مێژوو ڕیچ‌و عوسمان بەگ

دلێر محەمەد نوری
  2020-02-21     320
مێژوو و ڕیچ و عوسمان بەگ
چیمان پێ دەڵێن؟
ئاشکرایە ڕۆڵ و ئاکار و کاریگەری سەرکردە و هێز و حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەر نەتەوەیەیک بۆ ناو و ناوبانگی ئەو نەتەوە و میللەتە گەلێک گەورەیە لە نەخشاندنی لاپەڕەکانی مێژوودا. ئەگەر کەمێک بیرۆکەکە ڕوونتر بکەمەوە دەتوانم بڵێم هەرچی کێشمەکێش و داگیرکاری و شەڕوشۆڕێک لە لایەن هەر هێزێکەوە دەکرێت ئەگەر نادادپەروەرانە و ستەمکارانە بێت ئەوە مێژوو وەکو لەکەیەک و پەڵەیەک بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانی و شەرمێکیش بۆ نەوەی داهاتوو بە جێی دەهێڵێت. بە دواشیدا گەلێ ووشەو و پەند و ناو ناتۆرە بۆ نەوەی داهاتوو جێدەهێڵێت. 

گەر بۆ نموونەی زیندوو بگەڕێین هەتا ئەمڕۆش لە ناوهێنانی سەرکێشییەکانی هیتلەر هەمیشە دەوترێت ئەڵمانەکان وەهایان کرد! بەو ڕادەیەی ئەمڕۆ مایەی شەرمە بۆ هەر ئەڵمانییەک کە مێژووەکەی هیتلەرێکی تێدابووە. هەر لەم پێناوەدا ئەڵمانەکان جگە لەو باجە ماڵییەی بۆ ئەم سەرکێشییە داویانە، هەمیشە لە سێکتەرە پەروەردەییەکانی خۆیاندا هەوڵ دەدەن ئاسەواری ئەو شەرمەزارییە لە سەر دەروونی ئەڵمانەکان کەم بکەنەوە یان بسڕنەوە و ئەو مێژووەش وەکو مێژوویەکی نازی هیتلەری نەک ئەڵمانی سەیر بکەن. ئەسکەندەنافییەکانی ئەمڕۆش بە هەمان شێوە ئەڕواننە ئەو مێژووە چەتەگەرییەی ڤایکینگەکان. هەرچەندە ئەمان لایەنی ئەرێنی ڤایکینگەکان باس دەکەن بەڵام هەرگیز شانازی بە کارە چەتەگەری و ستەمکارییەکانیانەوە ناکەن. داگیرکاری عێراقیش بۆ کوێت کە کردەوەیەکی ١٠٠% سەددامی بوو بەڵام عێراقییەکانی شەرمەزار کرد و پۆزشی پێ هێنانەوە.

ئەگەر چی مێژوو گەلێک نموونەی وەهای تێدایە، کە میللەتان وەها سەیری مێژووی خۆیان ئەکەن وەکو بابەتێکی پەند و عیبرەتی بۆ ژیان و سیاسەتی ئەمڕۆی مرۆڤەکان بەڵام نەتەوە و میللەتی واش هەن کە نەک عیبرەت لە مێژوو وەرناگرن بگرە شانازی بە مێژووی خۆیانەوە دەکەن و خراپەشی بە چاک و قێزەونشی بە پاک دەبینن. 

گەر نموونەش بۆ کرۆکی باسەکە بهێننەوە پێم وایە مەبەستەکەم دەپێکم گەر بڵێم تورکەکانن. تورکەکان کە دەگەڕێنەوە سەر تەتارەکان لە کاتی داگیرکردنی شاری هەولێری ئەمڕۆ بۆ ماوەی چل رۆژ و چل شەو چواردەوری قەڵاکەی هەولێر دەگرن. خەڵکی ئەو کاتەی هەولێریش بۆ خۆ پاراستن خۆیان تێدا پاراستووە و گەر پیرە قەراتی هەولێرێ نەبا ئەوا خەڵکەکەی بە دەردی ئەو دەیان هەزار بەغدادیە ئەچوون کە لە کوچە و کۆڵانەکانی بەغدادا کوژران بە ناهەق لە ساڵی ١٢٥٨ زایینیدا. ئەمەش کاتێ هولاکۆ خەلافەتی عەباسی ڕووخاند. جگە لەمەش سروشتی داگیرکاری باپیرانی تورک وەهابوو بچووبوونایە هەر شارێک سیمای شارستانی ئەو شارەیان دەشێوان لە وێنەی سوتاندنی (دار الحکمه‌) ی بەغداد و تێکدانی شوێنەوار و بیناسازی ئەو شارە. من بۆ خۆم شتێک شانازی لەم هێرشانەی مەگۆل نابینم جا نازانم بۆ تورکەکانی ئەمڕۆ ئەمە چۆن لێکدەدرێتەوە.

بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەمڕۆ زۆربەی هەرە زۆری تورکەکان شانازی بە عوسمانییەکان و داگیرکاری یەکانیان و مێژوویان دەکەن لە ئەلیفەوە هەتاکو ێیی سەرباری ئەو هەموو داگیرکاری و ستەمە گەورەیەی کە ئەنجامیان داوە دژ بە هەموو گەلانی موسوڵمان ئاسیا و غەیرە موسوڵمانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بە درێژایی ٦٠٠ساڵ.

 بۆ خوێندنەوەی ستەمکاریی عوسمانی دەبێت جگە لەو مێژووەی تورک بۆ خۆی تۆماری کردووە، گوێ لە گێڕانەوەی گەلانی عەرەب و کورد و ئەرمەن و گریک و زۆری دیکەش بگرین کە قوربانی دەستی عوسمانییەکان بوون. جا هەر لەم رێچکەیەدا زۆرترین ووتە و توانج لە نێو میللەتانە لە تورک دراون و دەدرێن کە من ئەم کاردانەوانەی هەر بۆ دڕندەیی و داگیرکاری یەکانی تورکەکان ئەگێڕمەوە لە مێژوودا دژ بەو نەتەوانە.

 هەندێک لە نموونەی ئەو ووتە و پەندانەش ئەمانەن:- (پەندێکی ئەرمەنی:تورک ئەگەر کەسێک نەدۆزییەوە بۆ کوشتن براکەی خۆی ئەکوژێت، پەندێکی بولگاریش دەڵێ: ئەو خاکەی تورکی بە سەردا بڕوا گیای لێ سەوز نابێت، یۆنانییەکانیش ئەڵێن: هەر کاتێک تورکەکان باسی ئاشتییان کرد بزانە شەڕ بە ڕێوەیە، زۆری دیکەش هەن) جا ئەمانە تەنها گواستنەوەی ئەوەیە کە هەیە دەنا تانە نییە لە تورک وەک مرۆڤ و وەک نەتەوەش، من دڵنیاشم کاتێک ئەو پەندانە ناوی تورک یان تورکەکان دەهێننەوە مەبەستیانە قسە لە سەر ئاستی دەسەڵات و هێزی تورکەکان بکەن و تانەی لێ بدەن نەوەکو تاکە کەسەکان. بەمەش ئەوەمان بۆ ئەسەلمێ مێژوو کاتێک خۆی ئەنووسێتەوە ناڵێت هێزی تورکی یان دەسەڵاتی تورکی بەڵکو دەڵێت تورکەکان. 

جا تورکەکان نابێت شانازی بە وەها مێژوویەکەوە بکەن  بەڵکو دەبێت باسی بکەن و شەرمی لێ بکەن و وانەی لێ وەربگرن و نەوەک تەنها شانازی پێوە بکەن و دووبارەی بکەنەوە. ئەوەی ئەمڕۆش لە تورکەکانی دەبینین چ لە ئاستی تاکە کەسی و چ لە ئاستی دەسەڵات نەک هەر عیبرەتیان لەو مێژووە خوێناوییەی خۆیان وەرنەگرتووە بگرە درێژەپێدەری هەمان ڕەوتن. 

تورکەکان وەک ووتمان لە بنەچەدا بە شەڕ و ئاشووب و ماڵوێرانییەوە هاتوونەتە ئەم ناوچەیە. ئەوان قۆناغ بە قۆناغ هەر مایەی هەڵگیرساندنی شەڕ و داگیرکاری بوون، ڕەنگە هیچ میللەتێکی دونیا نەدۆزییەوە لە بەرەبەیانی مێژووی خۆیەوە تا ئەمڕۆ هەر لە جەنگدا بوو بێت و زۆربەی هەرە زۆری جەنگەکانیشی سەرئەنجام دۆڕاندبێت ومایەپووچ لێی دەرچووبێت. وەک چۆن مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە کە ئەو هێزە گەورەیەی مەگۆل دواجار خۆی لە بەردەم هێزی مەمالیکی میسر ناگرێت و لە شەڕی عین جالوت لە ١٢٦٠ زایینیدا بە تەواوی لە ناو دەچێت واتا دوای دوو ساڵ لە داگیرکردنی بەغداد. 

عوسمانییەکانیان دوای ٦٠٠ ساڵ دەسەڵات و داگیرکاری لە ١٩٢٣ دا کۆتاییان پێ هات و تەواوی خاک و وڵاتی ژێر دەستیان کەرت کەرت و دابەشکران بە سەر ئەوانی دیکەدا و تورکەکانیش خزێنرانە ئەم سنوورە بچووکەی ئەمڕۆیان کە ئەویش لە سەردەمی ئەتاتورکەوە تا ئەردۆگان لە ژێر هەڕەشەی جوداخوازە کوردەکان وململانێ و ناکۆکییەکانیدایە لە گەڵ قوبرس و یۆنان و ئەرمەندایە. 

