حوکمڕانی واناکرێت، بەسە، خەریکە بێلەزەت ئەبێت

ئاری هەرسین
  2020-04-12     1528
ئاری محەمەد هەرسین

چەند ڕۆژێکە مەسەلەی (ڕادەست کردنەوەی یان نەکردنەوەی) مستەفای سەلیمی مانشێتی تۆڕە کانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی داگیر کردوە. سەیر لەوەدایە لەوەتەی ئەم ڤایرۆسی کۆرۆنایە ڕوی لە جیهان و کوردستانیش کردوە، ئەوەندەی خۆمان خەریک کردوە بە ناشیرین کردنی یەکترەوە، نیو هێندە بەڵای گشتگیری کۆرۆنا یەکی نەخستوین. مەسەلەی کاک مستەفای سەلیمیش ئەو دوا دڵۆپەیە کە جامەکە سەرلێو ئەکات و ئیتر لێی ئەڕژێت و، ئەم چیریکە هەموو جارێک و هەر جارەی بە جۆرێ، دووبارە و چەندبارە ئەبێتەوە.

هەرچی میللەتانی دونیایە خەریکی خۆ کۆکردنەوە و خۆڕێکخستنەوەن، کەچی ئێمە تازە بە تازەیی زوڕنا لە سەر ئاوازی سەردەمی شەڕی براکوژی لێ ئەدەین. سەری میللەتانی تر بە دابینکردنی ئاوی پاک و خواردەمەنی، سوتەمەنی و تۆکمەکردنی دەزگای تەندروستیەوە دێشێ، ئێمەش لە بری ساڕێژ، برینی زیاد لە پەنجا ساڵ لەمەوبەر هەڵدەدەینەوە و، وەک ئەوەی لە سروشتمانەوە کەسایەتی سادیست بین، ئازاری خۆمان ئەدەین…!

مەبەستی ئێمە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە حوکمڕانی هاوبەش چیە؟… بۆ خزمەت و لە پێناو خۆشگوزەرانی میللەتەکەمانە؟… بۆ پاراستنی کەرامەتی خەڵکی کوردستانە؟… بۆ داڕشتنەوەی متمانە، سڕینەوەی دڵەڕاوکێ و ئاسەواری ئەو ڕق و کینەیەیە کە مێژووی نیو سەدەی تێپەڕاندوە…؟ ئەگەر ئەمانە نیە ئەی چیە؟

مەسەلەی ڕادەستکردنەوە یان نەکردنەوەی کاک مستەفای سەلیمی چەند ڕەهەندێکی ئینسانی (ئەخلاقی)، نیشتیمانی و قانونی هەیە. ئەوەندەی ئاگادارین بەڕێز سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی تایبەتی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە پێکهێناوە، هەر حکومەت خۆشی پەیووەندیدارە بەو مەلەفەوەو دەبێت یەکلای بکاتەوە و، کەسی تر نا. ئیتر چ پێویست ئەکات لەشکرە بەکرێگیراوەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە دوای سەعات شەشی ئێوارەوە خەفەر بن  و هەرچی سنووری ئەخلاقیاتی نیشتیمانی هەیە بیبەزێنن و ببنە خۆراک و سوتەمەنی شەڕێکی نەخۆش و نەگریس و، هەموو شیان خۆیان بە دڵسۆز بۆ حیزبەکانی خۆیان بزانن!… دلسۆزی و وەفا بۆ حیزب لە جێی خۆیەتی و مافی ئەندامێکی حیزبە، بەڵام ئەدی دڵسۆزی بەرامبەر میللەت و خاکی پیرۆزی کوردستان؟… کام یەک لەم دڵسۆزیانە ئەولەویەتیان هەیە؟… بە لاڕێ بردنی حیزبایەتی لەژێر کەپر و دروشمی دڵسۆزیا، یان سەقامگیری کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان؟… ئەم ئوسلوبەی حیزبایەتی خەریکە ئەبێتە دیاردە، کە ئەوەش ڕویدا ئەوا ئەبێتە هۆی گرێ و قەیرانێکی سۆسیۆلۆژی، کە عاقیبەتی زۆر مەترسیداری هەیە چونکە مەسەلەی ئەخلاقی ئینسانی و نیشتیمانیمان ئەباتە ژێر پرسیارەوە. ئەوە جگە لەوەی ئەم جۆرە لە تەعامەلکردن لەگەل یەکتر گەورەترین ڕێگرە لەبەردەم بەرەو پێشەوە جوون و گەشەی ئەم هەرێمە. بۆ لێناگەڕێن حکومەت بە ئەرکی خۆی هەستێت و ئیشی خۆی بکات؟

ئەگەڕێمەوە سەر ئەو پرسیارانەی کە لە سەرەتای ئەم گوتارەدا خۆیان قوت کردەوە. ئەگەر ئێمە (هەموو حیزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان) ناتواننین پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە بەرین، با چی دی خۆشمان و خەڵکیش هەڵنەخەڵەتێنین، هەروەک پێشتریش باسم کردوە، با زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوەو هەر کەس لەماڵی خۆی، چونکە بەڕاستی ئەم یەکتر ڕەشکردنە خەریکە بێ لەزەت ئەبێت و حوکمڕانیش وا ناکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×