بەشێک لە داڕزاویەکانی میدیای کوردی

رەوا هەژار
  2020-01-30     434
میدیای کوردی وەکو میدیایەکی کۆڵەوار و بێ پێناسە و پەککەوتە ڕۆژانە لێشاوێک بابەتی کارەساتبار ئاراستەی وەرگرەکانی دەکات. ئەم میدیایە وەکو ڕەنگدانەوەی واقیعە نالەبارە کوردیەکە لە دۆخێکی پاشاگەرداندا دەژی. لە دۆخێکدا کە هەمیشە ئاڵۆزە، ڕاستیەکان تێیدا ناپەیدان، فاکتەکان تێیدا نادۆزرێنەوە، کارەکتەرەکانی شەڕانی و فرەدەموچاو و بێئەجێندا و کوشندەن. ئەم میدیایە لەگەڵ خۆی و کۆمەڵگەکەیدا ناسازە، گفتوگۆی خراپ درووستدەکات، بەرپرسیاریەتی تێیدا نائامادەیە و دەنگە ئازادەکانی لە پاشەکشەدان. تەنیا کۆدەنگییەک لەم میدیایەدا هەبێت ئەوەیە کە میدیایەکی خراپە و لە پاشەکشەی زیاتریشدایە. میدیای کوردی یەکەیەکی بێ فۆڕمە، لە هیچ میدیایەکی تری جیهان ناچێت، چوونکە کۆمەڵگەی کوردی هەتا ئێستا یەکەیەکی بێ پێناسەیە و لە هیچ کۆمەڵگەیەکی تری دنیا ناچێت، کۆمەڵگەیەکە جوودا لە پاوانخوازە حیزبیەکە هیچ دەسەڵاتێکی بەڕێوەبردنی تێدا بەرهەم نەهاتووە. وەختە بڵێم کە ئێمە لە بنەڕەتدا شتێکمان نییە بەناوی میدیای کوردی بەڵکە ئەوەی هەیە دەنگەدەنگی کوردییە، دەنگەدەنگێکی نابووتی ناکاریگەر. دەتوانم وەکو ڕاستییەک گرەو بکەم کە ئەگەر خوێنەرێک ئەم دێڕانەی خوێندەوە ئەوا بەوپەڕی بێمتمانەییەوە چاوی پیادەگێڕێت، چوونکە دەسەڵات و میدیای کوردی شتێکیان نەهێشتۆتەوە بەناوی متمانەوە بۆیە دواجار ئەم قسانە و هەموو کۆششە ڕاستینەکان بێ کاریگەری تێدەپەڕن. لەوەها دۆخێکدا هەموو بەها ئینسانیەکانی ئێمە دەکەونە مەترسییەکی یەکجار گەورەوە، تەنها چارەسەر بێدەنگ نەبوون و وازنەهێنانە.
لە یەکەم بینینیدا میدیای کوردی وەکو میدیایەکی پروڵەڵ و فرەسەکۆ دەردەکەوێت، بەڵام دوای سەرنجێکی خێرا تێدەگەیت هەناوی ئەم فرەدەنگیە لە یەک پنتدا کۆ دەبێتەوە ئەویش پنتە زاڵەکەی دەسەڵاتی دوو حیزبە کوردیەکەیە. لە سێ دەیەی تەمەنی خۆیدا دەسەڵاتی کوردی توانیویەتی بە شێوەیەکی کاریگەر میدیا وەکو ئامێرێک بۆ کوشتنی ئیرادەی لێپرسینەوە بەکاربێنێت. ڕەنگە باشترین نموونە درووستبوونی سەکۆ ئازادەکانی هاوڵاتی و ئاوێنە بن وەکو دوو سەکۆی سەربەخۆی میدیایی. ئەزموونی هەفتەنامە، دواتر ڕۆژنامەی هاوڵاتی پاشان داخستن و پاشان بەهەفتانەبوونەوە و بە ئەلەکترۆن کردنی پێمان دەڵێت میدیای سەربەخۆ وێڕای جورئەتی ڕووبەڕووبوونەوە و دڵسۆزیەکەی هێشتا نەیتوانیوە وەکو دامەزراوەیەکی جێگیر ململانێی میدیا سێبەرەکانی دەسەڵات بکات. ئەمە وادەکات ویست و ئیرادە لەبەرامبەر هەوڵدان بۆ گەشەسەندنی میدیای سەربەخۆ بێهیوا بمێنێتەوە. وەزیفەی میدیای کوردی هەڵهێنانی بێهیواییە، پەخشکردنی وێنەیەکی ساختەی ئینسانی کوردە، وێنەیەک کە تێیدا هەمیشە ئینسانی کورد وەکو بوونەوەرێکی سەرەتایی و تێکشکاو و داهێزراو دەردەکەوێت.
بەپێی لێدوانی سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لقی سلێمانی کە لە ٢٠١٦دا ڕوونیکردۆتەوە: "لە ئێستادا زیاتر لە دەهەزار میدیاکار و ڕۆژنامەنووسی کوردی بوونیان هەیە. زیاتر لە هەزار کەناڵی خوێندراو مۆڵەتدار هەیە. سەدان ڕادیۆی ئاسمانی لۆکاڵیمان هەیە، دەیان کەناڵی بینراوی لۆکاڵی و سەدانی جهینیمان هەیە." ئەم لەشکرە لە میدیاکار و ڕاگەیندکاران لە کوێن لە کاتێکدا تیراژی باشترین کتێبی میدیایی ناتوانێت لە هەزار دانە زیاتر بێت. لەلایەکیتر لە سەدا نەودونۆی ئەم کەناڵانە بەزمانی کوردی پەخشەکانی خۆیان دەگەیەنن و هیچیان نەیانتوانیوە بە زمانە زیندوەکانی دنیا کورد بە دنیای دەرەوە بناسێنن. لە ناو دنیا کوردیەکەشدا کەناڵە جیاوازەکان وەکو بڵقی بچووکی جیاواز هەریەکەیان لە بازنەی سنوورداری خۆیدا قسە بۆ لایەنگرە تووڕە و دابڕاوەکانی دەکات. لەکاتێکدا میدیای کوردی وەکو وەرگرێکی باسیڤ و دەستی-دوو بەردەوام لە میدیا جهیانیەکانەوە هاوردە دەکات، بەڵام ناتوانێت بچووکترین دەنگی نیشتیمانی بۆ دەرەوە بگوازێتەوە. میدیای کوردی کامێرای نیو ملوێن دۆلاری هاوردە دەکات تا بتوانێت سەروسەکوتی سەرکردە ڕەشوسپیەکانمان پیشانبداتەوە.   
