ڕاپەڕین و یۆتۆپیا

ئارام قادر حەمەسور
  2020-03-04     1256
گرنگترین ڕووداوی سیاسیی لە کوردستانی باشووردا ڕاپەڕینی ساڵی1991بوو دژی ڕژێمی بەعس، حیزبەکان بە هاوکاری و ئازایەتیی خەڵک ئەم ڕووداوەیان درووستکرد. پێش ڕاپەڕین خەڵک چەندین خەونی گەورەی هەبووە، ڕزگاربوون لەدەستی بەعس گەورەترین خەون بوو، دەبینین منداڵەکانی ئەوکات ناویان لێنراوە ڕزگار یان ئازاد. هەموو ئومێدەکان بریتی بوون لە ڕزگار بوون لە دەستی ستەمکاریی بەعس و چوونە ناو بەهەشتەکەی بەرەی کوردستانی، ئومێدەکان بریتی بوون لە هێنانە ئارای ژیانی خۆشتر بۆ خەڵک.
دوای ڕاپەڕین بەماوەیەکی کورت حیزبەکان هەڵبژاردنیان کردوو هەنگوینەکەی دەسەڵات و پارە یەکێتی و پارتی کرد بەدژی یەک، شەڕی ناوخۆ لەسەر پارە بوو نەک چەسپاندنی ئومێدەکانی ڕاپەڕین، شەڕی ناوخۆ سوکایەتیی و سەرەتای نائومێدییەکان بوو.
هۆشی منەی ڤێتنامی دەڵێت بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕەکان گەندەڵ بکەیت غەرقیان بکە لەپارەدا، سەرکەوتنی ڕاپەڕین بەماوەیەکی کورت کوتایی ڕاپەڕین و ئامانجەکانی بوو، وەک علی وەردی دەڵێت سەرکەوتن گۆڕی شۆڕشە، واتا زۆرکات سەرکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان کۆتایی خەون و ئومێدەکانی خەڵکە و سەرکەوتن دەبێتە گۆڕی ئامانجەکان. دەبینین لە دونیاشدا شۆڕشە گەورەکان دوای سەرکەوتن بوونەتەوە جەهەنەم وەک پێش شۆڕش، شۆڕشی فەرەنسا 1789 دوای خۆی ڕۆپسپیری ستەمکاری دروستکرد، شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917ی ڕوسیا ستالینی بەرهەمهێنا و بە ملیۆنان کەسی کوشت، شۆڕشی کوبای چیڤارا و ڤیدڵ کاسترۆ دواتر کاستڕۆی کردە ستەمکارێکی گەورە و تامردن کورسی دەسەڵاتی چۆڵنەکرد. دەبێت لەپاڵ هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا گومانی ستەمکارییمان هەبێت.
یۆتۆپیا outopia چەمکێکی فەلسەفییە و لەدوو وشەی یۆنانی پێکهاتووە و بەمانای ناشوێن دێت. لەئێستادا ئەم چەمکە بۆ ئەو ئایدیا و فیکرانە بەکاردێت کە دەیانەوێت ژیانێکی خۆشتر دەستەبەر بکەن. یۆتۆپیا لە فیکری زۆر فەیلەسووف و بیرمەنداندا ڕەنگی داوەتەوە. وەک کتێبی کۆماری ئەفلاتۆن و کتێبی مەدینەی فازیلەی فارابی و شاری خودای ئۆگستین. تۆماس مۆر لە ساڵی 1516 لەکتێبی یۆتۆپیا ئەم چەمکەی بەکار هێناو زیاتر لەناو فیکردا دەرکەوت.
خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەندین ڕاپەڕین و شۆڕشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام کەمیان توانیویانە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی درووست بکەن. وەک عەلی شەریعەتی گوتی گرفتی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ئەم ناوچەیە ئەوە کە ستەمکار دەگۆڕن لە جیاتی ستەم.
