کۆرۆنا: ملەیەک بۆ نیزامێکی سیاسی نوێ؟

نزار سابیر
  2020-04-01     639

ئەوەی ئەقڵ بۆی نەدەچوو و ڕێی تێ نەدەچوو، ئەمڕۆ بۆتە واقیع و ڤایرۆسێکی بە چاونەبینراوی ئاسانپەڕی تێ‌دزەکەر بە ناوی کۆرۆناوە خەڵکی هەموو دنیای ناردۆتەوە بۆ ماڵەوە و جیهانی پێشکەوتوو و پاشکەوتووی کردووە بە ئاشی ئاولێ‌کەوتوو.
ڕێکارەکان بۆ بەرەنگابوونەوەی ئەم پەتایە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری‌ی هەموو وڵاتە دەسترۆیشتووەکانی سڕ کردووە. شارەزایانی ئابووری چاوەڕێی لێکەوتەی مەترسیدار دەکەن. لە کەمترینی‌دا متبوونی و لەوپەڕیدا داتەپینی تەواوی سیستەمی ئێستای ئابووری‌ی جیهان. حکوومەتەکانی جیهان بە گشتی وا دەردەکەون ئامادەی هەموو قوربانی‌یەک بن بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک، ئەگەرچی مەترسی‌ی پەتاکە پتر خەڵکانی بەتەمەن و نەخۆش دەگرێتەوە و ڕێژەی کوشندەیی‌یەکەیشی لەچاو زۆرێک لەوانەی پێش خۆی‌دا بچووکترە. بۆ نموونە، پەتای SARS، کە لە ٢٠٠٢دا بڵاوبۆوە، ١٠٪ بۆ ١١٪ی تووشبووەکانی دەکوشت. کۆرۆنا بە گوێرەی هەڵسەنگاندنی چاودێران، تا ئەمڕۆ (٣٠/٣/٢٠٢٠)، ٣٪ بۆ ٧٪ی تووشبووەکانی دەکوژێ . 
لە کاتێکدا دیجیتاڵیزەبوون و برەوسەندنی زیرەکی‌ی دەستکرد ڕۆژ بە ڕۆژ کارەکان لەژێر دەستی ئینسان دەردەهێنن و ترس لەسەر داهاتووی مرۆڤ وەک سەروەری تاک و تەنیای ئەم دنیایە لەئاست پەرەسەندنی دەستکردە زیرەکترەکانی خۆی‌دا بۆتە کەرەستەی موناقەشەی فەلسەفی و تەشریعی و فیلمی سینەمایی، جیهان لە ئێستادا وا دەردەکەوێ لەو نزیکەی ٨ ملیار بەشەرەی هەیەتی کەسی لێ زیاد نەبێ.  
لە ماوەی پتر لە ١٠ هەزار ساڵدا کاتێک شۆڕشی کشتوکاڵی پێویستی بە خەڵکی زۆر بوو، نەخۆشی و جەنگ و برسێتی نەیاندەهێشت ژمارەی بەشەر وەک پێویست هەڵکشێ. شۆڕشی پیشەسازی کە لە سەدەی ١٩ەوە کەوتە سەر پێ، گۆی زەوی بە هەمووی ملیارێک ئینسانی لەسەر دەژیا. کارگە و فابریکە هەتا بێ زۆربووەکان پێویستیان بە دەستی کار بوو. میکانیزەکردنی کشتوکاڵ و بەسەناعیکردنی بەرهەمی ئاژەڵی و لەقوتوودان و تەکنیکی جینی برسێتی‌یان کەمکردەوە؛ بەنج و ئەنتیبایەتیک و ڤاکسین و ئەنسۆلین نەخۆشی‌یان کەمکردەوە؛ مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بۆمبی ئەتۆمی‌یش جەنگیان کەمکردەوە. لە ماوەی نزیکەی ٢٠٠ ساڵدا زەوی نزیکەی ٧ ملیار ئینسانی بۆ خۆی زیاکرد. بۆ ٢٠٥٠ نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەڕێی هەڵکشان بۆ ١٠ ملیارێک دەکا. 
