كاریگه‌رییه‌كانی ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی

ته‌رزه‌ جاف
  2020-01-31     485
ئایا بڕیاری رێگه‌دان به‌جامڕەشكردنی ئۆتۆمبێله‌كان قازانجی زیاتره،‌ یان زیان؟

ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكوومەت، ده‌یان قاتی خۆی گرفت بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ و كار و داد زیاد ده‌كات.

ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كانی ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێل له‌ راستیدا كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌رما و تیشكی هه‌تاوه‌ له‌ هاویندا، جگه‌ له‌ هه‌ندێك داموده‌زگای حكوومەتیش كه‌ بۆ مه‌به‌ستی ئاسایش و گواستنه‌وه‌ی كه‌سانی زیندانی و چاكسازی و  شه‌ڵته‌ره‌كان و هه‌ندێك پێویستیی تر بێت، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگەیە‌كی وه‌ك كۆمه‌ڵگەی كوردستان، كه‌  به‌ ده‌ست زۆر كێشه‌ و دیاردەی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌ناڵێنێت، ئه‌وا ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێل، یه‌ك په‌یام ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی ناو ئۆتۆمبێل نایانه‌وێت له‌ ده‌ره‌وه‌ دیار بن.

ئه‌گه‌رچی له‌ ده‌قی بڕیاره‌كه‌دا‌ به‌ وردی بڕی ره‌شكردنی جام دیاریكراوه‌ و كۆمه‌ڵێك رێنمایی و رێكاری ورد دانراون، وه‌ك مه‌رج بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه‌، به‌ڵام هێشتا چاوه‌ڕوانكراوه،‌ ئه‌و بڕیاره‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاد بكات و ته‌نانه‌ت دیارده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێت.

ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌ یاسای رێگه‌دان به‌ ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكوومە‌ت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كۆمه‌ڵێك گرفت و دیارده‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، كه‌ دواتر چاره‌سه‌ركردن و هه‌وڵدان بۆ بنبڕكردنیان، حكوومەت ناچار بكات، هه‌م داهاتی دارایی و هه‌میش توانایه‌كی مرۆیی زۆر زیاتر خه‌رج بكات. 

له‌ كۆمه‌ڵگەیە‌كدا كه‌ هێشتا دیارده‌ی له‌شفرۆشی و كوشتنی ژنان و رفاندن و تیرۆر و ماددەی هۆشبه‌ر هه‌یه‌ و بنبڕ نه‌كراوه‌ و توانایه‌كی دارایی و مرۆیی زۆری بۆ ته‌رخانكراوه‌ به‌ مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ و بنبڕكردنی، ئه‌گه‌ر هه‌موو كه‌سێك بتوانێت جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ره‌شبكات، مه‌ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دیارده‌ی له‌شفرۆشی له‌ كون و قوژبنه‌كانه‌وه‌ بگوازرێته‌وه‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كان و دووریش نییە هه‌ندێك ئۆتۆمبێل ببنه‌ ماڵێكی له‌شفرۆشی گه‌ڕۆك و به‌ كرێ بدرێن!

ئه‌گه‌ر جامڕه‌شكردنی ئۆتۆمبێله‌كان له‌ رێگای وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ داهاتێك بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ حكوومە‌تی هه‌رێم، ئه‌وه‌ له‌لایه‌كی تره‌وه‌ گرفتێكی گه‌وره‌تر درووست ده‌كات  بۆ حكوومەت، یه‌كه‌م جار بۆ خودی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی هه‌یه‌ به‌ ناوی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانی و كه‌میش نین ئه‌و كچ و ژنانه‌ی روو ده‌كه‌نه‌ شه‌ڵته‌ره‌كان و كه‌یسی ئاڵۆزیان هه‌یه‌. ئینجا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ كه‌ گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ هۆی هه‌ندێك دیارده‌ی وه‌ك ماددە‌ هۆشبه‌ر و هه‌روه‌ها سۆشیال میدیا و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیای تایبه‌ت به‌ ڤیدیۆ و ده‌نگه‌وه‌، گرفته‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ ئاستێك كه‌ زۆر جار له‌ ناو قوتابخانه‌كاندا رێنماییكاره‌ ده‌رونییە‌كان ده‌سته‌وسان ده‌وه‌ستنه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م گرفته‌كاندا و هه‌ندێك جار وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌ ناچاری په‌نا بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی كار ده‌بات.

وه‌زاره‌تی كاریش كه‌ چاكسازیه‌كانی ژنان به‌ڕێوه‌ ده‌بات دیسان ئه‌ركه‌كانی كه‌م نین، كه‌واته‌ دانانی مه‌رجی دارایی وه‌ك مه‌رجێكی سه‌ره‌كی بۆ رێگه‌دان ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێل، ده‌یان ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ بۆ زیادبوونی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیادبوونی تاوان و تە‌شه‌نه‌كردنی به‌كارهێنانی ماددەی هۆشبه‌ر و ده‌ستدرێژیكردنی سێكسی و رفاندن و ته‌نانه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی تری كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها وه‌ك حاڵه‌ت، تاك و تە‌را هه‌ن و توانای چاره‌سه‌ركردنیان هه‌یه‌ و ئاسانه‌.

كه‌واته‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكوومەت، ده‌یان قاتی خۆی گرفت بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ و كار و داد زیاد ده‌كات.

ئه‌و كاتیش حكوومەت ناچار ده‌بێت داهات و توانایه‌كی زۆرتر بۆ ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م بڕیاره‌ سه‌رف بكات.

ئۆتۆمبێلی جوان و گران و ئیكسیسواری و نایاب حه‌ز و خولیای ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌و منداڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌یه‌، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ كێبڕكێی ئه‌وه‌دان كامیان سه‌فه‌ری دورتر و ماركه‌ی گرانتر و ئۆتۆمبێلی گرانبه‌هاتری پێیه‌، هه‌ر بۆیه‌ش جێبه‌جێكردنی  بڕیاری رێگادان به‌ ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێل، جیاوازیه‌ چینایه‌تیه‌كان زیاتر زه‌ق ده‌بنه‌وه‌ و دیاریكردنی ئه‌و پاره‌یه‌، ره‌شكردنی جامی ئۆتۆمبێلیش ده‌خاته‌ ریزی ركابه‌ریه‌ ماددییە‌كانی تر.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×