لەئەدەبیاتدا بەچەندین شێوە مەترسییەکانی ستەمکاریی دوای شوڕش و ڕاپەڕینەکان نیشاندراوە. نوسەری بەریتانیی (جۆرج ئۆرویل) لە ساڵی 1944ڕۆمانێك دەنووسێت بەناوی (كێڵگەی ئاژەڵان)AnimalFarm پاش ڕێگرییەكی زۆر لە ساڵی 1945لە بەریتانیا بڵاو دەبێتەوە، ڕۆمانێكی مێژووی سیاسییە، ئەم ڕۆمانە باسی شۆڕش و دوای شۆڕش دەكات لە زمانی ئاژەڵانەوە. هەرچەندە ئەم ڕۆمانە گوزارشتە لە شۆڕشی ئۆكتۆبەری1917ی روسیا و دواتر هاتنە سەر كاری ستالین و كوشتنی ملیۆنان كەس بەناوی شۆڕشەوە. بەڵام ئەم ڕۆمانە وێنادەكرێت بۆ گشت شۆڕش و ڕاپەڕینەكانی دونیا. لە كێڵگەی ئاژەڵاندا چەندین ئاژەڵی وەك (بەراز و مەڕ و بزن و كەر و ئەسپ و ماین و مریشك و قەلە ڕەش) دەژین، بەرازیك خەون بە شۆڕش و ڕزگار بوون لە دەستی مرۆڤ دەبینێت و دواتر بۆ بەرازەکانی دەگێڕێتەوە و دەمرێت. دواتر ئەو خەونە دێتەدی و ئاژەڵەكان شۆڕش دژی خاوەنی كێڵگەكە دەكەن كە مرۆڤە و دەست بەسەر كێڵگەكەدا دەگرن. دوو لە بەرازەكان ڕابەرایەتی شۆڕشەكە دەكەن، بە ڕۆیشتنی ڕۆژگار هەنگوینی دەسەڵات بەرازەكان بەرەوفەرمانڕەوایی و ستەمكاریی و گەندەڵیی دەبات، بەناوی خیانەتەوە دوو بەرازەكە یەكتر تۆمەتبار دەكەن و دواتر بەرازێكیان لە كێڵگەکە دەردەكرێت و تاكە بەرازێك ڕابەرایەتی كێڵگەكە دەكات، ئەمەش هەرچی حەرامە حەڵاڵی دەكات بەتەنیا بۆ بەرازەكان، بەرازەكان بنەماكانی شۆڕش پشتگوێ دەخەن. ئاژەڵەكانی تریش بێ ئیرادەن و تامردن دەبنە كۆیلەی بەرازەكان و خۆزگە بە سەردەمی پێش شۆڕش دەخوازن. ئۆرویڵ نیشانمان دەدات گوڕینی دەموچاوەکان گرنگ نییە و نابێت بە ماسکەکان بڕوابکەین.
نیکۆلای گۆگۆل ڕۆماننووسی ڕوسی ساڵی 1842 چیرۆکێکی نوسیوە بەناوی (پاڵتۆ)TheOvercoat، ئەم چیرۆکە کاردانەوەی زۆری هەبووە تا ئێستاش، بۆیە دۆستۆیفسکی دەڵێت هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتوینەتە دەرەوە. ئەکاکی پاڵەوانی چیرۆکەکەیە و لە بەڕێوەبەرایەتیەکی حکومی فەرمانبەرە، ئەکاکی خاوەنی پاڵتۆیەکی کۆن و شڕە و ناتوانێت بیگۆڕێت، لەسەر ئەم پاڵتۆ شڕەی دەبێتە گاڵتەجاڕیی هاوڕێکانی. لەژێر ئەم گاڵتەجاڕییەدا ئەکاکی ئەم پاڵتۆیە دەگۆڕێت و پاڵتۆیەکی نوێ بەدروستکردن دەدات لەکاتێکدا ئەکاکی زۆر هەژارە، ئەکاکی پاڵتۆ تازەکە دەپۆشێت و ماوەیەک هەست بەئارامی دەکات، بەڵام شەوێک چەند کەسێک ڕێگە لە ئەکاکی دەگرن و پاڵتۆکەی لێدەسەنن، ئەمەش خەمێکی قوڵ بۆ ئەکاکی دروستدەکات و دواتر کاربەدەستان بەساردی وەڵامی دەدەنە بۆ دۆزینەوەی پاڵتۆکەی، لەکۆتاییدا ئەکاکی بەم خەمەوە دەمرێت.
ئەم چیرۆکەی گۆگۆل ڕیالیزم و ڕەخنەگرانەیە و بەکۆمەڵگا دەڵێت بە ڕووکەشەکان نەخەڵەتێن، لێرە پاڵتۆ هیمایە بۆ دەسەڵاتی سیاسیی و کاتێک پاڵتۆکە کۆن و شڕ بووە ئەوا دەسەڵات بێکەڵک بووە، دواتر لەڕێگەی شۆڕش و ڕاپەڕینەوە ئەم پاڵتۆیە کە وێنای دەسەڵاتە دەگۆڕێت بۆ پاڵتۆیەکی تازەتر بەڵام لە پاڵتۆ شڕەکە خراپتر دەبێت. گۆگۆل نیشانمان دەدات کە گومان دروستبکەین بۆ گۆڕانکارییەکان و مەرج نییە گۆڕانکارییەکان لە جەهەنەمەوە بمانبەن بۆ بەهەشت، زۆرکات شۆڕشەکان جەهەنەمێکی گەورەتر دروست دەکەن.
دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەک لەڕاپەڕین ئەوەی دەیبینین حکومڕانییەکی خراپە، ئومێدەکان هێشتا یۆتۆپیان و نەتوانراوە کۆمەڵگە خۆشبەخت بکرێت. هێشتا کۆمەڵگە بەدەست نەبوونی بنەما سەرەتاییەکانی ژیان دەناڵێنێت، هێشتا خەڵک کێشەی مووچە و ژیان و برسییەتی هەیە. وەک جۆن لۆک گوتی هەر دەسەڵاتێک کۆمەڵگەکەی برسی بکات ستەمکارە. ئێمە بە ڕاپەڕین ستەمکارمان گۆڕی، بەڵام ستەم بەردەوامە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×