‎بەكارهێنانی دادگا بۆ تۆڵەكردنەوە بوەستێنن

نیاز عه‌بدوڵا
  2020-02-29     816

‎رۆژی چوارشەممە ٢٦ی شوبات لە دادگای كەتنی هەولێرەوە پێڕاگەیاندنی ئامادەبوونی یەكەم دانیشتنی دادبینیم پێگەیەندرا، تا رۆژی یەك شەممە ١ی ئادار، كاتژمێر ٩:٣٠ بەیانی دادگایی بكرێم، لەسەر سكاڵایەكی بەناو یاسایی مەتین دلۆڤان ئدریس مستەفا بارزانی برازای سەرۆكی هەرێم.

‎لە بنەماوە ئەگەر خاتری پێگەی حزبی و بنەماڵەیی مەتین بارزانی نەگیرایە، دەبوو دادگا ئەو دۆسیەیەم لەسەر نەبوونی هیچ بەڵگەیەكی یاسایی بۆ تۆمەتباركردنم و بە زۆر سەپاندنی تۆمەت وەرنەگرێت.

‎ئەگەر مەتین لەسەر بنەمای بەدیهێنانی دادپەروەری ئەو كارە دەكات نەك بەكارهێنانی دادگا و یاسا بۆ تۆڵەكردنەوە لە من، بابێت دەستی دەگرم و بەیەكەوە سەرەتا دەچین لە ژوورەكانی دادگا وێنەی باپیرەكانی و باوك و ئامۆزاكانی لەسەر دیوار و مێزەكان لادەبەین.

‎سبەی یادی ٢٩ساڵەی راپەڕین دەست پێدەكات، بەڵام لەو یادەی شانازی بە رووخانی ستەمكاران دەكەین، ئەو دەسەڵاتەی لە بەرهەمی راپەڕین دروست بوو، رۆژنامەنووس و چالاكوانی بەرگریكار لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادیخواز دادگایی دەكات بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەكی یاسایی.

‎بۆیە ئەگەر بە پۆینت سەروەری یاسا و خواستی بەدیهێنانی دادپەروەری مابێت لەلایەن دادوەران و دادگاكان لە هەولێر پێویستە ئەم دۆسیەیەم دابخرێت، چونكە ئەو دۆسیەی ناوبراو دەخوازێت وەك بابەتێكی سیاسی و بۆ سەركوتكردن لە دژم بەكاری بهێنێت نە سەرنووسەر و نووسەریم، بەڵام مەتین برازای سەرۆكی هەرێم ئەخوازێ بەپێی ماددەی ٢ی یاسای ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و مۆبایل، لە ٦مانگ بۆ ٥ساڵ زیندانی بكرێم و، بە بڕی یەك ملیۆن بۆ ١٥ملیۆن دینار سزا بدرێم.

‎سبەی لە دادگای كەتن دەبم بۆ رەتكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی بنەماڵەی بارزانی دەیانەوێت بەسەرمدا بیسەپێنن و من بكەن بە هۆكارێك بۆ ترساندنی هاووڵاتیانمان، هاوكات بەرگری لەو مافە گەردوونیانە دەكەم كە بەشێكیان لەناو یاساكانی هەرێمی كوردستان چەسپێندراون، بە ئومێدم دادگا بوێر بێت لە بەدیهێنانی دادپەروەری نەك پێچەوانەكەی.




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×