نوێترین داهینانی زانایانی ئیسلامی: کۆرۆناو بەهەشت!

د. رەفیق سابیر
  2020-03-03     1336
*لیژنەی باڵای فەتوا گوێگرتن لەوتاری مەلایەک، لەمەترسیی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو سەلامەتیی هاووڵاتیان بەگرنگتر دەزانێت!!
رۆژی سێی ئادار ئەنجومەنی باڵای "فەتوا"ی هەرێمی کوردستان، دە بریاری لەبارەی ڤایرۆسی کرۆناو دەرکرد. دوو بڕیاریان (دووەم و چوارەم) مایەی سەرنجن، چونکە ترسناکن و تیایاندا ژیانی خەڵک، لەچاو چوونە مزگەوت، بەکەمبایەخ گیراوە.
لەبڕیاری دووەمی ئەنجومەنی فەتوادا هاتووە:
(بەپێی شەرع ناتوانرێت لەئێستا وتاری هەینی مزگەوتەکان رابگرێت، تەنیا لەو شوێنانە نەبێت کە بەدڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاوبووەتەوە ).

ئەو سەرچاوە زانستییانەی لە ڤایرۆسی کۆرۆنایان کۆڵیوەتەوە، پێداگری دەکەن کە دەشێت مرۆڤ، ماوەی هەفتەیەک و زیاتریش، ڤایرۆسی کۆرۆنای هەڵگرتبێت، کەچی هێشتا نەخۆشییەکەی لێ دیار نەکەوتبێت. لەو ماوەیەدا، ئەو کەسە، ڤایرۆسەکە بڵاو دەکاتەوە و دەتوانێت دەیان کەسی تر، توشی نەخۆشی بکات.

راگرتنی وتاری هەینی مزگەوتەکان، تەنیا (لەو شوێنانەی بە دڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاوبۆتەوە، وەک لە بڕیارەکەدا هاتووە) بڕیارێکی نازانستی و جاهیلانەیە. هەروا خۆپەرستانە و نامەسئولانەیە، چونکە گوێگرتن لە وتاری، رەنگە دووبارەکراوی، مەلایەک، لە ژیانی خەڵک و مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەلامەتیی هاووڵاتیان بە گرنگتر دەزانێت. مایەی سەرسوڕمانە کە بە ناوی شەرعەوە ئەم بڕیارە ترسناکە دراوە! بەڵام کام شەڕع و کام ئاین رێگە دەدەن، کە کۆبوونەوە لەدەوری وتاری مەلایەک، لە ژیانی خەڵک گرنگتر و پربایەختر دابدرێت؟!

لێرەدا جێی خۆیەتی قسەیەکی کۆمەڵناسی ناسراوی عێراق دوکتۆر عەلی ئەلوەردی، بە بیر بهێنمەوە، کە لە کتێبی (لمحات حجتماعیه‌ عن تاریخ العراق الحدیپ) نووسیویەتی و ئەمڕۆ، لە کاتی نووسینی ئەم چەند دێڕەدا، هاوڕێیەکی زۆر هێژام، بێ ئەوەی ئاگادار بێت کە ئەم چەند دێڕانە دەنووسم، بە مێسیجێک بۆی ناردم:

دوکتۆر وەردی دەنووسێ: کاتێک، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا، پەتای تاعوون لە عێراق بڵاو بۆوە، حاخامی جولەکەکان، داوای لە خەڵکی جولەکە کرد، کە لەماڵی خۆیان بمیننەوە و هاتوچۆی خەڵک و یەکتری نەکەن. بەمەش جولەکەکان لە مردن دەرباز کران. بەڵام کاتێک مسوڵمانان لە مەرجەعە ئاینییەکانی خۆیان پرسی، مەلاکان وەڵامیان دانەوە کە:

(قل لن یصیبنا الا ما کتب اللە لنا). واتا بە مسوڵمانان (بڵی توشی هیچ شتێک "موسیبەتێک" نابین ئەگەر خوا بۆی نەنووسیبین) سەرەنجام خەڵکی چەندان گوند سەرلەبەریان مردن و مسوڵمانانی زۆریش لەناوچوون.

