ڤایرۆسی کرۆنا و بۆچونێکی زانستی

د. ساماڵ مانیی
  2020-03-16     195


ئەمەوێت ئەو بۆچوونە/ گریمانە زانستیە لەسەر ڤایرۆسەکە ڕوون بکەمەوە کە لە بەریتانیا خراوەتە روو، گومانەکانیشی لەسەر دەرخەم

ئێمە لە بەریتانیا، هێشتا لە جێبەجێکردنی  پلەی یەکی ڕێنماییەکانداین سەبارەت بە خۆ پارێزی لە ڤایرۆسی کرۆنا - کۆڤید١٩، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە درەنگتر گەیشتۆتە بەریتانیا، ئەمە واتە  لە دوای کوردستانەوەیەن لە پلەی ڕێنمایەکاندا، پلانی پلە دوو بەڕێوەیە بە سوود وەرگرتن لەو ووڵاتانەی کە پێش ئێرە مامەڵەیان لەگەڵ خۆپارێزی و ڕێگرتن لە ڤایرۆسەکە کردوە و زانیاری تایبەت بە ڤایرۆسەکە دەگەیەنن.
 بەڵام لە ئێستاوە پلانی پلە دووی خۆپارێزی دانراوە کە بریتیە لە زیادکردنی خۆپارێزیەکە. تا ئێستا داخستن و ڕاگرتنی بۆنە قەرەباڵغەکان و نەچوونە شوێنی قەرەباڵغی و دەستشتن بە سابون بۆ ماوەی ٢٠ چرکە و بەکارهێنانی دەمامک و دەستکیش، هتد.  لە ڕێنمایی پلە دوودا، گرنگترینیان پارێزگاری تایبەت بە ئەوانەی  نەخۆشی شەکرە و دڵ و سییەکانیان هەیە، هەروەهاش ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو (٧٠) حەفتا ساڵیەوەیە، ئەو تەمەنە  بە فەرمی لە یەک دوو هەفتەی ئایندەدا داوایان لێدەکرێت کە خۆیان کوارەنتین بکەن و لەماڵەوە نەچنە دەرەوە بە هیچ جۆرێک.  ڕێژەی بەتەمەن زۆرە لە بەریتانیا و ئەورۆپا و بەڵام هەمویان پارەدار نین و ناتوانن بە ئۆنلاین بازاڕ بکەن، هەر ئەوەش یەکێک لە هۆکانی کەم بوونەوەی خواردنە لە سوپەرمارکیتەکاندا، کڕین و خەزن کردنی ئەوەی پێویستە بۆ چەند مانگی داهاتوو لەبەر نەچوونە دەرەوەیان، هەروەهاش لە ئێستادا کارتی یارمەتیدانیان بۆ دەخرێتە ماڵەکانیانەوە، بۆ بازاڕ بۆ کردنیان وەکو یارمەتی گەر پێویست بکات.
 
یەکێکیتر لەو گریمانە و ئیحتیمالانەی سەبارەت بە  کۆنترۆڵکردنی تەشەنەی ڤایرۆسەکە کە باس دەکرێت لەسەر ئاستی زانستی، ناوەرۆکەکەی بەم جۆرەیە: ئەگەر ماوەیەک بەسەر هەبوونی ڤایرۆسەکە تێپەڕبێت لەناو خەڵکدا، ئەوانەی کە دەیگرن و چاک دەبنەوە ئیتر لەشیان مەناعە(دژە ڤایرۆسەکە) دروست دەکات وخۆیان جارێکیتر نایگرنەوە. ئەگەر بێتو ڕاژەی ئەوانەی کە دەیگرن و چاکدەبنەوە بگاتە لە سەدا شەست ٦٠٪ ی دانیشتوان یان ٦٦٪ لەسەدا شەست و شەش(ئەو لەسەدا ٦٦ یان دواتر ئیزافە کرد)، ئەوە مانای وایە ئەو ڕێژەیە لە دانیشتوان ئیتر توشی ڤایرۆسەکە نابنەوە و لەبەر ئەوەی توشی نابن ئیتر ئەو ڕیژەیە لە دانیشتوان/هاوڵاتیان ڤایرۆسەکە نایگوێزنەوە بۆ ئەوانیتر. سەرەنجام: ئەوە دەگەیەنێت کە ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ دەکرێت و تەنها لە نێوان لەسەدا چل ٤٠٪ ی دانیشتواندا ئیحتیمالی ئەوەی هەیە ڤایرۆسەکە بگوێزرێتەوە بەناو خۆیاندا. 
بۆ کەمکردنەوەی ئەو لەسەدا چلە ٤٠٪ ی کە  موحتەمەلە ڤایرۆسەکە بگوێزنەوە لەناو یەکتریدا، بڕیاری ئەوە دراوە کە ئەوانەی نەخۆشیان هەیە خۆیان کوارەنتینە بکەن لە ماڵەوە، هەروەهاش ئەوانەی سەروو حەفتا ساڵین (٧٠) نابێت لە ماڵەوە بێنە دەرەوە هەتا ڤایرۆسەکە کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەمە لەبەر ئەوەی ئەگەر کەسێکی ٧٠ ساڵان و سەرووتر یان کەسێکی کە نەخۆشی هەبێت توشی ڤایرۆسەکە ببێت ئیحتیمالی ئەوەی هەیە بە ڤایرۆسەکە یان لەبەر هۆی نەخۆشیەکەیتری و ڤایرۆسەکە پێکەوە، ببێتە هۆی ژیان لەدەستدانیان.

