سەرۆک پەرلەمانێکی جیاواز....؟!

د. محه‌مه‌د عه‌لی‌
  2020-03-31     816
یەکەم: سەرۆکی حکومەت لەکاتی خوێندنەوەی ڕاپۆرتی ۱۰۰ ڕۆژی کارەکانی کابینەکەی وتی "ئێستا هەموو هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی فرۆش و داهاتی نەوت هەیە بەشێوەیەکی شەفاف". بەڵام سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "داهاتی نەوت شەفاف نیە". بێزەحمەت باوەڕ بەکامتان بکەین؟

دوەم: لەھیچ شوێنێکی مەعقولی دونیا کە داھاتی ھەرەسەرەکی وڵات نەوت بێت، زەحمەتە سەرۆکی پەرلەمان وەک ھاوڵاتیەکی ئاسایی بڵێت: داھاتی نەوت شەفاف نیە. ئەگەر وتیشی پێویستە بڵێت: چیمان کردوە یاخود چی دەکەین بۆ شەفافبونی داھاتی نەوت. یاخود بانگھێشتی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکەین بۆ پەرلەمان لەسەر ئەم پرسە.

سێیەم: سەرۆکی پەرلەمان وەک سەربەخۆیەک قسەدەکات نەک وەک سەرۆکێکی پەرلەمان کە حیزبێک دایناوەو حیزبەکەی چەندین خولە بەشدارە لەم ناشەفیەتەو خودی خۆشی ئەندامی سەرکردایەتی حیزبەکەیەتی.

چوارەم: ئەگەر نەوت شەفاف نییە، تیمێکی گەورەی یەکێتی لە حکومەتدان و ئەوانیش بەشدارن لەو نا شەفافیەتە. سەبارەت بەم پرسەیان چیتانکردوە؟

پێنجەم: لەھەموشی سەیرتر: لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا، ئەم بەڕێزانە خۆیان و حیزبەکانیان دەیان و سەدان دروشمی قەبەیانداوە بە دەنگدەرانیان و ئێستەش ئاوا مامەڵە دەکەن و دەڵێن "پەرلەمان کۆشبێتەوە ھیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت".

شەشەم: بەھەمو پێوەرێک، پەرلەمان نوێنەری ھاوڵاتیانە، بەڵام بەڕاست بەڕێزتان نوێنەری خەڵکن یاخود حکومەت؟ پەرلەمان و سەرۆکەکەی ئەرکیانە چاودێری حکومەت بکەن لە پرۆسەی دەستکاریکردنی موچەدا، نەوەک سەرۆکەکەی بڵێت: زانیاریم ھەیە دەستکاری موچە دەکرێت! بەڕاست ئەگەر نرخی نەوت زۆر بەرزببوایەتەوە، کۆرۆنا نەبوایەو داھاتی ناوخۆش زۆر باش بوایە، ھاوڵاتی ئاسایی سودمەند دەبو؟ ئەی بۆچی بەپێچەوانەوە ھاوڵاتی و موچەخۆر زیادمەندی سەرەکی دەبن نەوەک ئەو ئەندام مەکتەب سیاسیانەی کە خاوەن سەد ملیۆن دۆلارن (بەقەولی ئەندام مەکتەب سیاسیەکی یەکێتی).

حەوتەم: سەبارەت بەخراپی دۆخی حکومڕانی ھەرێم، زۆربەی کات ئاماژە بە نەخوێندەواری سیاسیەکان و پیاوسالاری سیستمەکە دەکرێت، بەڵام ئەم سەرۆک پەرلەمانە بەڕێزە خانمەو دکتۆراشی لە یاسادا ھەیە. کەواتە دەبێ سەرچاوەی گرفتەکان لە شوێنێکی تربێت؟

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×