حیكایەتی چاكسازیی

مه‌ریوان وریا قانع و ئاراس فه‌تاح
  2020-01-27     865
هەنگاوه شەرمنەکانی دەسەڵات له هەرێمی كوردستاندا بۆ چاکسازیی به فەرسەخ له دوای ئەو واقیعه وێرانەوەن كه ساڵانێكی درێژە پێویستی به چاكسازییەکی ڕیشەیی و ھەمەلایەن ھەیە. بە بۆچوونی ئێمە پرس و پڕۆژەی چاكسازیی له هەرێمی كوردستاندا، تا ئەم ساتەش، ھێندەی دروشمە، ھێندە دەربڕی ”ئیرادەیەکی سیاسیی چاکسازیخواست“ نییە، ئەوەندەی بەشێکە لە دیکۆرێکی سیاسیی بۆ بەخشینی ڕەوایەتیی بە چەند بکەرێکی سیاسیی، ئەوەندە بەرنامەیەکی عەقڵانیی و ئەخلاقیی نییە کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی خراپبەکارھێنانی دەسەڵات و بەرھەمھێنانی سیستماتیکی گەندەڵیی لە کوردستاندا کۆتایی پێبھێنێت. ئەو چاکسازییەی ئەمڕۆکە پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت سیاسەتی داھێنانی درێژترین ڕێگا و خاوترین هەنگاوە بۆ دەستکاریکرنی ھەندێک لە ھەڵقە لاوەکیی و پەراوێزییەکانی ناو ئەو سیستمە جەردەییەی دروستکراوە. ئەزموونی سیاسیی ئەم هەرێمە یەک ڕاستیی زۆر سادەیەن فێرکردووین: ئەم دەسەڵاتدارانە تەنها كاتێك باس له ریفۆرم دەكەن و پرۆژەی چاكسازیی پێشكەشدەكەن، كه لە دوو شت دڵنیابن. یەکەم بوونی فشارێکی گەورە و پڕوکێنەر کە قابیلی فەرامۆشکردن نەبێت. دووھەم، لەوە دڵنیابن ئەو چاكسازییه كەمترین زیان به ھەڵقە سەرەکییە ڕەسمیی و ناڕەسمییەکانی دەسەڵات و بە حیزب و بە مۆدێلی حوکمڕانییەکەیان دەگەیەنێت، خۆشیان و ئەندامەکانیان بە سووكترین سزا لێیدەربازبن. واتە ئەوان تەنھا کاتێک باس لە چاکسازیی دەکەن کە کردەی چاکسازییەکە بەشێک بێت لە میکانیزمی سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوە و بەھێزکردنەوەی ئەو بونیاد و پەیوەندییە سەرەکییانەی ئەم حوکمڕانییەی لەم فۆرمەی ئەمڕۆدا سەروەرکردوە.
كۆمەڵگای ئێمە له دوای ڕاپەڕینەوه گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆیەوه بینیوه، ڕەنگە ھەرە گرنگەکانیان ئەو گۆڕانکاریانە بێت کە لە بواری ئابورییدا ڕوویانداوە. بۆ نموونە، لەدوای ڕاپەڕینەوە ئابوریی وڵاتەکە کەوتە ژێر رەحم و کۆنترۆڵی ئەو نوخبە سیاسیی و سەربازییەی ھەلێکی مێژوویی دەرکیی کردنی بە حوکمڕان لە ھەرێمدا. ئەو سیاسەته ئابوورییه خێزانیی و حیزبییەش کە ئەم نوخبە حوکمڕانە لە سێ دەیەی ڕابردوودا پیادەیانكرد، لە ڕێگای قۆرخکردن و دزیی و گەندەڵییەکی کەم وێنەوە، دابەشبوونی كۆمەڵایەتیی و چینایەتیی نوێ و فۆرمی تازەی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی و میکانیزمی مافیایانەی کەڵەکەبوونی سەرمایەی، لەم ھەرێمەدا بەرهەمهێنا. ئەمانەش وایانکرد لە ماوەیەکی کورتدا فۆرمی تازەی دەوڵەمەندبوون و میکانیزمی نوێی ھەژارکەوتن و مۆدێلی تازەی پەراوێز و تەرەخستنی كۆمەڵایەتیی پەڕگیر بێتەکایەوە و بەسەریەکیشەوە نەخشەی کۆمەڵایەتیی ئێمە گۆڕانكاریی قووڵی بەسەردابێت. ھاوکات توانیان چەندان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ناقاچاغ لەناوەوە و دەرەوەی کوردستاندا دروستبکەن و ئابورییەکی سەرمایەداریی چەتەگەریی پڕ لە تاوان و توندوتیژیی و دزییکردن بسەپێنن. دەستکاریکردن و گۆڕانی ھەڵقە سەرەکییەکانی ئەم ئابوورییه تەواو زەحمەتە و دەستبردن بۆ ھەر یەکێک لەو ھەڵقانە، دەستبردنە بۆ پێگەی زیاد لە گروپ و خێزان و کەسایەتییەکی بەھێزی ناو نوخبە دەسەڵاتدارەکە.
