تاکەى سلێمانى سزا دەدەن؟

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2020-04-11     955

پەیوەندییەکانى  نێوان پارتى و یەکێتى ئایندەى هەرێمى کوردستانى  خستۆتە ئاستێکى زۆر مەترسیدارەوە، کە هەمو سنورەکانى ئەخلاق و ویژدان و ئینسانیشى تێپەڕاندوە. شەڕە قسەو بەیان دەرکردنى سەرانى یەکێتى و پارتى لەم ماوەیەى پێشو و کولانەوەى برینەکانى ناکۆکییەکانى ساڵى 1964 نێوان ئەم دو بەرەیە، کە خوێنى دەیان هەزار لاوى ئەم گەلەى تێدا ڕژاو ئێستاش هەر خۆیان بەرهەمەكەى دەخۆن. 

ڤایرۆسى کۆڕۆنا بۆ یەکەم جار لە هەرێمى کوردستان لە شارى سلێمانییەوە دەرکەوت. ئەو ڤایرۆسە لەڕێگاى ئەو هاوڵاتیانەوە کە بۆ مەبەستى گەشت و سەیران سەردانى ئێرانیان کردبو گواسترایەوە بۆ شارى سلێمانى.

یەکەم لێدوانى وەزیرى تەندروستى ئەوەبو بارودۆخى سلێمانى ئەوەندە خراپە، دەبێ وەکو زۆنى مەترسیدارحسابى بۆ بکرێت. هەندێکى تریش وەکو تانەو تەشەر باسى بڵاوبونەوەى  کۆرۆنایان دەکرد وەکو ئەوەى بڵێن ئيدارەى سلێمانى بێکەڵکەو هیچى لە بارا نییە.

لەبرى ئەوەى حسابێکى تایبەت بۆ ئەم زۆنە بکەن كە بەقسەى خۆيان مەترسیدارەو هەوڵى گەمارۆدانى ڤایرۆسەکە بدەن، دەرمان و تیوبى پشکنینیان وەک پێویست بۆ نەدەنارد، لەکاتێکدا بەهەمو پێوەرێکى زانستى دەبو حسابى تایبەتى بۆ بکەن چونکە چى لەڕوى ژمارەى دانیشتوان و هەمیش لەڕوى فراوانى سنورەکەى لەگەڵ ئێران کە کانگاى بڵاوبونەوەى ڤایرۆسەکەيە، شایەنى گرنیگدانى زیاترە.

ئەم دۆخە ڕێک بەو کاتە دەچێت کە شەڕى داعش لەوپەڕى گەرمیدابو لە گەرمیان و کەرکوک، بەڵام پارتى ئەوکات فیشەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانى 70 نەدەنارد بۆ ئەوەى تێكبشکێن. هەرچەندە ئێستا پاساویان هەیە بۆ زۆرى ژمارەى فەحس کردن لە هەولێر بەهۆى ئەو دو پرسەیەوە، بەڵام ئەو جیاوازییە هەر لە سەرەتاوە دیار بو خەڵک هەستى پێدەکردو پرسیارى دەکرد.

خۆشبەختانە ئیدارەى خۆجێی شارى سلێمانى بە ستافى تەندروستى و پارێزگارو قایمقام و هەمو لیژنەکان و هێزە چەکدارەکان بەهەمو بەشەکانیەوەو دواجار بەهۆى پابەندبونى هاوڵاتیان بە ڕێنمایەکانەوە، هیممەتێکى ئەوەندە بێ وێنەیان کرد کە شایانى سوپاس و ڕێز گرتنن و هەمومانیان قەرزدار کرد، ئەوەتا خەریکە مەترسى لەسەر شارى سلێمانى نەمێنێت. 
بۆ ئەوەى هیچ گومانێک لەبونى ڕق و کینە یان ناوچەگەرێتى لاى کەس نەهێڵمەوە، گرنگە ئاماژە بەچەند خالێک بکەم:

