بڵاوکردەنەوەی ترس و بیم لە ناو خەڵکدا تاوانە!

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2020-03-26     792


عەرزی عەزیزانی خۆم بکەم، من جگە لەوەی لە میدیاکان و سایتە ئەلیکترۆنیەکان ئەیخوێنمەوە هیچ شارەزاییەکی ترم لەسەر ڤایرۆس و بەتایبەت کۆرۆنا ڤایرۆسی نەفرەتی نیە، بەڵام بەشی ئەوە ئەزانم کە ئەم وەرزەی کە بەڵای کۆڤید١٩ تیایدا سەریهەڵداوە هەر خۆی وەرزی پەتا و هەڵامەت و لەرز و تایە. بۆیە ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە نیشانەکانی نزیک لە نەخۆشی کۆڤید١٩ ی هەبو، مەرج نیە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوبێت. بە نمونە ئەگەر کەسێک تای هەبو، یاخود قورگی ئێشا، یان تەنگەنەفەسی هەبو، یان پێکەوە هەرسێکیانی هەبو، مەرج نیە توشی کۆڤید١٩ بوبێت و هەڵگری ڤایرۆسەکەی بێت. چونکە زۆرن ئەوانەی ساڵانە لەم وەرزەدا توشی ئەم نیشانەنە ئەبن، بەڵام هیچ مەترسیەکیان کەسەر نیە و دوای چەند رۆژێک ساغ ئەبنەوە.

ئەوەندەی بزانم شارەزایان ماوەی ١٤ رۆژیان بۆ نیشانەکانی کۆڤید١٩ داناوە، چونکە لە دوای ٥ رۆژ نیشانەکان سەرهەڵئەدەن و دوای ١٤ رۆژیش هەربەردەوام دەبێت، بەپێچەوانەی پەتای وەرزیەوە کە خۆی هەرچەند رۆژێک ئەخایەنێت و نیشانەکانی نامێنن. بۆیە ئەبێت ١٤ رۆژ چاوەرێ بکەیت و ئەگەر نیشانەکان بەردەوام بو ئنجا فەحست بۆ بکرێت و ئەگەر فەحسەکە پۆرەتیڤ بو ئنجا ئەتوانی بە فەرمی بڵێیت کە توشی نەخۆشیەکە بویت. ئەگەر نا لەخۆتەوە ناتوانی ئیدعای توشبون بە کۆڤید١٩ بکەیت، بەتایبەتی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنێکی نیشتیمانی کە بە ملیۆنان هاوڵاتی تەماشای ئەکەن.

لەم چەند رۆژەی دواییدا چەند کەیسی ئاوا رویانداوە و خۆم ئاگاداری یەک دوانێکیان بوم و لەکاتی پەیوەندی لەگەڵیان پێم وتون کە دڵنیابن تەنها پەتایانە و بە دوو رۆژی تر ساغ ئەبنەوە و قسەکەش راست دەرچو. هەتا ئێرە هیچ کێشەنیە چونکە هەمو کەس رێگەپێدراوە بەتایبەت لەکاتی ئەم بەڵایەدا بترسێت و هەندێکیش دڵەڕاوکێ بیگرێت و داوای هاوکاری بکات و تەنانەت نەخۆشخانەکان و هێڵە گەرمەکانی کە بۆ کۆڤید١٩ تەرخانکراون نارەحەت بکات. بەڵام ئەگەر لەم سنورە تێپەڕی و داخلی سنوری تۆقاندنی زیاتری خەڵک بو ئەوە ئەبێتە تاوان و حەقی خۆیەتی کۆمەڵگە نە لەو کەسانە و نە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی قبوڵ نەکات. چونکە هەرکەسێک قورگی خڕبو، تای هەبو، سەری ئێشا، هەناسەی تەنگ بو، مەرج نیە کۆڤید١٩ ی هەبێت و گوناحە لەخۆڕاییش ترس و بیمی زیاتر بخەنە دڵی کۆمەڵگەوە.

ئەوەی من لێرەیا مەبەستمە ئەوەیە کە هەندێک کەس وهەروەها لایەنی راگەیاندن بون بە هۆکاری تۆقاندنی هاوڵاتیان و دروستکردنی ترس و بیمی زیاتری بێ هۆکار. بەراستی من بە تاوانێكی گەورەی ئەزانم تەنها بۆ خۆدەرخستن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و دەرکەوتن لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن خۆت بە توشبوی کۆڤید١٩ نیشان بدەیت بە مەرجێک هیچ فەحسێکی ئەو نەخۆشیەت بۆنەکرابێت و هیچ پزیشک و نەخۆشخانەیەک پۆزەتیڤی نەدابیتێ و سەرەرایی ئەوەش تەنها چەند رۆژێک بێت نیشانەکانت هەبێت و ئێستا هیچ عەیبت تیانەبێت و لە شاشەی تیڤی کورد وتەنی چل چل بۆ ماوەی ٢٧ دەقیقە قسەبکەیت.
پێم وایە هەندێک لەمرۆڤ لەجیاتی نەخۆشی جەستەیی، کێشەی پرسی کەسێتیان هەیە و ئەوەندە خۆیان لاپەسەند و پێ گرنگە، بەهەر شێوەیەک بێت پێیان خۆشە کە هەندێك پەبلیستی (ناوبانگ) بۆخۆیان پەیدابکەن و کۆمەڵێکیش لە سۆشیال میدیا لایک و کۆمێنتی شفایان بۆبکەن، ئەگەریش ئەو ناوبانگە لەسەر حسابی خۆتوشکردن بێت بە کۆڤید١٩.

هیوادارم کە کەسێک لەو کوردستانە وێرانە هەڵبسێت بە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو دەزگایانەی راگەیاندن کە بون بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ترس و بیم و تۆقینی بێ بنەما لە ناو کۆمەڵگەدا، ئەگەر من لەوێ بومایە هەر ئێستا تەلەفۆنم بۆ لایەنی پەیوەندیدار ئەکرد.

شوان عەبدوڵا حەمەد

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×