ئەم ئابورییە داڕزاوە کە ژێرخانەکەی گەندەڵییەکی سیستماتیکە، ئابورییەکە لە شێوەی تۆڕێکی گەورەدا ئامادەیە، بەشە جیاوازەکانی ئەم تۆڕە لە شوێن و جێ و ناوچەی ناوەکیی و دەرەکیی جیاوازدا ئامادەیە. ئەمەش مانای ئەوەیە تۆڕی گەندەڵیی لە ھەرێمدا تەنھا تۆڕێکی ناوەکیی نییە، بەڵکو تۆڕێکی ئیقلیمیی و جیھانییە و زیاد لە کەس و لایەن و ھێز و کۆمپانیایەکی ناوەکیی و ئیقلیمیی و جیھانیی لەناویدا ئامادەن و چالاکانە کاردەکەن. ئەمە وادەکات چاکسازییکردن لە بواری ئابورییدا، کە بواری ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگیی دروستبوونی ژمارەیەکی گەورە لە کێشە و قەیرانەکانی ئەمڕۆیە، مەسەلەیەکی ھێجگار زەحمەت بێت، ئەگەر مەحاڵ نەبێت. چونکە ئەو بکەرانەی کە دەیانەوێت لەم بوارەدا چاکسازیی بکەن، خۆیان دروستکەر و پارێزەری ئەو بونیاد و میکانیزمە ئابورییانەن کە زیاد لە دوو دەیەیە خانە بە خانە بەو واقیعە وێرانە دروستدەکەن. بەبێ دەستبردن بۆ ئەم بونیادە ئابورییە و بۆ ئەو ژینگە گەندەڵ و ستەمگەر و مافیایەی بەدەوری ئەم بونیادە دروستکراوە، ھەموو کردەیەکی چاکسازیی ماکیاژکردنێکی ساخەتکارانەی سەرجەمی بونیادەکە خۆی و سەرجەمی بکەرە سەرەکییەکانیەتی.
دەستبردن بۆ سیستمی موچە وەک ھەنگاوی یەکەمی چاکسازییش فەرامۆشکردنی ئەو بونیادە گەندەڵ و مافیاییە کە باسمانکرد. بێگومان زۆربەمان دەزانین سیستەمی موچە لە ھەرێمدا یەکێکه لە خراپترین سیستەمەکانی موچە لە ناوچەکە و لە دونیادا، بەڵام ئەم سیستەمی موچەیە ھەڵقەیەکی بچووکە لەناو سیستەمێکی ئابوریی سیاسیی گەورەتردا، کە سەرچاوەی سەرەکیی کێشەکانە. ئاوەکە لە شوێنێکی ترەوە بۆگەنە و بۆگەنە گەورەکە لەناو سیستمی موچەکەدا نییە. تاوانە گەورەکە خۆشی لەو گرێدانە ھەمەلایەن و ڕاستەوخۆیەوە سەرچاوەدەگرێت کە لە ھەرێمدا سیاسەت بە ئابورییەوە گرێدەدات. لە بەستنەوەی پێگە سیاسییەکاندایە بە پێگە ئابوورییەکانەوە، لەناو سیستەمێکی ئابووریی رەیعیی چاودێیرنەکراودایە، کە نەوت ھەم سەرەتا و کۆتایی سیستەمەکەیە و ھەم شێوازی بەرھەمھێنان و فرۆشتن و ساغکردنەوەکەشی بەناو دەیان تونێلی تاریک و پڕ نھێنیدا تێدەپەڕێت.
شێوازی بەڕێوەبردنی ئابوریی نەوت لە ھەرێمدا، کێشەی ژمارە یەکی ئەو ئابورییەیه کە تێکەڵکردنی سیاسەت و ئابوریی کردوە بە دەردێکی کوشندەی بێچارەسەر. گرێدانەوەی پێگە سیاسییەکان و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی کایەی سیاسیی بە کایەی بازرگانی بەگشتیی و بە بازرگانی نەوتەوە بە تایبەتیی، ئەو کونە گەورەیەیە کە بۆگەنییە گەورەکانی سیستەمەکەی لێوە دێتەدەر. هەر ئەم راستییەشە وادەكات ئەم كابینه نوێیه، هەنگاوی یەکەمی ”پڕۆژه چاكسازییە ستراتیژییەکەی“ لە بواری نەوت و وزه و داهاته نیشتیمانییەكان و گومرك و بازرگانی قۆرخکراو و کۆمپانیا ئەمنییەکان و هتد... نەبێت، کە سەرچاوەی سەرەكیی گەندەڵیی سیستمەكەن، بەڵکو ئەو کۆمیدیا تاڵەی چاکسازیکردنی موچە بێت، کە ھیچی ئەوتۆ لە بونیادە قووڵەکانی گەندەڵیی و دزیی و جەردەیی سیستماتیککراو لە ھەرێمدا ناگۆڕێت.