مێژووی تورکەکان هیچمان پێ نەڵێت ئەوەمان پێ دەڵێت کە تورکەکان هەر لە سەرەتاوە بە داگیرکاری هاتوون و گیانێکی فراوانخوازی و تێکدان و کوشت وبڕیان تێدایە تا ئەو سات و کاتەی دەستیان بڕوا درێژ دەبێتەوە لەم کاتەدا نەک بە کەم بەزۆریش قایل نابن و داوای زۆرترین ئەکەن. ئەوان هەرچ کاتێکیش بە توندی لێیان بێیتەدەست دەکشێنە دواوەو بە کەمترین و تەنانەت بەرانبەر مانەوەیان بە زیندوویی ڕازی دەبن بەڵام بە کاتی و بە سیاسییانە تا هەڵکەوتنی دەرفەت نوێ. کوردیش وە نەبێت تورکی نەناسیبێت بەڵکو بەو پێیەی هەمیشە پێشەنگی ئەو میللەتان بووە بەر شاڵاوی داگیرکاری تورک کەوتووە هەتا ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت، هەمیشە کورد و سەرکردەکانی قسەی خۆیان بۆ سیاسەتی تورکی ناسی هەبووە. 

بۆیە دەبینین  لە گەشتنامە بە ناوبانگەکانی میستەر ریچ بۆ کوردستان لە سالی ١٨٢٠ ز کە دەکاتە نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر ڕیچ گەلێ گفت وگۆی ناوازە و بەنرخی خۆی لەگەڵ میر و بەگەکانی باباندا بۆ گێڕاوینەتەوە. لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەی کە محەمەدی حەمە باقی وەریگێڕاوە لە لاپەڕە ١٢٩ – ١٣٠ دا باس لە گفت و گۆیەکی خۆی و عوسمان بەگی برای میری بابان بە دیاری کراویش لە ڕۆژی ٣٠ ئەیلولی ١٨٢٠ زایینی دەکات واتا دوای ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا.

ڕیچ دەڵێت لە کاتێکدا لە گەڵ عوسمان بەگدا باسمان لە دۆخی سیاسی کورد ئەکرد عوسمان بەگ لێی نەشاردمەوە کە چەند ڕقی لە تورکەکان بووە لە بەر ئەوەی هەر خەریکی فێڵ و تەڵەکەبازین، کەس وەکو عوسمان بەگ تورکی نەناسیوە...  لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕیچ ووتویەتی (بۆیە من لای خۆمەوە ڕقم لێیان دەبێتەوە و هەرگیز متمانەیان پێ ناکەم، چونکە ئەمانە هەتا چاوترسێنیان نەکەیت یان بە توندی لەگەڵیاندا نەجووڵێیتەوە لە خۆیانەوە چاک نابن).

ئەگەر بە وردی لەم ووتەیەی عوسمان بەگ بکۆڵینەوە و سەیرێکی هەنگاوەکانی سوپا و حکومەتی تورک و ئەو یارییە سیاسییە بکەین کە تورک لە نۆ ساڵی کۆتاییدا لە سوریا ئەنجامی داوە لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپا و ئیسرائیل و سوریا و ئێران و کورددا دەبینین لە گەڵ هەر لایەک لەمانە گەیاندوویانەتە ململانێی و ناکۆکی سیاسی و سەربازی زۆر توند و بە دوژمن سەیرکردنی یەکلایی بووەوە تەماشایان کردوون، بەڵام لەگەڵ یەکەم کاردانەوەی توندی بەرانبەر پاشکشەیان لە هەڵوێستی خۆیان کردووە و دوژمنیان بە دۆست کردووە و دۆستیشیان هەرزان فرۆش کردووە.

نموونەش بۆ ئەمە لە مەسەلەی ئابلوقەی سەر غەزە و لێدانی کەشتی تورکی لە لایەن ئیسرائیل و مەسەلەی قەشە بەندکراوەکەی ئەمریکا و سەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری ئەمریکا و چەندین جارەی پاڵپشتی معارەزەی سوری و فرۆشتنیان بە هەرزان لە مامەڵە سەربازییەکانیاندا لە ئەدلب و حەلەب. ئێستاش تورکیا خەریکی چەند گەمەیەکی دیکەی سەربازییە تا پارسەنگی هەموو شکستەکانی پێشووی پێ بداتەوە لە لیبیا و لە سوریاش لە لەشکرکێشی ڕۆژانی دوایی لە ئەدلب بەرانبەر بە ڕژێمی سوری هاوپەیمانی ڕووسی. 

ئێستاش پرسیاری گرنگ ئەوەیە هەڵوێستی ڕووسیا بێدەنگی ئەبێت تا تورکیا هەژموونی خۆی لە ئەدلب بسەپێنی گورز لە سوریا بدات کە ساڵانێکە بە کۆششی زۆری رووس خۆی ڕاگرتووە یاخود وەک ئەوە دەکات کە عوسمان بەگ بە ڕیچ ئەڵێت و بە توندی بەرپەرچی تورکەکان دەبێتەوە و دەیخاتەوە قاوغەکەی خۆیان.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×