سێ رۆژ بەر لە ڕاپەرینی سلێمانی!

خالید ره‌زا
  2020-03-06     1100
ئەو شەش مانگەی کە بەئیختفا لەشاخەوە بەئەرکی رێکخراوەیی‌و پیشمەرگانە هاتبومەوە بۆ ناوشاری سلیمانی، رۆژگاریکە کە هەتا دەمرم شانازیی پێوە ئەکەم. ئەزانم لەبەر نادادی و خراپ حوکمرانی خۆماڵی خەلکی کوردستان بەگشتی و نەوەکانی سەرەتا و دوای راپەرین توڕە و نیگەرانن. بەلام خەبات و تیکۆشانی سەدساڵەی گەلی ئیمە لێوان لێوە لە نوچدان و هەستانەوە. نادیدە گرتنی قۆناغەمیژوییەکان و خەتی چەپ و راست هینان بەسەر میژوی دور و نزیکی میلەتەکەماندا، کاریکی نارەواو نادروستە. 

ئەبێ هەر روداویک بخرێتەوە ناو زەمان و زەمینی خۆیی و ئینجا دراسەبکری و قسەی لەسەر بکرێ. من وەک یادەوری ئەورۆژانە کە بەئیختیفا لە ماڵی هاوریم کاک حەمەنوری مام ئەحمەد (هاورێ موراد)بوم لە یادی راپەرینی 7ی شوباتی سالی ٩١ دا، پیم خۆش بو وینەی ئەو دەفتەر خدمەیە بلاو بکەمەوە کە بەوێنەی گەنجێتی خۆم و بەناوی خواستراوە وپێی هاتمەوە بۆ ناوشار.

ئەوانەی سەردەمی بەعس یان لەبیرە درندەیی داودەزگا سەرکوتکەرەکانی بەعس یان دیوە. بۆ خۆپاراستن لەوانە ئەبو ریوشوینی تایبەت بگیرایەتە بەر. یەکێ لەو رێوشوینانە دروستکردنی دەفتەرخدمەی عەسکەری و ناسنامە و وەرەقەی هاتوچۆکردن بو بە مۆروتەدابیری کۆپی کراوەوە.

لەناو شۆڕش دا پێشمەرگەیەکی بەسەلیقە و دەسرەنگین هەبو، ئەویش هاوریی خۆشەوێستم کاک شەماڵی بەهجەت کابان بو.

کاک شەماڵ ی بەهجەت کابان دائیرەی تەجنیدی شۆرش :
کاک شەماڵ بۆخۆی دەفتەرخدمە وشتەکانی دروست دەکرد، لە بەرگەوە بۆ بەرگ لایەرەکانی وەک دەفتەرخدمەی ئەسڵ بەتسلسل و ناوەرۆکەوە بەجۆریک دروست دەکرد، کە کەس فەرقی پی نەکات، ئەو مۆرو بریارانەی کە پیویستی بوایە، لەریی ریکخستنەوە ، وینەکانی دەست دەخست و، دەینارد مۆرەکان بەقەبارەو شکلی ستاندەردی خۆی درووست دەکردەوە، بێ ئەوەی داوای هیج کۆمەکیکی مادی لە شۆڕش بکات. بەتەنها دەزگاچاپیەکانی بەکار دەهینا.
بەدەگمەن کەسیک هەبێ و هاتبیتەوە ناوشارو، کاک شەماڵ بەڵگەی بۆ نەکردبێ...

پیش من یش هەر ئەم کاک شەماڵە دەفتەر خدمەیەکی مەزبوتی بۆ کاک مستەفای سەید قادر (جیگری سەرۆکی هەرێم) دروستکرد بو، هەتا کاتی گرتن و، بەربونەکەشی، بەعس هەستی نەکردبو، کە دەفتەرخدمەکەی بەناوی خواستراوی (عەزیز عومەر)ەوە بوو، تەزویربێ..!

بەندەش هەر ئەم کاک شەماڵە دەفتەر خدمەیەکی نایابی بەناوی (دەرسیم خدرئەحمەد)، بۆ دروستکردم و، بە بریاری شرحبیل و، بە نەخۆشی دڵ لە عەسکەری تەسریح ی کردبوم...!
من بەو دەفتەرخدمیە هاتمەوە بۆ ناوشارو، شەوانە بۆ ئیشوکاری ریکخستن لە گیرفانم دا بو.

شەوی 4 لەسەر 5 ی مانگی 3 لەگەڵ کاک ئاکۆ محمەد وەهبی چوین بۆ ماڵی کاک مەحمودی حەمەی فەتاح (هاوری سامان) کە لەگەل خاڵە حەمەئەمین ی شاتوان ئەرکی پەیوەندی کردن بە موستەشارەکانی شارەزورمان پێ سپاردبون. خاڵە حەمەین باسی ئیشەکانی خۆبۆکردین وتی جگە لە ئەحمەدی حەمەعیزەت ی موستەشار، لەگەل ئەوانی تر قسەیکردوە و ئامادەن بۆ هاوکاری. وەک ئەڵین قسە قسە ئەهینی کاک مەحمەد کوریکی هەبو ناوی رەوەز بو مناڵ بو، شکور ئێستە گەورە بوە و لەهۆلەندا زانکۆی خویندوەو ئیستە دامەزراوە. لەبەر ئەوەی خزمی یەک بوین بەلام من رەوەزم نەبینی بو، بۆیە هەرکاتیک ئەرۆشتین بۆ مالیان، وا ریک کەوتبوین لەبەر منالەکانیان هەر (بەدەرسیم) قسەم لەگەل بکەن. 