لە بەرامبەر ئەو کارەساتە گەورەیەی رووبەرووی کوردستان و عێراق و هەموو دونیا بۆتەوە، بۆچی لیژنەی فەتوا، ئەوەندە بێخەم و کەمبایەخانە بۆ ژیانی خەڵک و سەلامەتیی کۆمەڵ دەڕوانێت؟ ئایا فەلسە و ئاین و رێبازێکی سیاسی، یان بڕیار و فەتوا و دەزگایەکی ئاینی هەن، لە مرۆڤ پیرۆزتر و لە ژیانی مرۆڤ و سەلامەتی و ئاسوودەیی مرۆڤ، گرنگتر بن؟.

بەڵام بۆچی سەرۆکایەتیی حکومەت، هەروا وەزارەتی تەندروستی، رێگە دەدەن، کۆمەڵێک مەلا، کە موچەخۆری حکومەتن، بەم جۆرە دەست بخەنە کاروباری حکومەتەوە و لەجیاتی ئەو بڕیاری لەم جۆرە بدەن و چارەنووسی خەڵک، بە بڕیاری نازانستی و قەدەرییانە بسپێرن؟!
رەنگە برگە، یان بریاری چوارەم، وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.

لە برگەی چوارەمدا، ئەندامانی لیژنەی فەتوا دەگەنە لوتکەی غرور و بە بریارێک! مەدالیای شەهادەت بەسەر قوربانیانی کۆرۆنادا دەبەشنەوە:
(ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن پلەی شەهیدیان هەیە لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسە لە رێکارەکانی بەخاکسپاردنی بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلام)
(سەرنج بدەن: ئەم بریارە باس لە کەسانی سەر بە ئاینەکانی تر ناکات. واتا نامسوڵمان ناگرێتەوە.)

ئەم بڕیارە، بە کورتی و سادەیی، ئەوە دەگەیەنێت، کە ئیمانداران مەترسن، بڕۆن گوێ لە وتاری مەلایان بگرن، ئەگەر لەوێ ڤایرۆسی کرۆناتان تووش هات و دواتر مردن، بە بڕیاری ئێمە بە شەهید ناونووس دەکرێن، واتا بەهەشت چاوەڕێتانە!

ئەم جۆرە بڕیار و فەتوایانە، کە موژدەی شەهادەت، واتا چوونە بەهەشت، دەدەن، کارێکی زۆر ناسک و ترسناکە، دەشێت عاقیبەتی خراپی لێ بکەوێتەوە. دەشێت کۆمەڵێک خەڵکی خواپەرست، بە تایبەت کەسانی سادە و کەمفام و نەخوێندەوار، باوەڕ بەم بەڵێنە شیرینە بکەن و لە پێناو بەهەشتدا، گوێ بە ڤایرۆس و مردن نەدەن خۆیانی لێ نەپارێزن، یان تەنانەت ئامادە بن، خۆیان بەدوای مەترسییەکەدا بگەڕێن، بەڵکو بە شەهادەت بگەن و بە بەهەشت و حۆرییەکانی شاد ببن.

لێرەدا نموونەیەک دێنمەوە، کە زۆر جیاوازە لە مەبەست و ئامانج و ناوەرۆکی بڕیاری ئەنجومەنی باڵای فەتوا، بەڵام مەترسی و ناسکیی بریاری ئاینی و فەتوا دەردەخات. دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، لە شوباتی ١٩٧٩ کۆماری ئیسلامی ئێران، کەوتە پەلاماری گەلی کوردستان. لەو کاتەدا خومەینی، بە بریارێک/ فەتوایەک، مەدالیای شەهادەت و کلیلی بەهەشتی بە هەر پاسدار و سەربازێک بەخشی، لە شەڕەکەدا بکوژرێت. دۆستێکم، کە ئەو ساڵانە پێشمەرگەی (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بوو، بۆی گێڕامەوە کە پاسدارێکیان لە شەردا گرتبوو، خستبوویانە زیندانەوە. پاسدارەکە رۆژانە بە پاڕانەوە، شەڕفرۆشتن، قیژە و هاوار داوای دەکرد کە خێرا بیکوژن بۆ ئەوەی زووتر بچێتە بەهەشت.

