میدیا‌و دۆسیەی مستەفا سەلیمی

کامیل عومەر
  2020-04-14     579
لەچەند رۆژی رابردودا، زۆر هەواڵ‌و راپۆرات لە میدیا فەرمی‌و سێبەرەكان‌و سۆشیاڵ میدیادا سەبارەت بە دۆسیەی (مستەفا سەلیمی) بڵاوكراونەتەوە‌و بەووردی سەرنجی زۆربەیانم داوە، سەمەرەكە لەوەدایە،  هەندێ‌ لەو میدیا‌و میدیاكارانەی كە خۆیان بە پرۆفێشناڵ دەزانن‌و بەحساب پیشەییانە كاریان لەم دۆسیەیەدا كردووە، كەوتونەتە هەمان هەڵەی میدیا حزبی‌و سێبەرەكان‌و هێندەی تر دۆسیەكەیان لێل‌و تەمومژاویی كردووە.
لێرەدا بەخێرایی چەند تێبینیەك لەبارەیانەوە دەخەمەڕوو:
یەكەم: زۆربەیان  لایەنگیرییان پێوەدیارە‌و لەژێر سێبەری ئەو ململانێی سیاسیەدان كە لەبارەی پرسەكەوە دروستبووە‌و دابەشبوون بەسەر یار و نەیار.
دووەم: زانیارییەكان زیاتر لە دەستی دوو وەرگیراون‌و بەڵگەو دیكۆمێنتی پێویستی قەناعەتپێكەریان بۆ سلەماندنی راستی‌و دروستی زانیارییەكان نەخستوووەتەڕوو. 
سێیەم: زۆربەیان كێشەی نەبوونی سەرچاوەیان هەیە‌و  نەگەیشتوون بەسەرچاوەی یەكەم‌و متمانەپێكراو.
چوارەم: بۆ ئامادەكردنی ئەو هەواڵ‌و راپۆرتانە،  ئامادەبوونی مەیدانی لە شوێنی  روداوەكان نەبووە‌و لەدووری رووداوەكان ئەنجامدراون، لەكاتێكدا كاری رۆژنامەوانی، پێویستی بەئامادەبوونی مەیدانی هەیە، چونكە ناكرێت رۆژنامەنوس  راستگۆیانە هەواڵ‌و زانیارییەكان بگوێزێتەوە، بەبێ‌ نزیكبوون‌و ئامادەبوونی لەشوێنی رووداوەكە.
ئەم دۆسیەیەی مستەفا سەلیمی، پێویستی بە لێكۆلێنەوەیەكی ووردی بنكۆڵكاری هەیە كە تیایدا رۆژنامەنوسەكە مەیدانیانە، شوێنپێی هەموو هەنگاوەكانی رووداوەكە لە زیندانەكەی سەقزەوە تا ئەو شوێنەی لێی دەستگیركراوە،  هەڵبگیرێت،  سەرباری ئاماژەدان بە ووردەكاری دۆسیەكەی كە كەی‌و لەكوێ‌‌و چۆن‌و بۆچی دەستگیركراوە،  ئەمەش هەم پێویستی بە (كات) هەیە، هەم پێویستی بە رۆژنامەنوسێكی شارازا‌و لێهاتوو چاو نەترس هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×