ئەوە بە کورتی بۆچونە/ گریمانە زانستیەکەیە کە خراوەتە ڕوو

لە ڕووی  ژمارە و رێژەوە، قابیلی پەسەندکردنە لای هەندێک، بەڵام گومانی لەسەرە، هەم لە ڕووی تێڕوانینەکەوە و هەم لە ڕووی ئیشکردنی ئەو بیرۆکەیە. هەندێکی ئەو گومانانە دەخەمە ڕوو:

 لەڕووی تێڕوانینەکەوە:
 بە کورتی، تێڕوانینەکە بەوە وەردەگیرێت کە لەسەدا شەستی هاوڵاتیان دەکات بە مشکی موختەبەر/تاقیگە و چاوەڕێی سەرەنجام دەکات، هانیان دەدات توشی ڤایرۆسەکە بن بۆ ئەوەی مەناعەیان هەبێت لە داهاتوودا. 

پەسەند کردنی بیرۆکەکە وادەکات خەڵێکی زۆر هانبدرێت بۆ خۆ کوشتن؛  لە ڕێی خۆ ئیهمال کردنەوە  بچن بەرەو پیری مەرگەوە.

لە ڕووی ئیشکردنی ئەو بیرۆکەیەوە: 
هیچ گەرەنتیەک نیە لەوەی هەرکەس گرتی ئیتر جارێکیتر نایگرێتەوە، چونکە جۆرەکانیتری ڤایرۆس و لە هەمان خێزان وەکو فلو/ ئەنفلەوەنزا، یان هەڵامەتی قورس،  بەلای کەمەوە هەمان کەس لە ژیانیدا چەندین جار دەیگرێتەوە.

هیچ گەرەنتیەک نیە لەوەی هیچ کام لەو ٦٠٪  یان ٦٦٪ دەی کە باسیان دەکرێت گەر توشی ڤایرۆسەکە ببن  هەمویان چاکدەبنەوە. لەبەر ئەوەی کە تا ئیستا دەرکەوتووە،  کەسانی زۆر بە ڤایرۆسەکە مردوون کە هیچ کێشەی نەخۆشیتریان نەبووە، هەندێک گەنج بوون و  نێر و مێ ی مرۆڤ ژیانیان لەدەستداوە بە ڤایرۆسەکە.

 ئەم ڤایرۆسە گەرچی لە خێزانی کۆمەڵە ڤایرۆسێکە کە بە 'کرۆنا' ناوزەد کراوە بەڵام ڤایرۆسێکی نوێی ئەو تیپەیە وجگە لە خەسڵەتی هاوبەش، خەسڵەتی خۆی هەیە کە جیاوازە، ئەمە وادەکات بە تەواوی  لەیەکچوو و هاوچەشنی  ئەوانی پێشوتر وەرنەگیرێت و بەتایبەتمەندیەکەی خۆیەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. 

  بە پێی زانیارەکان تا ئێستا وا دەردەکەوێت  هەر کەسێک  لەو ٦٠٪ ، بۆ نموونە؛  ئەگەرنەخۆشی شەکرە و دڵ و سی و هەندێک نەخۆشیتری هەبێت ڤایرۆسەکە لەوانەیە کۆتایی بە ژیانی بهێنیت، ئەمە جگە لەوانەی کە تەمەنیان لەسەرو حەفتا ساڵیەوەیە لەوانەیە بەرگەی ڤایرۆسەکە نەگرن.

