تەکمیلەی ئەو شەڕەشەقەی دیوەخانەکەی کوردایەتی: عەبە مەخموری لە زۆربەی قەوموقیلەی کوردایەتی عاقڵترە!

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-01-18     1909

لەگەڵ تێبینی زۆرم لەسەر قسەوباسەکانی کاک عەبدوڵا ناوێکی خەڵکی مەخمور بەڵام من پێم وایە ئەو لە زۆربەی زۆری جەردەکانی کوردایەتی عاقڵترە.

هەڵبەت عەبە مەخموری نوێنەرایەتی پیاوێکی تەواو کلاسیکی کوردی ئەکات بۆیە لە ناو کۆمەڵێک قسەی زۆر راست و دروستدا لە پڕێکا و زوو زوو ئەڵێت "پیاوی تێدا نیە، هەموان ژنن". چونکە لای کاکە عەبە و لای زۆربەی قەوموقیلەی کوردایەتیش ژن هی ئەوەنیە حسابی بۆبکەیت. کاکە عەبەش هەڵبەت هەربەو نان و ئاوە گۆشکراوە کە هەمومان 'پیاوی کورد'ی پێ گۆشکراوە، بۆیە نابێت رێگەبدەین ئەم قسەیە و هەندێک لە جنێوەکانی لە کێشی شیکاریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی (هەڵبەت بە زمانێکی بازاڕی) کەم بکاتەوە.
عەبە مەخموری لە زۆربەی زۆری چەپ و ڕاستی پیاوەکانی کوردایەتی عاقڵترە، لەبەرئەوەی ئەو بەو سادەییەی خۆیەوە هەستی بە دژواری بارودۆخەکە و بێ متمانەیی ئەمێریکا و هێزە رۆژئاواییەکانی تر کردوە و هەرچەندیشە شارەزای نیە بەڵام هەستی کردوە ئەوەی کە لە دنیای ئێستادا پێی ئەوترێت 'مۆدێرنەتەی سەرمایەداری' هەرچی ئەخلاق بێت نیەتی و بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەملا ئەنێت بەولاوە و لەگەڵ ئەم ڕێکئەکەوێت و سەری ئەویتر ئەکات بە قوڕا. بەهەمان شێوەش کاکە عەبە ئەزانێت کە خوای مۆدێرنەتەی سەرمایەداری ئەمێریکای زلهێز و بە قەولی خۆی "ترەمپە سورە"، بۆیە ئەو تێبینیە بەناوبانگەی خۆی دەرک پێ کردوە و ئەڵێت "ئەگەر ئەمەریکا بڵێ گۆۆ، پیاوم هەیە بڵێ نااا گۆۆ؟" دیسان ئەو هەر پیاو، پیاوێتی، بەڵام قسەکەی زۆر زۆر ڕاستە.

لە شوێنێکی ترا عاقڵی عەبە مەخموری بەتەواوی دەرئەکەوێت کە ئەڵێت "با لە بەغدایە دەنگەکەیان بدایە و لای ئەمەریکای بیانگوتایە کاکە شیعە دەمانخوات لۆیە لە مەجبوراتی دەنگمان دایە". مەبەستی دەنگدانە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمێریکا. ئنجا ئەڵێت "با ئەمەریکای لەگەڵ ئیرانێ پێکبێنەوە، ئەوجا قوڕ بەسەری کورد، شیعە دەمانخوات". قسەکەی هەرچەندە هەندێک دەمارگیری بەرامبەر بە شیعەکان تیایە بەڵام تەواو ڕاستە، چونکە ئەگەر ئەوان رێکبکەونەوە، ئەوسا عێراقیەکانی خوارو لە کورد خۆش نابن کە دەنگیان بە کشانەوەی هیزەکانی ئەمێریکا نەیا.

بۆ خەتمی کەلامیش جوانترین وسەلارترین شیکاری خۆی ئەکات و ئەڵێت کورد نابێت متمانەی بە ئەمێریکا هەبێت بەڵکو ئەبێت لەگەڵ دراوسێکانی رێکبکەوێت. مەبەستێتی کە بڵێت کورد لە هەر پارچەیەک بێت لازمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی خۆی بە ئاشتی و دایەلۆگ دانوستان بکات و مافە سیاسی و کەلتوری و نەتەوەییەکانی خۆی بەدەست بهێنێت و چیتر باوەر بە هێزە دەرەکیە زلەکانی وەکو ئەمێریکا و روسیا و هتد نەکات. خۆ ئەوە چەند جارە کورد و سەرهەڵدانەکانی ئەیەن بە داری گۆڵەکەیا و خۆشیان بێ زەرە و زیان لێی دەرەچن. کەچی بە بەراود بە کاکە عەبە پیاوەکانی قەوموقیلەی کوردایەتی بە هەڵەداوان ڕاکە ڕاکەیانە بۆ لای ئەمێریکا و ئەوروپا و لەولاشەوە دەوڵەتە ناوەندیەکانیان 'بەغا' فەرامۆش کردوە، کە لەراستیا هەمو مافێکی گەلی کورد وەکو هاوڵاتیەکی عێراقی لای بەغایە!

 تیبینی:
دەستەواژەی 'قەوموقیلە' دەمێکە لە ناو کوردا هەیە، بەڵام کامیار سابیر زۆر لەجێگەی خۆیا بۆیەکەم جار کردیە نازناوی هەمو ئەوانەی بە تلیاکی کوردایەتی گێژبون و ناوی لێنان 'قەوموقیلەی کوردایەتی'.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×