لەدوای سەرکەوتنی راپەرین کە رۆشتم بۆ سەردانیان هەمویان بە خالید قسەیان لەگەل ئەکردم، رەوەز چرپاندبوی بە گوێێ دایکی دا، وتبوی کوا ئەو پیاوە ناوی خالیدە، خۆ ئەوە کاک دەرسیمە. ئیتر بو بەپێکەنین و وتمان ئێستە ناوم خالیدە و، ئەوە هی پیش راپەرین بو. ناوگۆرینیک بە بێ مناسەبە و گویزەبانە.!

جا سەرتان نەیەشێنم، لەکاتی هەستانماندا کە هاتینەدەرەوە و لەبەردەرگا گویمان لە موکەبەرە بو بانگەوازی ئەکرد سبەینی مەنعەتەجولە، کاک مەحمود و خاڵە حەمەین وتیان مەرۆن و لیرە بن. لەگەل کاک ئاکۆ کردمان بەگاڵتە و وتمان کوا حکومەت ماوە ئەوە لەترسا وا ئەکەن. ئیمە سواری سەیارەکە(تۆیۆتایەکی کۆرۆنائی 79 ی تەکسی)بو ریکخراوی سلیمانی بۆ ئیش وکاری ریکخستن کریبویان.هاتین.کە لای ماڵی محافزە وە هاتینە سەرجادەکە روەو ئامادەی صناعە، گەیشتینە بەر ئوتیل هاژە کەوتینە ناو کەمینێکی گەورە ی ئەمن وجاش ەوە کە بەبۆنەی کوشتنی خوالیخۆش بو فایەق ی مۆتێ وە دانرابو!. یەکسەر لەگەل کاک ئاکۆ ریکەوتین کە من سایەق تەکسیم وئەو نەفەرە و یەکتر ناناسێن.هەروامانکرد. 

ئەوانەی ریگەیان لیگرتین جاش بون. دایان بەزاندین و بەجیا تەحقیق یان لیکردین، جاشەکان من یان برد بۆلای ئەفسەریک ئەمن کە لەوکاتەدا تەفتیشی پاسیکی 21 نەفەریان ئەکرد، تەنها ترسی من لەو کاتەدا ئەوەبو کە نەوەک ئەمانە پیشمەرگەی تەسلیم بوەوە بن بمن ناسنەوە، ئەگینا ترسم لە دەفتەر خدمەکەم نەبو، بردیانم بۆلای ئەفسەرەکە و ئەویش بردمەیە بەر لایتی پاسە و دەفتەرخدمەکەم دایە دەستی، دوای سەیریکردنی خۆم و هەلدانەوەی پەرەکانی، دایمی یەوە وتی برۆ. 

هەناسەیەکی قوڵم هەڵکیشێ‌، ترسی کاک ئاکۆش لەدلما بو کە گەیشتمە وە لای سەیارەکە، دەفتەر دخمەشیان لە کاک ئاکۆ داواکردبو، ئەویش هەر بەتەزویر وەک ئەندازیاری کارەبا ئینتداب کرابو بۆ مەعمەلی چیمەنتۆکە. هەردوکمان بەسەلامەتی رزگارمان بو. ئەوە بو بۆ بەیانیەکەی لەرانیەی دەروازەی راپەرینەوە ئاگریان لەسەر پشتی بەعسیەکان کردەوە.
سوپاس بۆ هاوریم کاک شەماڵی بەهجەت کابان کە سەلیقە و دەسرەنگینی خۆی ئەوشەوە رزگاریکردم.

بۆچی ناوی دەرسیم م بۆ خۆم هەلبژارد؟

هاورێی جوانەمەرگ پاریزەر ئارام محمەد کەریم، کە لەگەل هاورێ یان هیوا و سەردار دا، لەبەردەم سانەوەی رۆشنبیری کوڕان دا، بەعسیەکان بە بەرچاوی خەڵکەوە گولەبارانیان کردن، سێ هاورێێ چاونەترسی کۆمەلە بون. هاورێ ئارام ئەو کاتە ئەندامی ریکخراوی سلیمانی کۆمەلە بو، راستەخۆ بەرپرسم بو، ئەو ناوی نهینی (دەرسیم ) بو، منیش لە خۆشەویستی ئەو و بۆ لەبیر نەچونەوە ناوە نهێنی یەکەی شەهید ئارامم کرد بە نازناوی خۆم. سلاو بۆ گیانی هەرسێ شەهیدە نەمرەکەی کۆمەڵە، کە بەعسیەکان دڕندانە شەهیدیانکردن.

سلاو ئەنیرم بۆ رۆحی خاڵە حەمەئەمین ی شاتوان کە بەغەدر شەهیدکرا، سلاو بۆ رۆحی پاک وبیگەردی خزم و هاوری و کەسم کاک مەحمودی حەمەی فەتاح(هاورێ سامان).
ناوی خۆم: خالید ڕەزا ئەمین
ناوی خوازراو: دەرسیم خدر ئەحمەد

لەکۆتایی دا سەری ریز و نەوازش بۆ شەهیدانی راپەرین و تیکرای شەهیدانی ریگای ئازادی و رزگار دائەنەوێنم. نە خەبات و تیکۆشان بەکەس ئەفرۆشینەوە، نە کڕیار یشین.
6-3-2020
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×