ئەردۆگان.. دو چروک لە یەک تەقەدا!

بەهزاد موحسین
  2020-03-25     1105

هەندێ چەک هەن، نیشاندانیان لە تەقاندنیان کاریگەرترن. یەکێ لەو چەکانە، چەکی ئەتۆمیە، دوای تەقاندنی لەلایەن ئەمریکا دژی ژاپۆن و لێکەوتە نەرێکانی بۆ ئەمریکا، لەوێوە ئەو چەکە پێش ڕوە سەربازییەکەی لە ناوەندی سیاسی بە "چەکە بەکارنەهاتو"ەکە ناسرا.

ئەگەرچی ئیمپراتۆریەتی ژاپۆن لە جەنگی جیهانی دوەم وەک هاوپەیمانێکی ناڕاستەوخۆی ئەڵمانیای نازی، دڕندانەترین ڕۆڵی سیاسی و عەسکەری لە جیهان و بەتایبەتی بۆ دەوروبەری خۆی بینی. لەولاش ئەمریکا وەک گەنجێکی تازە پێگەیشتوی خوێنگەرم، دژە نازیەت دەرکەوت و ڕۆڵێکی گەورەی لە کۆتاییپێهێنانی قەڵەمڕەوی هیتلەردا بینی. ئیدی ئەمریکا وەک فریادڕەسێکی بەشەریەت چوە خەیاڵدانی تاکی جیهانی، بەڵام کە لەکۆتاییەکانی جەنگەکە بە چەکی کۆکوژو سڤیلکوژی کوێرانەی ئەتۆمی لە ژاپۆنی دا، ئیتر ئەمریکا لە فریادڕەسەوە بوە جەللادو ڕای گشتی و سۆزی مرۆڤایەتیی جیهان ئەمریکای لێ بوە وێرانکارو ژاپۆنیشی لا بوە قوربانی.

کەواتە دەبو ترومان و ئەمریکییەکان هاوکێشە فیزیاوییە ئەتۆمییەکەی ئەنشتاین لە کونجێکی تاقیگەدا بشارنەوەو چەکە ئەتۆمییەکەش لە شوێنێکی چۆڵەوانی تاقی بکەنەوەو کاریگەرییەکەی بە ژاپۆن و ناڕاستەوخۆش بە یەکێتی سۆڤیەت نیشان بدەن و بە نەیارەکانیان بڵێن، پەنجەمان لەسەر ئەم دوگمە ئەتۆمیەیەو…هتد، نەوەک بیتەقێنن و ئەو کاولکارییە بکەن.

ئەمە وای کرد تا ئێساش ئەمریکاو تاکی ئەمریکی لە ئاستی جیهانیدا خۆشەویست نەبن و ڕەتکراوەو قێزەون بن، بۆیە دەگوترێ دوای کارەساتی هێرۆشیما گەر کێبڕکێی تۆپی پێش لەنێوان ئەمریکا و ژاپۆن هەبێ، ئەوا تاکی جیهانی حەزی لە بردنەوەی ژاپۆنە.

ئێمە وەکو کورد کێشەی ناسنامەی نەتەوەیی و مافی تاکمان لەگەڵ تورکیادا هەبوە، بۆیە ئەو دەوڵەتە لای ئێمە هەر لە ئیمڕاتۆریەتی عوسمانیەوە وڵات و نەتەوەیەکی نەیار بونە. کەچی دەبێ دان بەوەدا بنێین، کە لە ئاستی جیهانی و بەتایبەت ڕۆژئاوا تورکیا چ وەک دەوڵەت و چ وەک تاکی تورکی لە هەمو وڵاتانی ناوچەکە بەجیا سەیر کراون و پەسەندو بەڕێز بینراون، هەر بەهۆی ئەو سیستمە عەلمانیەی ئەتاتورک تورکیای لەسەر دامەزراند.

کەچی تورکیای دوای ئەردۆگان ئەم تێڕوانینەی ڕۆژاواییەکانی بەرامبەر تورکیاو تەنانەت تاکی تورکیش تاڕادەیەک پێچەوانە کردەوە.

ئەگەر ئەمریکا بە تەقاندنی چەکی ئەتۆمی سۆزی جیهانی لەدەست دا، ئەوا تورکیاش بە تەقاندنی چەکی پەنابەران بۆ ئەوروپا لە ئاستێکی تەسکتر سۆزو تاڕادەیەک هاوپەیمانێتی ئەوروپا لەدەست دەداو ئیتر وەک هەر وڵاتێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیردەکرێ، کە ئەویش سیستمێکی تاکڕەوی ئیخوانیی دیکتاتۆریانەی کەلتور تەواو ڕۆژهەڵاتی هەیە.

بەهێزترین چەکی ئەردۆگان و تورکیای ئەردۆگان بۆ مەرامەکانی لەسوریاو لیبیا و لەناوبردنی دیفاکتۆی ڕۆژاواو گەڕاندنەوەی سەڵتەنەتی عوسمانی، بۆ فشار لەسەر ئەوروپاو بڕیاری ساسیی جیهانی، لێشاوی پەنابەران بو بۆ ئەوروپا. ئەردۆگان لەم چەند ساڵەی ڕابردو زۆرجار ئەم چەکەی نیشانی ئەوروپا داو توانی قازانجی سیاسی و هەم ئابوریشی لێ بکا، بەڵام کەمسەبر بو و دوربین نەبو و نەیتوانی بەشێوەیەک لە شێوەکان بەردەوام بێ و دواجار ئەم چەکەی تەقاند. ئەردۆگان زۆر بەهێزو ئومێدەوە یەکجار ئەم چەکەی تەقاند، بەڵام دوجار چروکی کرد.

یەکەم چۆن ئەردۆگان بە لێشاو کۆچبەرانی بۆ یۆنان بەڕێ کرد، یۆنانیش بە هەمان بڕو دژە ئاڕاستە بەرەو تورکیا بەڕێی کردنەوە، هەڵبەت بە پشتیوانی تەواوی یەکێتی ئەوروپا. تورکیا بەرامبەر ئەم هەنگاوەی جگە لە هەندێک پارە هیچی بۆ پێشنیار نەکرا.

دوەم هاتنە پێشی بابەتی کۆڕۆنا، نەوەک هەر فشاری لێشاوی پەنابەرانی بۆ ئەوروپا خستە بنی گۆمی سیاسەت و سیاسەتیی ئابوری ئەوروپا، تەنانەت خودی کۆچبەرانیش لە ترسی کۆڕۆنا گەڕانەویان بۆ تورکیاو زێدی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لا پەسەندترە، نەوەک بە ئیتاڵیای کۆڕۆنا تێپەڕ بن و لە ئەوروپای دەستەوەستانی ئەم نەخۆشییە بمێننەوە.

دەبو ئەردۆگان چەکی پەنابەرانی لەدەست نەداباو وەک گیسکەکەی هەیاس هەمیشە پێشانی ئەوروپای داباو بەردەوام وەک کارتی فشار بەکاری هێنابا، نەوەک لەناوەخت بیتەقێنێ و دو جار چروک بکا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×