کوردو موحەممەد تۆفیق عەللاوی

هاوژین عومەر
  2020-02-25     863

پشتکردن لەبەرپرسیارێتیی ڕاستەقینە!
کوردو موحەممەد تۆفیق عەللاوی

لەم ڕۆژانەدا دوو بابەت سەرنج و بیری بەشێکی زۆر لە خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە، یەکەمیان سەرھەڵدانی نەخۆشیی کۆرۆنا و، دووەمیشیان حکومەتە پێشنیازکراوەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی و مشتومڕی بەشێک لە قەوارە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمە لەو بارەیەوە.

ھەرچی پەیوەست بە بابەتی یەکەمیانە (سەرھەڵدانی نەخۆشیی کۆرۆنا)، ئەگەرچی تەوەری ئەم وتارەی ئێمە نییە، بەڵام بەرگرتن لێی و ھۆشیارکردنەوەی خەڵکی لە شێوازی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکە، ئەرکی دامودەزگا پەیوەندییدارەکانی دەوڵەتە، بە ھاوکاریی و بەدەمەوەچوونی تاکەکانی کۆمەڵگە.

ئەوەی ئێمە لەم وتارەدا بەئامانجمان گرتووە، بابەتی دووەم و ئەو مشتومڕانەیە کە لە بارەیەوە دەکرێن.. بابەتی کابینە پێشنیازکراوەکەی محەممەد تۆفیق عەللاوی چەند رۆژێکە دابەشبوونێکی دیکەی سیاسیی لە عێراق دروست کردووە، ناوبراو پێی وایە حکومەتە کاتییەکەی دەبێت لە کەسانی سەربەخۆ و تاقینەکراوە پێک بێت، لەگەڵ پارێزگارییکردن لە پشکی پێکھاتەکانی وڵات، لە کورد، سوننە، شیعە، تورکمان و مەسیحی و ھتد، بۆ ئەمەش وا دەردەکەوێت کە لە دەرەوەی خواستی زۆرینەی ھێزە سیاسییە براوەکان، پاڵێوراوەکانی حکومەتەکەی دیاریی دەکات.

ئەو پرەنسیپەی عەللاوی بۆ پێکھێنانی کابینەکەی، ھەندێک ھێزی سیاسیی تووڕە و نیگەران کردووە، بە تایبەتیش ھەندێک حیزبی کوردستانیی، لەگەڵ بەشێکی سوننە (نەک ھەموویان) کە موحەممەد حەلبوسیی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران سەرکردایەتییان دەکات. بەشێک لەو ھێزانەش بە ھۆکاری لەدەستچوونی پشکی حزبی و ئیمتیاز و وەزارەتەکانیان و لە ژێر ناوی دیکەدا ھەڵوێستی نێگەتیڤ دەنوێنن. چەند ڕۆژێکیشە بەشێک لەو ھێزە سیاسییانە بە مەبەستی دروستکردنی ئاستەنگ، بەرپرسیارێتیی دەستنیشانکردن و ڕاسپاردنی عەللاوی بە تەنھا دەخەنە ئەستۆی سەرۆک کۆمار و گوایە لە دەرەوەی کۆدەنگیی نیشتمانی و ھێزە سیاسییەکان، ناوبراوی ڕاسپاردووە بۆ دروستکردنی حکومەتی نوێ، ئەوەش بە پێشێلکردنی دەستوور پێناسە دەکەن.

سەبارەت بەو بابەتە و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ بیرکردنەوەی عەللاوی بۆ پێکھێنانی کابینەکەی و تایبەت بە کوردیش، ئەگەر چی بەندە پێم وایە ئەگەرەکانی سەرکەوتنی عەللاوی لە جێبەجێکردنی کارنامە فراون و چڕەکەی کەمێک لاوازن، بە تایبەت لە ماوەی تەنھا ساڵێکدا، بەڵام ئەم چەند خاڵە بە پێویست دەزانم:

یەکەم: بەپێی زانیارییەکانی بەندە، ڕاسپاردنی عەللاوی لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە، جگە لە رەزامەندیی زۆرێک لە چین و توێژە پەیوەندییدارەکان، بە ویست و ڕەزامەندیی و تەنانەت ئامادەبوونی زۆرێک لە ھێز و ڕەوتە سیاسییە عێراقییەکان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بووە، بە کوردیشەوە، ئەمە جگە لە بوونی ئیمزای دەیان پەرلەمانتاری عێراقی بۆ پشتیوانییکردنی عەللاوی. ھەربۆیە پشتھەڵکردن لەو ڕاستییە لە لایەن ھەرکەس و لایەنێکەوە، ھەڵھاتن و پشتکردنە لە بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینە و سیاسەتکردنێکی بەرژەوەندخوازانەیە.

