دونیا بۆچی وای بەسەرهات؟

هاوکار حسێن
  2020-04-03     586

دەوترێت باڵندەی زیرەک بە دەنوک پێوەدەبێت. ئەو وڵاتانەی پێشتر سیستەمی تەندروستییەکانیان هێندە بەهێزبوو تەنها مردویان زیندونەدەکردەوە، ئێستا لەهەموان خراپتر بە داوی کۆرۆناوە بون، لەنمونەی ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و کەنەدا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی وایان بەسەرهات؟
لەو رۆژەوەی ئەم ڤایرۆسە بڵاوبۆتەوە، من سەرقاڵی لێکۆڵینەوەم لەم پرسیارە، ئەوەش کە تائێستا دەستگیرم بوە ئەمەیە:
یەکەم: لە ئەدەبیاتی رۆژانەی ئینگلیزەکاندا وشەیەک هەیە پێیدەڵێن: "underestimation"، واتە ژێرهەڵسەنگاندن. بەمانای ئەوەی کەسێک لێکدانەوەو حسابکردنی بۆ شتێک یان بابەتێک کورتدەهێنێت، یان وەک پێویست حسابی بۆ ناکات. دونیای خۆرئاوا لەسەرەتاوە توشی ئەم هەڵە کوشندەیە بون. پێیانوابو قەڵای سیستمی تەندروستیەکانیان لەوە بەهێزترە، کۆرۆنا بیلەرزێنێت. تەنانەت لەسەرەتادا کە بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، هۆشداریان لەبڵاوبونەوەی پەتاکە راگەیاند، وتیان پەیامەکەمان بۆ وڵاتە دواکەوتوەکانە، ئەوانەی سیستمی تەندروستیان فشۆڵە. ئەو رۆژەیش کە ترەمپ کۆبونەوەی هەبوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، لەکۆتایی دیدارەکەیان رۆژنامەنوسێک لەبارەی گەیشتنی یەکەمین حاڵەتی کۆرۆنا بە ئەمریکا پرسیاریکرد، بەڵام ترەمپ بەلوتبەرزییەکەوە وتی، هیچ نیە فشەیە، باشترین تیمی پرۆفێشناڵمان هەیە و عیلاجی دەکەین. بەڵام تا ترەمپ گەڕایەوە ئەمریکا، کۆرۆنا دەستی نایە بینەقاقای نەخۆشەکەی واشنتۆن و هەناسەی لێبڕی. ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن: رەنگە یەک چارەگە ملیۆن ئەمریکی ببنە قوربانی کۆرۆنا (بی بی سی). ئەم هەستی لوتبەرزییە داچۆڕابۆوە خوارەوە، چەندین کەسی کەنەدیم دواندبوو پێشتر، هەمویان پێیانوابوو کۆرۆنا ناگاتە لای ئەوان.
دوەم: چاوچنۆکی سیستمە ئابورییەکەیان و بەرژەوەندی کۆمپانیا گەورەکان لەوەدابو کە بابەتەکە بەجدی وەرنەگیرێت و خەڵک بەردەوامبن لە کارو بەرهەمهێنان. تەنانەت هەتا هەفتەی رابردو، ترەمپ داوای لەخەڵک دەکرد بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. ئەمە جگە لەوەی لەئاستی شەخسییدا، زۆربەی ئەوانەی قسەم لەگەڵ کردون دەیانوت: " من خەمی گیرفانمە، نەک جەستەم".
سێیەم: لەدوای دوەمین جەنگی جیهانیەوە، ئەوروپییەکان و ئەمریکییەکان بەبەردەوامی لە دۆخێکی جێگیر و سەقامگیردا بون، بەپێچەوانەی وڵاتانی شەرقی کە زۆرینەیان هیچ دە ساڵێکیان بەبێ کارەساتی گەورە بەڕێنەکردوە. ئەمەش وایکردوە خەڵکی خۆرئاوا ئەزمونی خۆپارێزیان لەبەرامبەر قەیرانەکاندا لاوازبێت و لە قەبارەی راستەقینەی مەترسیی ڤایرۆسەکە تێنەگەن. گەلانی خۆرهەڵات ئەوەندە نەهامەتیان چەشتوە، هەر ئاسمان کەمێک رووی گرژبکات، ئەوان ئیحتیاتی خۆیان خستوە. ئەمەیە وایکردوە ئێستا ئەمریکا و ئەوروپا لەدۆخی حەپەساندا بژین و خەریکە لە حاڵەتی بەرگرییەوە دەچنە حاڵەتی تەسلیمبون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×