ئەمڕۆ لە شۆڕشی زانیاری‌دا دەژین. پیشەسازی لە پرۆسەی تەسلیمبووندایە بە زانیاریسازی. هەڵبەت سەناعەت هەر دەمێنێ و پێشدەکەوێ، بەڵام ئیدی بە مەرجەکانی زانیاریسازی دەچێ بەڕێوە، هەروەک چۆن کشتوکاڵ هەر ماوە و پەرەی‌سەندووە بەڵام بە مەرجەکانی سەناعەت دەچێ بەڕێوە. لە کاتێکدا ئابووری‌ی کشتوکاڵی تەنیا پێویستی بە دەست (چەندایەتی) بوو، سەناعەت هەم داهێنان (چۆنایەتی) و هەم دەست (چەندایەتی)ی دەویست. بەڵام شۆڕشی زانیاری نەک هەر تەنیا داهێنان (چۆنایەتی) دەخوازێ، بەڵکو خۆی شۆڕشێکە دژ بە دەست (چەندایەتی). 
پیشەسازی ملیۆنان جووتیار و ئەسپ و کەری لە کار خست. جووتیارەکانی کرد بە کرێکار؛ بایی ئەوەندە ئەسپی هێشتەوە دەوڵەمەندان چالاکی‌ی ئەسپسواری بکەن؛ کەریشی فەوتاند. شۆڕشی زانیاری لە ماوەی ٥٠ ساڵی داهاتوودا چەند ملیارێک کرێکار لە کار دەخا. هەڵبەت ناتوانێ وەک کەر بیانفەوتێنێ؛ ڕەنگە وەک ئەسپ لە شێوەی کۆیلایەتی‌یەکی نوێدا هەندێکی بۆ بەگەڕ بخرێ. ئەدی چی لە باقی‌یەکەی بکا؟ 
ئەم سیناریۆیە ڕەنگە ڕووقایم و ڕەش بێتە پێش چاو. زۆر لە شارەزایان و سیاسەتکاران دەڵێن، دیجیتاڵیزەبوون و زیرەکی‌ی دەستکرد چەند شوێنی کار لەناو دەبەن، ئەوەندە هەلی کاری نوێ دادەهێنن. ئەمە ڕاستە؛ جارێ! لە کاتێکدا ئەمازۆن و ئەلی بابا ڕۆژ بە ڕۆژ تەنگ بە دووکاندارە بچووک و ناوەنجی‌یەکان هەڵدەچنن، بە لێشاو خەڵکیان کردووە بە بەدەستگەیێن (یان دیلەڤرچی) و تا بێتیش داوای هی تر دەکەن. بەلام ئێمە هێشتا لە بەرەبەیانی سەدەی دیجیتاڵداین. لەم قۆناغی پەڕینەوەیەدا هێشتا دنیای پیشەسازی و دنیای زانیاری هاوتەریبن. خۆ سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمیش، کاتێک مەکینەی هەڵمی بە هەزاران کیلۆمەتر شەمەندەفەری دەهێنا و دەبرد، تا سەرەتای سەدەی بیستەمیش هێشتا ناڵچی و دەستدروو مابوون. لە ئەڵمانیا تا ١٩٠٠یش ٦٠٪ی دانیشتووان بە کشتوکاڵەوە خەریک بوون، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ کەمتر لە ٢٪.  کێ دەتوانێ بە مسۆگەری بڵێ، لە چەند دەساڵی داهاتوودا دیلەڤرچی‌یەکان، وەک ئەسپی دوای داهاتنی ئوتومبێل، بێکار نامێنن، لە کاتێکدا هەر لە ئێستاوە سیستەمی هاتوچۆی بێشۆفێر و تاکسی-درۆنە لە دەمی دەمکێشاندان؟ هیچ شتێک ئەوەندەی ئەم قەیرانی کۆرۆنایە بە ڕوونی پێشانی نادا، کە سیستەمی ئابووری‌ی زانیاریسازی پێویستی بە سامانی بەشەری‌ی گەورە نییە: لە کاتێکدا بەهۆی کەرەنتێنەبوونەوە کارگە و فابریکە پیشەسازی‌یەکان لەکار کەوتوون، گووگل و فەیسبووک و ڕەنرەن و ئەلی بابا و ئەمازۆن بێ‌ کێشە کاردەکەن. 