لەسەرو هەموو ئەمانەشەوە، پشت بەستن بە بیرۆکەکە وا دەکات پشتی لێ بکەنەوە، پەلە نەکرێت لە دۆزینەوەی هیچ ڤاکسین و دەرمانێک لەلایەک و لەلاکەیتریشەوە خەڵکی ڕێنمایەکان ئیهمال بکەن و ببێتە هۆی کارەسات،  لەناوبردنی ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی هەر ووڵاتێک.


بە ڕای من  باشترین چارەسەر ئەوەیە کە تەنها پلان دانانی خۆپارێزی و ڕێگری لە تەشەنەکردن نەبێت بە مەبەستی هەتا هەتایی، ئەی دوای مانگ و دوو مانگ چی بکەین بەرامبەر بەو ڤایرۆسە؟ ئەوانە دوو پلانی سەرەتایی و ئیدارین و گرنگن و حکومەتەکان باش کار و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.
 بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە  هەر ئەوەیە کە ڤاکسین و دەرمانی چارەسەر بۆ ڤایرۆسەکە هەرچی زووترە دروستبکرێت، لە ڕاستیدا ئەوا بۆ سێ مانگ زیاترە ئەم ڤایرۆسە لە ئارادایە، دۆزینەوەی دەرمان زۆر دواکەوتوە، جێی ڕەخنە و سەرنجە لای زۆربەمان. حکومەتەکان زیاتر سەرقاڵی پلانە ئیداریەکانن بۆ خۆپارێزی و ڕێگری لە تەشەنەکردنەکەی، بەڵام زاناکانی کە لەسەر ڤایرۆسەکە ئیش دەکەن  نە دەرس دەڵینەوە و نە هیچ، ئیشیتریان نیە و کاتیان بەتایبەت تەرخانکراوە  بۆ ئەوەی دەرمانێک بدۆزنەوە بۆ ڤایرۆسەکە، لام سەیرە هێندە دواکەوتوون.

لە کۆتاییدا دەڵێم،  هێشتا پێویستیمان بە زانیاری زیاتر هەیە سەبارەت بە ڤایرۆسەکە، پێم وایە هەر کەمی ئەو زانیاریانەشە کە بۆتە هۆی دواکەوتنی دروستکردنی دەرمانێک بۆ ڤایرۆسەکە.  ئەوانەی کە پێیان وایە ئەو گریمانەی لە ٦٠٪  و ٦٦٪ کە ئیش دەکات لەبەر ئەوەی لە ڕووی لۆجیکیەوە لای هەندێک زانا پەسەندە، با ووردبینی لە پێکهاتەی داتاکان بکەن. لۆجیک بەوە پەسەند ناکرێت تەنها ژمارە و رێژە بێت ، بەڵکوو بەوەی چی دەخرێتە ژمارە و ڕێژەکەشەوە. گەر ڕێژەیەکیش مەناعەی لە لەشدا دروست ببێت لەو ڕێژەیە  زۆر زۆر کەمترە  کە ئەوان دایانناوە، ئەوەش سەرەنجامەکەیان وپشت پێبەستنەکەیان لاواز دەکات.
 لەبری ئەوە با پشت بە چارەسەرێک ببەستین کە گەرەنتی زیاتری تیا بەدەی دەکرێت؛ ئەویش ڤاکسین و دەرمانە، ئەمیان ئیش دەکات و دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت.  گەر لەداهاتوودا بۆمان دەرکەوت هەندێک لە هاوڵاتیان ڤایرۆسەکەیان گرتوە و چاک بوونەتەوە و مەناعەتیکی وایان دروست کردوە دژ بە ڤایرۆسەکە  کە هەرگیز جارێکیتر لە داهاتوودا نەیگرنەوە،  ڕێژەیان هەتا دێت زۆرتر بوو و گەیشتە ٦٠٪ و ٦٦٪ و زیاتریش  لە هەر ووڵاتێک ؛ ئەوا هیچ زەرەرێکمان نەکردوە، بەڵام ئەوە تەنها لە داهاتوودا دەبینرێت پاش ئەوەی چارەسەرمان بۆ ڤایرۆسەکە دۆزیەوە. 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×