بریارەکانیی لیژنەی فەتوا، لە بنەڕەتدا، بەو ئامانجە دراون تا خەڵک، لە نوێژی جەماعەت دوو نەکەونەوە، لە کاتیکدا مزگەوت و قوتابخانە و شوێنێکی سەرەکیی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەن، بۆیە ئەرکی حکومەت و وەزارەتی تەندروستییە، لەم بارەیەوە بریار بدەن، نەک مەلاکان، کە پێدەچێت، هەندێکیان، چونە جەماعەت، لە سەلامەتیی خەڵک بە گرنتر بزانن.

مایەی سەرنجە، لەو بریارانەدا، هیچ داوایەک لە دەسەڵات نەکراوە بۆ ئەوەی بە زوویی پێداویستی بۆ پاراستن و سەلامەتیی خەڵک و چارەسەری توشبوانی ئەم نەخۆشییە، دەستەبەر بکات و پێش بە مەترسیی پەتای کۆرۆنا بگرێت. لە جیاتیان هەموو کار و وەزیفەی دەسەڵاتی لەوەدا کۆکردۆتەوە کە مردووانی پەتاکە بنێژن،
(بەڵام بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلام. واتا ئەم مافە بە قوربانیانی غەیرە مسوڵمان، رەوا نەبیندراوە!!) وەک ئەوەی ئەرکی دەسەڵات تەنیا ناشتنی خەڵک بێت، نەک پاراستنی ژیان و مافی هاووڵاتیان.

ئایا ناکرێت هەڵاوردنی قوربانیانی سەر بە ئاینەکانی تری کوردستان، بە نیشانەی بەرچاتەنگیی ئاینیی دابندرێت؟ ئایا دەزگایەکی حکومەتی هەرێم مافی ئەوەی هەیە ئەم جیاوازییە ئاینییە، لە نێوان هاووڵاتیاندا، بکات؟!

نازانم (کۆرۆنا و شەهادەت) داهینانی لیژنەی باڵای فەتوایە، یان ئیختیراعی عولەمای ئیسلامیی وڵاتانی عەرەبییە، کە دەسەڵاتە ئیستیبدادییەکانیان، وەک قەڵغانێک بەکاریان دەهێنن. بەڵام بەستنەوەی کۆرۆنا بە شەهیدبوون و بەهەشتەوە لە مەلایانی دەسەڵات دەوەشێتەوە، چونکە ناراستەوخۆ، پاکانەی پێشوەخت بۆ هەر کەمتەرخەمییەکی دەسەڵات لە بەرامبەر پەتای کۆرۆنا، دەکات. بەوە دڵی قوربانیانی کۆرۆنا دەداتەوە، کە هەر گوناه و تاوان و خراپەکارییەکیان کردبێت، شەهیدن و جێیان بەهەشتە!!

ئەگەر ئەم لیکدانەوەیە راست بێت، دەشێت هەندێک ئیماندار، بەپیر کۆرۆناوە بچن، یان دەستخۆشی لە دەسەڵات بکەن، چونکە رێگای شەهیدبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا، واتا چوونە بەهەشت، لە هاووڵاتیانی خۆی ناگرێت!!

کاتیک دەسەڵاتێک، بەتەنگ ژیان و سەلامەتی و داهاتووی گەلەکەیەوە نەبێت و دوکتۆرانی لە نەخۆشخانەکانیدا، بەکۆمەڵ هاووڵاتیان کوێر بکەن، دەبێ چاوەڕێی ئەوەشی لێ بکەین کە بێ خەم و نامەسئولانە، لە بەرامبەر هەڕەشەی کۆرۆناو بڕیاری ترسناکی لەم جۆرەی لیژنەی فەتوا، رەفتار بکات و پاراستنی ژیانی خەڵک بەگرنگ و پیرۆز نەگرێت.

رەفیق سابیر
٣ی ئاداری ٢٠٢٠
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×