ئەمڕۆ، کە دەستەبژێرەکانی سەردەمی زانیاریسازی لە سیلیکۆن ڤالی‌ی کالیفۆرنیا و ژونگوان جونی پەکین بە خشپەیی خەریکی خولقاندنی دنیایەکی نوێن بۆ ئێستا و داهاتووی ژیانی مرۆڤ، بڕیاربەدەستە سیاسی‌یەکان بە سیستەمێک دنیا دەبەن بەڕێوە، زادەی سەردەمە بەسەرچووەکەی پیشەسازی‌یە. ئەو سیستەمە لە ڤێرزیۆنە هەرە باڵا و بەهێزەکەیدا بریتی‌یە لە دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ و دەوڵەتی نەتەوە، کە ژیانی حیزبایەتی و هەڵبژاردنەکان و دەستوور و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەندیکاکانی کرێکاران و ئازادی‌ی بیروڕا و ڕۆژنامەوانی و زمانی ستانداردیان لێ کەوتوونەتەوە. هەموو ئەمانەش لەسەر یەک بنەمای سەرەکی هەڵچنراون، ئەویش وێنەی مرۆڤە وەک یەکەیەکی بەهابەرزی لەدابەشکردننەهاتوو و خۆلەخۆدا-ئامانج بە ئیرادەیەکی ڕەهای ئازادەوە؛ کە هەموو مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا یەکسان دەکا. تەبیعەتی پەیوەندی‌ی نێوان دەوڵەت و مرۆڤ لە وڵاتە پەرەسەندووەکاندا لەم بنەمایەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەماوەی ٣٠٠ ساڵی ڕابوردوودا لەسەر دەستی فەیلەسووفانی وەک لوک و ڕۆسۆ و کانت پەرەیانسەندووە، تا ئەوەی لە ناوڕاستی سەدەی ڕابوردوودا لە دەستوورنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک "مافەکانی مرۆڤ" جێی گرتووە.
ئەم وێنەی مرۆڤە، کە لە سیستەمی ئابووری‌ی پیشەسازی‌دا جێی دەبێتەوە، دەبێ بە بار بەسەر سیستەمی ئابووری‌ی زانیاریسازی‌یەوە. نەک هەر لەبەرئەوەی لە سیستەمە چۆنانەهەڵسووراوەکەدا، کە ئینسانی تێدا دەبێتە "فاکتەری لێتێکدان" ، جێ‌ی نابێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی خودی بنەماکەی لا بێبنەما دەبێ.
هەرچەندە هێشتا کۆدی "هۆش" نەشکاوە، بەڵام کۆبوونەوەی دەمارناسی و دەروونناسی و ئینفۆرماتیک لە پڕۆژەی هاوبەشدا هەنگاوی گەورەی هەڵهێناوە. پرسەکە ئەوە نییە، ئەو کۆدە دەشکێنرێ یان نا، بەڵکو ئەوەیە، وێنە هومانیستەکەی هۆش و ئیرادەی مرۆڤ وەک قوتوویەکی کەپسی لەهەڵپچڕان نەهاتوو شکاوە. ئێستا بەهۆی وێنەنوێنە موگناتیسی‌یەکانەوە (MRT) لەڕێی پێوانی بڕی ئۆکسجین و چالاکی‌ی ئۆکسجینگۆڕکێ لە دانەدانەی ناوچەکانی مێشکدا دەتوانرێ تا ڕادەیەک چاودێری‌ی بیرکردنەوەی ئینسان بکرێ و دەستکاریش بکرێ . ئەگەر ئەوە جارێ لەڕووی عەمەلی و ئەخلاقی‌یەوە ڕووی مەجلیسی نەبێ، ئەوا هەر ئێستا ئەو ئەلگۆریتمانەی لەپشت دنیای بە دیجیتاڵ تەنراوی دەوروبەرمانەوە لەڕێی بەکارهێنانی گووگل و فەیسبووک و ئەمازۆن و تیک تۆک و هتد زانیاریمان لەسەر کۆدەکەنەوە، تا ڕادەیەکی باش دەزانن چیمان لە دەست دێ و لەچی دەگەڕێین و مەیلمان بۆ چی‌یە. 