خاڵێکی گرنگی تر لە ئابوریی ھەرێمدا ئەوەیە کە ھەڵقە سەرەکییەکانی ئەم ئابورییە بە کردەوە گۆڕاوە بۆ موڵکی شەخسیی کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی سیاسیی كۆن و نوێ. بازرگانی نەوت و وزە و دەرمان و خۆراک و بوونی پشکی گەورە لە ناو چەندان کۆمپانیای تردا، ھتد.. لە دەستی ئەندامانی ئەم بنەماڵە سوڵتانییانە و بازنەی یەکەمی دەوری ئەم بنەماڵانەدان. خاڵی بنەڕەتییش لە ئیدارەدانی ئەم ئابووریەدا، بەتایبەتی لە شێوازی ئیدارەدانی ئابوریی نەوت و لە شێوازی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کایەی ئابوریی و کایەی سیاسیی و لە فۆرمی ئەو پەیوەندییانەشدا کە ھەرێم بە ھێزە ئیقلیمییەکانەوە گرێدەدات، ئەوەیە کە لۆژیکی پاراستن و بەھێزێکردنی ئەم دەسەڵاتە شەخسیی و خێزانیانە سەرجەمی ئەو شتانە ئاراستەدەکات. ئەم لۆژیکەش تەنانەت بچووکتر و داخراوتریشە لە لۆژیکی خێڵ و لۆژیکی ناوچەگەریی و حیزبایەتی کورتبینیش. ئەم خێزان و بنەماڵانە خەریکی دروستکردنی ئیمپراتۆریەتی ئابوریی تایبەت بەخۆیانن، کە ھێزی سەربازیی و میدیایی تایبەت و پەیوەندیی ئیقلیمی گومانلێکراو، دەیانپارێزێت.
هەر ئەم تایبەتمەندییه سیاسیی و ئابورییەشه وادەكات ھەموو قسەکردنێک لە ھەرێمدا لەسەر چاکسازیی بەبێ شکاندنی ئەم لۆژیکە خێزانیی و بنەماڵەییە و بەبێ دەستکاریکردنێکی ڕیشەیی چۆنیەتی ئیشکردنی سیستمە ئابورییەکە و بەبێ کۆتاییھێنان بە مۆدێلی ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئابوریی، خورافەتێکی تەواو بێت. هاوكات هەموو قسەكردنێك لەسەر چاكسازیی ڕیشەیی بەبێ گۆڕینی ئەو پەیوەندییانەی کە لۆژیکی خێزان و بنەماڵەکان بە دەزگاکانەوە دروستیدەکات، لە دەزگا سەربازییەکانەوە بیگرە بۆ پێگە ئابوریی و میدیایی و مەدەنییەکان، دەبێت به سەفسەتەیەكی سیاسیی بێمانا.
سیستەمە دەسەڵاتگەر و سوڵتانییەکان، بە شێوەیەکی گشتیی، لەپاڵ پەنابردن بۆ توندوتیژییدا، لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکیی تر کاردەکەن بۆ ئەوەی پێگەکانی دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. یەکەمیان بریتییە لە ”گەشەکردنی ئابوریی“ و ”بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان“ی ئەو دانیشتوانەی کە حوکمڕانییان دەکەن. ئەمەش لە ڕێگای دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزاریی پێویست و ژیانێکی ئاسان و مسۆگەرەوە بۆ زۆرینەی کۆمەڵایەتیی. دووھەمیان لە ڕێگای درۆ و پڕوپاگەندە و بەڵێنی خورافیی و ناعەقڵانیی بەردەوامەوە. ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا ڕوودەدات، لانیکەم لە ئاسته ئابورییەکەدا، بەتاڵکردنەوەی ئەو ئابورییەیه لە توانای دابینکردنی لانی ھەرەکەمی خزمەتگوزاریی و کار و بژێو بۆ دانیشتوانی ھەرێمەکە. دووھەمیان کۆتاییھاتنی سەرجەمی ئەو دۆر سیاسییانەیە کە ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە لە فۆرمی بەڵێن و مژدەدا بە خەڵکیان دەدا.
پرۆژەی چاکسازیی بەوشێوەیەی لە ئێستادا دەیبینین ھەوڵدانێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ترسناکەی کەوتنی ئەم دوو کۆڵەکە سەرەکییەی حوکمڕانی دەسەڵاتگەریی و سوڵتانی دروستیانکردوە. بەتایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە خەڵک باوەڕ و متمانەی بە سەرجەمی نوخبە سیاسییەکە نەماوە، چ ئەوانەی حوکمڕانن و چ ئەوانەی لە دۆخی ئۆپۆزسیۆندا بوون. ئەم بێمتمانەییە تا ئەو ڕادەیەیە لە دواھەمین ھەڵبژاردندا نزیکەی حەفتا لە سەدی دەنگدەرانی هەرێم نەچوون بۆ دەنگدان و لەوە تێگەیشتن لەناو ئەو کیشوەرە گەورەیە لە تەزویر و فێڵی سیاسییدا، دەنگدان، مانایەکی نەماوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×