا پەرلەمانتار بۆ یەکەمجار لە مێژوی پەرلەمان دەنگیداوە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لە موچەی خانەنشینی خۆی کەمبکرێتەوەو بدرێتە ئەوانەی موچەی خانەنشینیان کەمە..
تکایە خۆت بڕۆ بخوێنەوەو لێکدانەوە بکە، مەھێڵە راستیت لێونبکەن!!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×