میدیای کوردی لە هەموو ئاستەکانیدا وێرانە. ڕۆژانە دەبینیت بکەرە میدیاکارەکان وەکو کەسانی ناپڕۆفیشیناڵ بەرنامەکان هەڵدەبژێرن، قسەی هەلەقمەلەق دەکەن، گفتوگۆگەلێک درووستدەکەن کە سەردەکێشێت بۆ یەکتر شکاندن و ئیهانەکردن و سووکایەتی. لەو هەزاران نموونەیە یەک نموونە دەهێنمەوە. چەند شەوێک پێش ئێستا مەلا مەزهەر خۆراسانی لە بەرنامەکەی هیوا جەمالدا لە پەخشی ڕاستەوخۆی کەناڵی ڕووداودا بە خانمێکی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنانی گووت: " هێندە ناشیرینە سەیرکردنی نابێتە نەزەر." بۆ شەوی داهاتوو هەمان پێشکەشکار لە بری ئەوەی داوای لێبووردن لە خانمەکە بکات لەسەر ئەوەی لەبەرنامەکەیەوە سووکایەتی پێکراوە کەچی لە خانمەکەی پرسی: " تۆ چۆن دەتوانیت لە بەردەمی دادوەردا بیسەلمێنیت کە ناشیرین نیت؟" لە کوێی دنیادا هاوشێوەی ئەم گاڵتەجاریەت دەستدەکەوێت؟ چۆنچۆنی بەراوردی ئەم میدیا داڕووخاوە لەگەڵ میدیا جیهانیەکاندا دەکرێت؟
ئەم بەناو میدیایە کە لە ڕاستیدا لە دەنگەدەنگێکی داڕزاو زیاتر نییە، بارگرانییەکی گەورە و بەردەوامە بەسەر دەروونی وەرگرەکانیەوە. هۆکارێکە بۆ گەشەی بەردەوامی گەندەڵی و شاردنەوەی ڕاستیەکان و بەرەولێژبوونەوەی ئاستی زانیاری کۆمەڵگە. میدیای کوردی کارێکی کردووە کە مرۆڤی کورد حیسی بەرامبەر تەریقبوونەوە لاواز بێت، ڕێی تێناچێت مرۆڤ بتوانێت تەماشەکەرێکی بەردەوامی تەلەفیزیۆنە کوردیەکان بێت و هەست بە تەریقییەکی بەردەوام نەکات، کەچی میدیای کوردی توانیویەتی ئەم کارە بکات، توانیویەتی بەردەوام بەرنامە و گووتار و لێدوانی شەرمئاوەر پەخشبکات و حەشاماتێک مرۆڤی ئیسفنجیش گوێگری بن. وەکو ئەوەی ئاسایی بێت میدیا بەو شێوەیە ڕەفتار بکات. ئەمە ئەگەر بێ ستاندەری و ئاستنزمی نەبێت چییە؟ 
میدیا وەکو ئامرازێک دەبێت لە خزمەتی گواستەوەی ناوەڕۆکێکی ماناداردا بێت. ناوەڕۆکێک کە فۆرم دەداتە باشەی کۆمەڵگە، بەڵام لە میدیای کوردیدا بێناوەڕۆکی بۆتە ناوەڕۆکی پەیامەکە. بە واتایەکی تر پەیامی میدیای کوردی پەیامێکی بێ ناوەڕۆکە و هیچ بانگەشەیەکی ماناداری لێ نافامرێتەوە. ئەوەی هەیە کات بەسەربردنێکی درۆزنانەیە کە بکەرەکانی بەردەوام کار بۆ هەڵخەڵەتاندانی وەرگرەکان دەکەن. لە وەها دۆخێکدا کۆڵەکە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگە بەسەریەکدا دەشکێن و کۆی کلتوورەکە بەرەو سەرەولێژبوونەوەیەکی ئاکاری دەڕوات.      
 
ئەرکی ڕاستەقینەی میدیا کردنەوەی زانیارییە بەڕووی هاووڵاتیاندا. هاووڵاتی بەبێ هەبوونی زانیاری ناتوانێت لغاوی گەندەڵی بکات، ناتوانێت نەزیهانە چاودێری مافەکانی خۆی بکات. هیچ میدیایەک ناتوانێت بە بێ زیادکردنی ئاستی زانیاری هاووڵاتی حیسی لێپرسینەوە لە کۆمەڵگەدا زیاد بکات. لێرەوە تێدەگەین کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی بێ میدیایە چوونکە هەستی لێ پرسینەوە تێیدا ونە. میدیا بە مانا ستانداردە جیهانیە پیشەییەکە هێشتا لە دنیای کوردیدا جێگیر نەبووە. 


 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×