1-لە سەرەتادا ئیشارەتێکى کورتم بەوەدا کە لە کاتى شەڕى داعشدا سەرانى پارتى  چەک و تەقەمەنییان بۆ هێزەکانى 70 نەدەنارد لەکاتێکدا هاوپەیمانان دەیانهێناو هى پارتى نەبو.   هێزەکانى یەکێتى لەبەرەى پێشەوەى جەنگ لەشەڕ دابون و شەهیدو برینداریان دەداو هەندێک لەبەرپرسەکانى پارتیش قاچاخچییەتى نەوت و بازرگانى سەیارەى دەبڵ کابینەیان لەگەڵ داعش دەکرد. دوایی دەریشکەوت هەندێک لەو قاچاخچیانە سەر بە بنەماڵەى بارزانى بون و بەو بۆنەیەوە ئەوانى تریش سزانەدران.

2-هاوکات لەگەڵ دەرکەوتنى ڤایرۆسى کۆڕۆنا لە هەرێمى کوردستان، لەئەنجامى بارینى بارانێکى زۆر لافاو زیانى گەورەى بە دەڤەرى دهۆک و زاخۆ گەیاند. دەستبەجێ سەرۆکى حکومەت دو ملیار دینا رو سەرۆکى هەرێمیش بەجیا یەک ملیار دینارى وەکو کۆمەک بۆ ناردن.

کەس قسەى لەسەر ئەوە نییەو ئەوە ئەرکى حکومەتەو هاوڵاتیانى ئەو ناوچانەش خەڵکى ڕەسەنى ئەم وڵاتەن. بەڵام لەوکاتەوەى کە بومەلەرزە لەشارۆچکەى دەربەندیخانى داوە خەستەخانەیەک و خانوى پزیشکەکان  توشى زیانى گەورە بون و بەچۆڵى ماونەوەو نۆژەن نەکراونەوە. ئەى ئەو کاتە سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێم لەکوێ بون؟ ئەوە ئەوانن جیاوازى ئەکەن، يان ئێمە ناوچەگەرێتى ئەکەین؟

لەم قەیرانەدا سەرۆکى حکومەت دەچێت بایی یەک ملیۆن دۆلار سەیارە بۆ پۆلیسى هەولێر دەکڕێت، من ناڵێم ئەى سەیارە بۆ پۆلیسى نەکڕدراوە، بەڵکو ئەلێم لەم کاتەدا سەیارە بۆ پۆلیسى هەولێر پێویستتر بو لەدابینیکردنى پێویستى نەخۆشخانەکانى سلێمانى؟.

3-پارتى هەمیشە خەریکى جیاکارى بوە. ئەو کاتەى پاشەکەوتى موچە دەستى پێکرد، پارتى ناوى هەمو ئەندامانى لق و ناوچەى خستنە سەر لیستى هێزەکانى 80 و شمولى پاشەکەوتیان نەکرد. لەکاتێکدا هەمو چینوتوێژە ماندوەکانى تر ستەمى پاشکەوتى موچە گرتنییەوە.

4-شەقامى شەست مەترى و سەد مەترى و 150 مەترى و چەندین تونێڵ لەهەولێرو دهۆک تەواوبون، بەڵام شەقامى سەد مەترى سلێمانى خەریتەشى بۆ نەکراوە.  پێمان ناَڵێن پارەى ئەو شەقامانەى هەولێرو دهۆک لەکوێوە هاتون؟ ئەگەر هى حکومەتە بۆچى بۆ سلێمانى نییە؟.