ئەمانە ئاڵەنگاری‌ی جددی دەخەنە بەردەم وێنەی مرۆڤ وەک یەکەیەکی خاوەن ئیرادەی ئازاد، کە ئاقیبەتی بڕیاردەریان لێدەکەوێتەوە بۆ داهاتووی سیستەمی دیموکراتی. شاراوە نییە پارتە سیاسی‌یەکان کەوتوونەتە شەڕکردن بۆ دەستگەیشتن بە داتا دیجیتاڵی‌یەکانی دەنگدەراندا. ڕووهەڵماڵران لە پەیوەندی‌ی نێوان داتا کڕراوەکانی کۆمپانیای کامبریج ئەتلانتیکا و هەڵمەتی بانگەشەکانی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٦ بەناوبانگن. دەزگای داتاپارێزی لە سویسرا، بۆ نموونە، پار لە هەوڵی ئەوەدا بوو کڕینەوەی داتای دەنگدەران و ڕیکلامی ئاراستەکراو لەسەر بناغەی لایکە فەیسبووکی‌یەکان لەلایەن پارتەکانەوە بە قانوون ڕێکبخا؛ دوای ئەوەی ئاشکرابوو پارتەکان لەو پێناوەدا بۆ هەڵبژاردنەکانی پایزی ٢١٠٩ کەوتبوونە خۆیان .
لە دنیا ئەنالۆگەکەی پیشەسازی‌دا مرۆڤ داتای لە کۆڕ و کتێب و ڕادیۆ و تەلەفیزۆن وەردەگرت، بێ ئەوەی مەجبوور بێ داتا بگێڕێتەوە. لە دنیا دیجیتاڵەکەی زانیاریسازی‌دا مرۆڤ پێش ئەوەی هیچ داتایەک وەربگرێ، داتا دەدا؛ نەخێر هەموو جووڵەیەکی، وەک ڕۆیشتن بەسەر ڕووپۆشی ئارددا، دۆکۆمێنت دەبێ. دنیای زانیاریسازی مرۆڤ لە گیانلەبەرەوە دەگۆڕێ بۆ داتالەبەر. لەبەر ئەوەشی هەموو داتالەبەرکان لەڕێ تەونە دیجیتاڵینە سەرانسەرەکانەوە پێکەوە بەستراون، ئەو مرۆڤەی سارتەر دەیگوت "مەحکوومە بە ئازادبوون" مەحکووم دەبێ بە کۆنترۆڵکران. لێرەوەیە سیستەمی تۆتالیتێری بەرز بە سەناعیبووی وەک چین پێشڕەوە لە بەدیجیتاڵکردنی هەموو بوارەکانی ژیاندا.
گومانم نییە، شۆڕشی زانیاری سیستەمی سیاسی‌ی خۆیی لێ دەکەوێتەوە و بە هەموو ئەم چەمک و بنەما فەلسەفی‌یانەی ئێستا و ڕەنگدانەوە سیاسی و قانوونی‌یەکانیاندا دەچێتەوە و لە چوارچێوەی پارادایمێکی نوێدا بژاریان دەکا و دەیانگۆڕێ و هی نوێیان بۆ زیاد دەکا. ئەوانەی لە ڕۆژگاری کشتوکاڵدا دەستیان بەسەر خاکدا گرت، دەستیان بەسەر سیاسەتیشدا گرت و سیستەمی دەرەبەگایەتی‌یان خستەوە. ئەوانەی لە ڕۆژگاری پیشەسازی‌دا دەستیان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا گرت، دەستیان بەسەر سیاسەتیشدا گرت و سیستەمی سەرمایەداری‌یان خستەوە. ئەوانەشی دەست بەسەر زانیاری‌دا دەگرن، درەنگ یان زوو دەست بەسەر سیاسەتیشدا دەگرن و سیستەمێکی نوێ دەخەنەوە. 
