گۆڕانکاری چاوەڕوانکراو ..

عارف روشدى
  2020-04-08     747
گوڕانکاری پروسەیەکی پێویستە بۆ نوێبونەوەو پێشکەوتنی ژیان و کومەڵگا ، بەلکو خەسلەت و هۆکاری مانەوەی مروڤایەتییە ، لە ئەنجامی هەڵکشانی کومەڵگای مروڤایەتی لە ڕووی چەندایەتی و چونایەتییەوە ، گورانکاری دەبێتە خواستێکی سروشتی و پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ بەردەوامبوون و گەشەکردنی پەیوەندییە هەمەرەنگی بەرێوەبردن و دابینکردنی کەشی لە باری نەش و نما ، گورانکارییەکان لەو سات و کاتانەدا ڕوودەدەن (ڕووداوگەلێک بێنە پێشەوە ) و دەبن بە خاڵی وەرچەرخان و کاریگەر و کارتێکەر لە سەر هەموو ئاستەکاندا.. دەرەنجامی هەردوو شەری جیهانی (گورانی سیستمی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و تەوژمی بالادەستی نێوان هێزە گەورەکان لێکەوتەوە) .
بۆیە وا مەزندە دەکرێت ، لە دوای کوتاییهاتنی نەخوشی کورونا ، کە دەکرێت بە شەڕی سێیەمی جیهانی ناوەزەدبکرێت ، گورانکاری لە شێوازی بەرێوەبردن و سەنگ و کاریگەری زلهێزەکان بەدی بێت ، لەو بوارەشدا وا چاوەرواندەکرێت (سیستمی یەک جەمسەری ، لیبراڵیزم و دیموکراسی ) کە ماوەیەکە ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی بونیادی زور بونەتەوە ، چیتر سەرمەشقی فەلسەفەی حکومڕانی جیهانی نەبن . بەزەقی کەم و کوڕی سیستمی ناوبراو لە ئاستی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەدیدی دەکرێن وەک : مانەوەی کێشە دێرینەکانی ناوچەی ڕوژهەڵاتی ناوەراست بە هەڵواسراوی (کێشەی گەلی کوردستان ، گەلی فەلەستین ، بزووتنەی پولیساریو ) هەروەها سەرهەڵدانی بزووتنەوەی نیشتیمانیی گەلانی (کەتالونیا ،کویبیک ،ئسکوتلاند و بە هێزبوونی ئاراستە نەتەوەیییەکانی ئەوروپا ) و دیارترینیان ( بریکزێت ، فریکزێت و ترەمپنیزم : ئەمریکا یەکەمە) .
ئەوەی دەبینرێت دەرەنجامێکی هەستپێکراوی تەنگژەی کورونا ، ئەوروپای هێناوە پەلاقاژەی لیکترازان ، هەر وڵاتێک خەریکی چارەسەری خوماڵییە و دەست بە توانا دارایی و زانستییەکانی خویەوە گرتووە و دورکەوتوتەوە لە پرینسیپی (هاوکاری و هەماهەنگی ) وەک پێوەرێکی بنەڕەتی پێرەوی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا ، لە لایەکی دیکەوە سیستمی تەندروستی ئەوروپا تا ئێستا بێ تواناییەکی زوری پێوەی دیارە و دەستەوەستانن لە ئاستی دوزینەوەی چارەسەرێکی ئەکتیڤ بۆ نەخوشی کورونا ،کە تاکو ئێستا زیاتر لە ملیونێک کەس توشی بونەتەوەو دەیان هەزار کەسیش کوچی دواییانکردووە بە تایبەتی لە (ئیتالیا ، ئەمریکا و ئەسپانیا ). سەرەرای سەرهەڵدانی تەنگژەیەکی قورسی ئابوری جیهانی و دور نییە بەم نزیکانە توانای لێی دەربازبونی نەبێت . بەم خوێندنەوە کورتە وا مەزندە دەکرێت بەلای کەمەوە چیتر (یەکێتی ئەوروپا ) وەکو خوی نەمینیتەوە و سیستمی فرە جەمسەری دووبارە شوێنگرەوەی سیستمی یەکجەمسەری بێتە کایەوە ، بەلای کەمەوە بێت بە (سیستمی دوانەیی ئەمریکی - چینی ) .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×