باشە ئەم شارى سلێمانییە بۆچى هەمیشە غەزەبى لێگیراوە، ئایا هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ خراپبونیان، یان عاسى بونیانە لەزۆردارى و ناعەدالەتى؟  لەکۆتایی جەنگى جیهانى یەکەم  1914- 1918و دواتر لەسەردەمى حوکمڕانى مەلیک مەحموددا، ئینگلیزەکان چییان بە سلێمانى نەکرد. لە ئەیلولى ڕەشى 1930 لەبەر دەرکى سەرا چى بە سلێمانى نەکرا؟. لە 17ى شوباتدا پارتى و یەکێتیش چییان بە گەنجانى سلێمانى نەکرد؟

لەسەردەمى سەدام حوسەیندا لەهەمو پارێزگاکانى عێراقدا خەستەخانەیکى گەورە دروست کرا، تەنها لە شارى سلێمانى دروست نەکرا وەکو سزایەک بۆ عاسى بونیان لە حکومەت. بەلاى سەدامەوە سلێمانى سەرى مارەکە بو. بۆیە هەمیشە خەریکى کوشتن و بڕینبون لە سلێمانى. لە بیرتان نەماوە ساڵى 1963 زەعیم سەدیق چى بە سلێمانى نەکرد؟

باشە دەپرسم بۆچى لەژێر سایەى دەسەڵاتى کوردیشدا سلێمانى توشى هەمان چارەنوس بۆتەوەو هەمیشە خەریکى سەرکوتکردنین؟ پارتى بۆچى بەمشێوەیە دەڕوانێتە شارى سلێمانى و چی لە دانیشتوانى ئەم شارە دەوێت؟

ئایە بەلاى پارتیشەوە سلێمانى هەر سەرى مارەکەیە؟ مەسعود بارزانى و نێچیر بارزانى لەماوەى چەند ساڵى ڕابردودا چەندجار سەردانى توکیاو ئوردن و وڵاتانى کەنداویان کردوەو چەند جاریش سەردانى دەڤەرى ئەنفال و کیمیابارانى هەڵەبجە و سلێمانییان کردوە؟ ئەوە ماناى وایە ئەم بەشە بە وڵاتى خۆیان نازانن.

ئەگەر وانییە، ئەى هەمو ڕق و دوژمنایەتییە چییە بەرامبەر بە سلێمانى؟ باشە کەسێک ئەم هەمو جیاوازیانە بەچاوى خۆى ببینیت چۆن گومان ناکات؟ چۆن باوەڕ بەوە دەکات ئەمانە بتوانن سەرکردایەتى ئەم وڵاتە بکەن.

ئەمەوێت ئەوەش بڵێم ئەم نوسینەم دورو نزیک پەیوەندى نییە بە بەرگرىکردن لە سەرانى  یەکێتى، چونکە ئەوەى یەکێتى بە شارى سلێمانى کردوە هیچى کەمتر نییە لەوەى پارتى کردویەتى و دەیکات. پارتى سلێمانى وەکو نیچیرێک خنکاندوەو بەرپرسانى یەکێتیش خەریکى لەتوپەتکردنى لاشەکەین. بەرپرسەکانى زۆنى سەوز، یەکێتى و ناوى یەکێتى و شەهیدانى یەکێتى بۆ مەرامى دەوڵەمەندکردنى خۆیان بەکاردێنن. لێرەدا هەقى خۆیەتى ئەم پرسیارە بکەین:

با بڵێین  پارتى ڕقى لە زۆنى سەوزەو ڕێگریشە لەوەى هیچى بۆ بکرێت و پێشبکەوێت. ئەى  تا ئێستا سەرانى یەکێتى  چیان بۆ ئەم زۆنە کردوە؟ ئەى بۆ هیچى  بۆ ناکەن و هەر خەریکى تاڵانکردنین؟.

زۆنى سەوز دو جۆر سزاو چەوسانەوەى لەسەرە. لە لایەک سزاى پارتى کە لەزۆرێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بێبەشى کردوە، ئەوە باسى پرۆژەى ستراتیجى هەر ناکەین و چاوەڕێشیان لێناکەین. لەلایەکەى تریشەوە سزاى سەرانى یەکێتیە، کە خۆیان کردۆتە وارس و دەمسپى تێکۆشەران و شەهیدان و ئەم زۆنەیان فەرهود کردوە.  


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×