 ئەمڕۆ، کە شۆڕشی زانیاری لە قۆناغی گارکۆڵێدایە و هێشتا سیستەمی سیاسی‌ی خۆی بەرجەستە نەکردووە، پراگماتیکانە و دەنگنەکردووانە لەگەڵ سیستەمە سیاسی‌یە سەردەستەکانی ئەمڕۆدا هەڵدەکا. فەیسبووک و گووگل و ئەمازۆن و ئەوانە لە مانیفێستی فەلسەفەی کارکردنی خۆیاندا خزمەتەکانیان هێشتا لە چوارچێوەی بنەما مرۆڤپەرستەکانی وەک مافەکانی ئازادی‌ی ڕادەربڕێن و ئازادی‌ی دەستگەیشتن بە زانیاری و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤدا دەشەرعێنن. 
لەم قەیرانی پەتای کۆرۆنایەدا، کە سیاسەت لە سۆنگەی بەرپرسیاری‌ی دەوڵەت بەرانبەر ژیانی هاووڵاتی‌یەکانی‌ ئاشبەتاڵی بە ژیانی ئەنالۆگی کۆمەڵایەتی و پیشەسازی‌ کردووە، لە ڕاستی‌دا هەموو مەیدانەکەی بۆ کۆمپانیاکانی زانیاری چۆڵ کردووە. ئەو ڕووبەرە خۆی لە خۆی‌دا کەمەیشی بۆ پەیوەندی‌ی فیزیکی مابۆوە تەسلیم بە ڤایبەر و وەتسئەپ و تویتەر و فەیسبووک و ئینستاگرام و تیک تۆک کرد. هەڵبەت پەتاکە پڕیشکی زیانەکانی بەر زلکۆمپانیاکانی زانیاری‌یش دەکەوێ. هەندێک بەهۆی دابەزینی ژمارەی ڕیکلامەکانەوە پێشبینی‌ی ٤٤ ملیار دۆلار زیان تەنیا بۆ فەیسبووک و گووگل دەکەن. بەڵام کۆرۆنا بۆ کۆمپانیاکانی زانیاری نەک هەر قەیران نییە، بەڵکو دەرفەتێکی گەورەیە. دەوڵەتەکان بە گشتی نزیکەی ٩ تریلیۆن دۆلاریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی تەرخان کردووە. هەڵبەت ئەو بڕە پارە سێزدە خانەیی‌یە لە ئاسمانەوە نابارێ و درێژخایەن دەستی دارایی‌ی حکوومەتەکان کورت دەکاتەوە. ئەمە دەرفەتی باشتر بۆ کۆمپانیاکانی زانیاری دەڕەخسێنێ مەرجەکانی خۆیان بەسەر سیستەمی باج و یاسا تەشریعی‌یەکاندا بسەپێنن. ئەوان چاوی دوورمەودایان لەسەر پارە نییە؛ لەسەر دەسەڵاتە. ڕۆژنامەی فرانکفۆرتە ئەلگیماینەی ئەڵمانی سەبارەت بە کەرەنتینەبوونی سەرتاسەرانەی ئیتاڵیا و وەستانی دانیشتنەکانی پەرلەمان بە سەردێڕی گەورە نووسیوێتی: "ئیتاڵیا لەم قەیرانەدا لەڕێی فەیسبووکەوە حوکم دەکرێ".