دووەم: ھەرچی سەبارەت بە پشکی کوردە، پێویستە لایەنە کوردییەکان، بە تایبەتیش پارتی و یەکێتی، بەرمەبنای بیرکردنەوە و تێگەیشتنی عەللاوی بەرانبەر مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەڵوێست لە ناوبراو و کابینەکەی وەربگرن، نەک بە پێچەوانەوە پشک و ئیمتیازی حزبی بکەنە پێوەر و بنەمای ھەڵوێستەکانیان. مادامێک عەللاوی بەڵێنی پاراستنی مافەکانی کوردی بە وەفدی دانوستکاری کورد داوە، حیکمەتێکی ئەوتۆی تێدا نییە لەسەر کەس و پشکە حزبییەکان بەرھەڵستیی ئەو پیاوە بکرێت. پێشم وایە ھێزە براوە کوردییەکانی ھەرێم بە کۆڕا مافی خۆیانە دەستیان لە دانانی پاڵێوراوەکانی کورد ھەبێت، بەڵام بە ڕەچاوکردنی تێگەیشتنی عەللاوی لە دیارییکردنی کەسانی سەربەخۆ و تاقینەکراوە و نیشتمانیی.

سێیەم: دەبێت ھەموو لایەک ئەوە لەبەرچاو بگرن کە کابینەکەی عەللاوی وا بڕیارە بۆ ماوەیەکی کاتی بێت و تەمەنی لە ساڵێک زیاتر نەبێت، ھەروەھا کاری لە پێشینەشی بریتی بێت لە زەمینەسازییکردن بۆ ھەڵبژاردنێکی بێگەردی پێشوەخت، کە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ سڕینەوەی شوێنەوارە خراپەکانی ھەڵبژاردنی پڕ لە ساختەکاریی پێشوو لەسەر پڕۆسەی سیاسی.

چوارەم: بە نزیکەی ھەموو ھێزەکانی شیعە، جگە لە گرووپەکەی نوری مالیکی، ئامادەن دەنگ بە کابینەکەی عەللاوی بدەن، زۆرینەی ئەو ھێزانەش ئەگەرچی خۆیان بە ناچار دەبینن لەو کارەدا، بەڵام پێیان وایە دەبێت ئەوە بکەن، چونکە ماڵی شیعە بە شێوەیەک ناکۆک و لێکترازاوە، زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە و بە زوویی لەسەر جێگرەوەیەکی دیکە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت ڕێک بکەون، ئەمەش دۆخی عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەبات. ھێزە کوردییەکانیش گرنگە ئەوە بزانن کە شیعە پێی زانیوە، ھەروەھا کورد بۆ ئەوەی پاڵپشتی و دەنگی کوتلە شیعەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکات بۆ پەسەندکردنی مافەکانی کورد لە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵدا، پێویستە لەم بابەتەدا لەگەڵیان نەکەوێتە سەنگەر و ڕووبەڕووبوونەوە.

پێنجەم: ئەوەی لەسەر ھەموو لایەکی پێویست دەکات ڕۆژێک زووتر کار بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی بەھێزی سەربەخۆ و چالاک بکەن، ئەو دۆخە نەخوازراوەیە کە ئێستا وڵاتی تێکەوتووە.. ئەگەرچی لە ھەرێمی کوردستان بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، کاروبارەکانی حکومەت و خزمەتگوزاریی و ئاسایش و ئارامیی باشتر بەڕێوە دەچن، بەڵام دەبێت ھەموان کاریگەریی و شوێنەوارە خراپەکانی نەبوونی حکومەتێکی کارا لە تەواوی عێراق درک پێ بکەن، لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق بە دیفاکتۆ و بە ھۆی نەبوونی حکومەتێکی جێگیرەوە، سەرتاپای ژیانی ئیداریی و خزمەتگوزاریی لاواز بوون و پەکیان کەوتووە، شکستی ئەمنیی بەردەوام ھەیە، خۆپیشاندانەکان بەردەوامن، حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی بە ھۆی کاربەڕێکەرییەکەیەوە، تەنانەت دەسەڵاتی یاسایی و دەستووریی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆیشی نەماوە، لە دامەزراندن و باشکردنی خزمەتگوزاریی و ئاوەدانکردنەوە و ھتد.

ھەربۆیە، بەرئەنجامی لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی سەرەوە، دەبێت ئەوە بزانین کە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدایە، ڕۆژێک زووتر حکومەتێکی بەھێزی سەربەخۆ و دوور لە دەستتێوەردانە خراپەکانی حزب و میلیشیاکان پێک بھێنرێت، سوود لەو ئاڕاستە ناوخۆیی و ھەرێمی و نێودەوڵەتییەش بۆ پشتیوانیی حکومەتەکەی عەللاوی و لەوێشەوە بۆ خزمەتی ھەرێمی کوردستان ببینرێت و چی دیکە لە پێناو پشک و ئیمتیازی حزبییدا، بەرژەوەندییە باڵاکان پشتگوێ نەخرێن.
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×