لە مێژوودا زۆر جار پەتا گەورەکان تەرازووی هێزەکانیان گۆڕیوە. بە دووری نازانم ڕۆژگاری دوای کۆرۆنا ئەمەریکایەکی لاوازتر و چینێکی بەهێزتر بەخۆوە ببینێ. دەوڵەتێکی زۆر گەورە و بەهێزبووی وەک چین، کە سیستەمە سیاسی‌یەکەی فەردانێتی و مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی داتاپارێزی ناناسێ، هیچ شتێک دەستی ناگرێ هەموو ئیمکانییەتەکانی شۆڕشی دیجیتاڵ دانەدۆشێ بۆ زاڵبوون. لە کاتێکدا لای دەوڵەتە ڕۆژئاوایی‌یەکان زۆر جار بۆ ڕێدان بە دانانی کامێرای چاودێری و گوێهەڵخستن چەندان سەرئێشەی سیاسی و قانوونی و ئەخلاقی دەکەونەوە، لە چین و وڵاتانی هاوشێوەدا کات بەوانەوە بە فیڕۆ نادرێ. ڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ، نەک لە ئیدارەدانی ململانێ سیاسی و سەربازی‌یەکاندا باری شان قورس دەکەن، بەڵکو گرانیش لەسەر گیرفان دەکەون. ئەوروپا ٦ ملیار دۆلار دەدا بە تورکیا بەرانبەر بەوەی بە لێشاوی پەنابەر ئیبتیزازی نەکا. ئیبتیزازی لەو جۆرە هەگیز بەسەر چین و ڕووسیا و وڵاتانی هاوشێوەدا تێناپەڕێ. سەردەستبوونی چین مانای پەڕینەوە نییە بۆ نیزامێکی سیاسی کە بەرجەستەی شۆڕشی زانیاری بێ. بەڵام پرۆسەی ئەو پەڕینەوەیە هەنگاوێک خێراتر دەکا، چونکە ئەوە وا دەکا لە ئەمەریکا و ئەوروپادا سیستەمە پیشەسازی‌یە دیموکراتی‌یەکە زووتر و زۆرتر دەسەڵات لەگەڵ زلکۆمپانیاکانی زانیاریسازی‌دا بەشبکا.   
ئێمە وەک کورد هیچمان لە خێروبێری ئەم سیستەمە سیاسی‌یەی ئێستا بەرنەکەوتووە و بگرە یەکێک بووین لە دۆڕاو و قوربانی‌یە هەرە گەورەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدی لە ژیری‌یەوە بێ یان لە خووی ڕاهاتن بە ناسراوەوە، پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی لە سەدەی ٢٢دا زۆر ڕەشتر دەبینم وەک لە ئێستا. کوردستانیش، کە لەبەردەم فەرمانگەکانی‌دا هێشتا عەریزەنووس بە قەڵەم فۆرم بۆ موراجیعە ئایفۆن‌بەدەستەکان پڕدەکەنەوە، لە ئێستەوە چارەنووسێکی لەمەی ئێستا ڕەشتری بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. 
خوابکا، ئەمە هەمووی وا نەبێ! 


    وێنەکە لە سایتی (Computerbild.de)ەوە وەرگیراوە

 

[1]  https://www.quarks.de/gesundheit/medizin/corona-virus-das-wissen-wir/
[1]  Die Deutschen und ihre Gemüsen- Planet Wissen WDR 14.03.2019
[1]  گوتەی فۆتۆگرافەرێکی ئەڵمانە، کە بۆ فۆتۆگرتن بەسەر بەندەرە گەورەکانی جیهاندا گەڕاوە. لەو بەندەرە کاکی‌ بەکايیانەدا مرۆڤ نابینرێ، مەگەر تاکوتەرا لەو کابینە بچووکانەوە، کە چاودێري‌ی حەماڵە ئەلکترۆني‌یە زیرەکەکان دەکەن.
[1]  https://www.neues-deutschland.de/artikel/73551.wo-ein-wille-ist-ist-auch-bewegung.html
[1]  SRF، 28.01.2019، https://www.srf.ch/news/schweiz/wahlen-im-digitalen-zeitalter-buerger-haben-keine-wahlfreiheit-bei-ihren-daten


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×